سه‌رۆک کۆمارى عێراق و سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان کۆبونه‌وه‌

3/30/2015 2:49:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز 

رۆژی دوشه‌ممه‌ 30 ى مارسى  2015 ، فوئاد مه‌عسوم  سه‌رۆک کۆمارى عێرق  له‌ کۆشکی سه‌لام له‌ به‌غداد پێشوازیکرد له‌ بان کی مون سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان و پێکه‌وه‌  گفتوگۆیان کرد له‌ باره‌ی نێوانی عێراق و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان و رێوشوێنه‌کانی  په‌ره‌پێدانی رۆڵی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان و کۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیی بۆ پشتیوانیکردنی گه‌لی عێراق له‌م جه‌نگه‌ی دژی تێرۆر و یارمه‌تیدانی حکومه‌تی عێراق له‌ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ناوچه‌ تازه‌ رزگاربوه‌کانی بن ده‌ستی  تاقمی داعشی تێرۆریست و کۆتایی هێنان به‌ مه‌ینه‌تیی ئاواره‌ بوه‌کان.

 هاوکات چه‌ندین مه‌سه‌له‌ی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیی جێ بایه‌خی هاوبه‌شی هه‌ردو لا  بیروڕایان له‌باره‌وه‌ ئاڵوگۆڕ کرا ،سه‌رۆک کۆمار به‌خێرهاتنی نوێنه‌ری نوێی سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کانیشی کرد له‌ عێراق .

هه‌ر له‌و دیداره‌دا سه‌رۆک کۆمارى عێراق سوربونی عێراقی دوپاتکرده‌وه‌ بۆ ریشه‌ کێش کردنی تێرۆر و سه‌رچاوه‌کانی له‌ عێراقدا ،قوربانییه‌کانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵیی و هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدی شه‌عبیی و عه‌شایره‌کانی به‌رز نرخاند که‌ له‌ دژی تاقمی داعشی تێرۆریست  ده‌جه‌نگن ،ستایشی رۆڵی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیشی کرد له‌ پشتیوانیکردنی هێزه‌ هاوبه‌شه‌کاندا.

به‌ڕێزیان رونیکرده‌وه‌ که‌ عێراق به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌نگاو نان بۆ به‌دیهێنانی ئاشتبونه‌وه‌ی گشتیی سه‌رتاسه‌ریی و راسته‌قینه‌ که‌  جگه‌ له‌ تێرۆریسته‌کان هه‌موان ده‌گرێته‌وه‌  و به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌مو پێکهاته‌و و پارێزگاکانیش ره‌چاو ده‌کات و رێزیان ده‌گرێت . 

سه‌رۆک کۆمار داوایکرد نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان  یارمه‌تی عێراق بدات بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی  دوملیۆن ئاواره‌  که‌ تێرۆر بێ ده‌ره‌تانی کردون و زیانی زۆری داوه‌ له‌ ماڵ و حاڵ و ناوچه‌کانیان . 

 له‌ ته‌وه‌ره‌یه‌کی تردا سه‌رۆک کۆمار گرنگی یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی قه‌یرانی هه‌ندێک له‌ ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای دیالۆگ و لێک تێگه‌یشتنی ناوخۆیی و دور  له‌ ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌کیی  دوپاتکرده‌وه‌ ، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شکرد  که‌ زۆر گرنگه‌ کێشه‌ی یه‌مه‌ن و سوریا به‌ دان و ستان چاره‌سه‌ر بکرێت  و سه‌روه‌ریی و سه‌ربه‌خۆیی و یه‌کێتیی هه‌ردو وڵاتیش بپارێزرێت و رێزی ئیراده‌ی گه‌له‌کانیان بگیرێت له‌ دامه‌زراندنی سیستمێکی دیموکراسیی هه‌ڵبژێرراو.

لای خۆشیه‌وه‌ سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان هاوپشتیی و هاریکاریی کۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیی  بۆ عێراق دوپاتکرده‌وه‌ له‌ جه‌نگه‌که‌ی دژی تێرۆر ، ده‌ستخۆشیی له‌ هه‌نگاوه‌کانی عێراق کرد که‌ بایه‌خ ده‌داته‌ سه‌رخستنی ئاشتبونه‌وه‌ی گشتیی و بنبڕ کردنی ناکۆکییه‌ ناوخۆییه‌کان ، داوایشیکرد رێزی به‌رژه‌وه‌ندیی دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌ بگیرێت که‌ به‌م دواییه‌ له‌ چنگی تێرۆر رزگاریان بوه‌ و ئاوه‌دان بکرێنه‌وه‌ و ئۆقره‌ییان بۆ دابین بکرێت به‌و جۆره‌ی که‌ چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاتی قانون و به‌رهه‌مه‌کانی ئاشتیییان بۆ زامن بکرێت له‌و که‌سانه‌ش بپێچرێته‌وه‌ که‌ به‌رپرسیاری هه‌ر پێشێلکردنێکی مافه‌کانی مرۆڤن  .

بان کی مون رونیکرده‌وه‌ که‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان چه‌نده‌  بایه‌خ ده‌دات به‌ پشتیوانیکردنی عێراق له‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی کێشه‌ی ئاواره‌ و په‌نابه‌ره‌کان له‌ رێی  هاندانی  کۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیی  بۆ به‌شداریکردن له‌ سوک کردنی مه‌ینه‌تیی و نه‌هامه‌تیی ئه‌و بێ نه‌وایانه‌ .


زۆرترین خوێندراو