سه‌رۆک کۆمارى عێراق : هه‌وڵدان بۆ چاککردنی باری پیشه‌یی و گوزه‌ران و قانونیی کرێکاران دوپات ده‌که‌ینه‌وه‌

4/30/2015 2:52:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز

فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆک کۆمارى عێراق به‌ بۆنه‌ی هاتنی یه‌کی ئایار ،رۆژی جیهانیی کرێکارانه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ ژنان و پیاوانی کرێکاری عێراق ده‌کات و هه‌روه‌ها هه‌وڵدان بۆ چاککردنی باری پیشه‌یی و گوزه‌ران و قانونیی کرێکاران دوپات ده‌کاته‌وه‌.
 
 ئه‌مه‌ش ده‌قی پیرۆزباییه‌که‌یه‌ :
 
 
له‌گه‌ڵ هاتنی جه‌ژنی جیهانی کرێکاراندا گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ رۆڵه‌کانی چینی کرێکار ده‌که‌ین له‌ عێراق  شانازیی ده‌که‌ین به‌ مێژوی خه‌بات و قوربانییه‌کانی ئه‌م چینه‌ له‌ پێناوی ئازادیی  و دادپه‌روه‌ریی عێراق  و بنیاتنانی دیموکراسییه‌یدا .

به‌ درێژایی ئه‌م مێژوه‌،سه‌رباری  نه‌هامه‌تییه‌کانیان له‌ سایه‌ی رژێمه‌ سته‌مکار و زۆرداره‌کاندا ،چینی کرێکارانی عێراق شانبه‌شانی چین و توێژه‌ نیشتمانییه‌کان به‌شداریی خه‌باتی سیاسییان کردوه‌ به‌ ئامانجی به‌دیهاتنی دیموکراسیی ، خه‌باته‌که‌یان هه‌ر له‌ سنوری داواکارییه‌ چینایه‌تیی و پیشه‌ییه‌کانیان قه‌تیس نه‌بوه‌ به‌ڵکو هه‌میشه‌ داواکارییه‌کانیان پێکه‌وه‌ گرێداوه‌ به‌ ئامانجه‌ نیشتمانییه‌ باڵاکانی گه‌ل که‌ خۆی له‌ بنیاتنانی ده‌وڵه‌تێکی دیموکراسیی فیدراڵی ئازاد ده‌بینێته‌وه‌.

له‌م بۆنه‌ گه‌وره‌یه‌دا، له‌ کاتێکدا ژنان و پیاوانی کرێکار له‌ عێراق له‌گه‌ڵ کرێکارنی جیهان دا به‌شداری ئه‌م ئاهه‌نگه‌ ده‌که‌ن،  سڵاو  و شانازیکردنمان به‌ شه‌هیدانی چینی کرێکار و  هه‌وڵه‌ مه‌زنه‌کانی   کرێکارانی پێشه‌نگی خه‌باتی رێکخراوه‌ سه‌ندیکایی و پیشه‌ییه‌کان  دوپات ده‌که‌ینه‌وه‌ ،ئاشکراشه‌ که‌   مێژوی ئه‌م قوربانیدان و قاره‌مانێتییه‌ به‌شێکی زیندوی مێژوی دیموکراسیی عێراقه‌ .

به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ هه‌وڵدان بۆ چاککردنی باری پیشه‌یی و گوزه‌ران و قانونیی کرێکاران دوپات ده‌که‌ینه‌وه‌.

دوباره‌ بنیات نانه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ پیشه‌سازییه‌کان و نوێکردنه‌وه‌یان ، هاندانی که‌رتی تایبه‌تی  پیشه‌سازیی نیشتمانیی ، ره‌خساندنی هه‌لومه‌رجی گونجاو بۆ هێنانی کۆمپانیاکانی وه‌به‌ر هێنان له‌ هه‌مو بواره‌کان و پێداگریی له‌سه‌ر ره‌خساندنی هه‌لی کار بۆ عێراقییه‌کان ،ئه‌وانه‌ هه‌موی ئه‌رکی هه‌نوکه‌یی و به‌په‌له‌ن ، ده‌بێت لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانی ده‌وڵه‌ت بیکه‌نه‌ خه‌می خۆیان به‌ تایبه‌تی له‌م بارودۆخه‌ دارایی و ئابورییه‌ی که‌ وڵات پێوه‌ی ده‌نالێنێت.

پیرۆزبایی گه‌رممان بۆ ژنان و پیاوانی کرێکاری عێراق دوباره‌ ده‌که‌ینه‌وه‌، له‌رێی ئه‌وانیشه‌وه‌ بۆ هه‌مو کرێکارانی جیهان..

هه‌مو ساڵێک عێراق هه‌ر له‌ خۆشیی و ئاشتیدا بێت .
 
فوئاد مه‌عسوم 
سه‌رۆک کۆمار 


زۆرترین خوێندراو