په‌یامى سه‌رۆک کۆمار له‌ یادى ساڵڕۆژى دامه‌زراندنى سوپادا

1/5/2016 5:42:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ 5 ى کانونى دووه‌مى 2016 به‌ڕێز سه‌رۆک کۆمار فوئاد مه‌عسوم له‌ په‌یامێکى ته‌له‌فزیۆنیى دا به‌ بۆنه‌ى یادى دامه‌زراندنى سوپاى عێراقه‌وه‌ پیرۆزبایى له‌ گه‌ل و سوپا و هێزه‌ چه‌کداره‌کان کرد و گرنگیى پیشه‌یى سوپاى دوپاتکرده‌و تا بگاته‌ ئاستى سوپاى وڵاتانى دیموکراسیى و سوپاى پاراستنى سه‌روه‌ریى و سه‌ربه‌خۆیى وڵات بێت، ئه‌مه‌ش دقى په‌یامه‌که‌یه‌:

ئه‌ى گه‌لى عێراقى به‌ڕێز 

ئه‌ى قاره‌مانانى سوپاى دلێرمان و هێزه‌ چه‌کداره‌کانمان 

له‌ شه‌شى کانونى دوه‌مدا به‌ پێزانین و شانازییه‌وه‌ یادى ساڵڕۆژى دامه‌زراندنى سوپاى نه‌به‌زى عێراق ده‌که‌ینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا هه‌مو ساڵێک سه‌روه‌رییه‌ نیشتمانیى و قاره‌مانییه‌تیه‌کانى سوپا و هێزه‌ چه‌کداره‌کانیش به‌بیر دێنینه‌وه‌.

ئه‌م بۆنه‌ له‌ دڵا شیرینه‌ى عێراقییه‌کان له‌ کاتێکدایه‌ که‌ گه‌لى عێراق شانازیى ده‌کات به‌ سه‌رکه‌وتنه‌ گرنگه‌کانى جه‌نگاوه‌رانمان له‌ هه‌مو به‌ره‌کانى ئه‌و جه‌نگه‌ پیرۆزه‌دا که‌ له‌ دژى تێرۆر و توندڕه‌ویى و داکۆکیکردن له‌ ئازادیى و شکۆیى وڵات و ئاسایش و ئاشتیى و ئۆقره‌یى هاوڵاتیان دا به‌رپاکراوه‌.

ئه‌و سه‌رکه‌وتنانه‌ گرنگیى چێ‌ کردنه‌وه‌ى هه‌وڵه‌کانى بنیاتنانى هێزه‌ چه‌کداره‌کان و گه‌شه‌پێدان و په‌ره‌پێدانیى کاریگه‌رییه‌کانیان له‌ روى پیشه‌یى و مه‌شق و پێ‌ چه‌ک کردنیانه‌وه‌ دوپات ده‌کاته‌وه‌ به‌و جۆره‌ى یارمه‌تى ده‌رى درێژه‌ پێدانى ئه‌و قاره‌مانێتییه‌ مه‌زنانه‌یان بن که‌ تۆمارى ده‌که‌ن له‌ یه‌کێک له‌ سه‌خت ترین شه‌ڕه‌کانى نێوان سوپایه‌کى پیشه‌یى سه‌ربازیى دژى چه‌ته‌ تێرۆریسه‌کان که‌ جیاوازیى ناکه‌ن له‌ نێوان خه‌ڵکى مه‌ده‌نیى و هێزى سه‌ربازییدا، هیچ به‌به‌رستێکیش نییه‌ له‌به‌رده‌م تاوانه‌ قێزه‌ونه‌کانیاندا، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت که‌ به‌ سزاى خۆیان بگه‌ن ئه‌ویش ریشه‌کێشکردنیانه‌ به‌ یه‌کجاریى و رزگارکردنى وڵات و مرۆڤایه‌تییه‌ له‌ شه‌ڕه‌نگێزیى و دڕنده‌ییه‌کانیان.

دیاره‌ گرنگترین ده‌ستکه‌وتى سه‌رکه‌وتنه‌کانى ئه‌م دواییه‌ى سوپاکه‌مان و هێزه‌ چه‌کداره‌کانمان له‌م جه‌نگه‌دا خاتر جه‌م بونى عێراقییه‌کانه‌ که‌ متمانه‌یان به‌ سوپا و تواناکانى په‌یدا کردۆته‌وه‌ بۆ به‌دیهێنانى ئه‌وه‌ى لێى چاوه‌روان ده‌کرێت بۆ پاراستنى گه‌ل و شاره‌کان و پاککردنه‌وه‌یان له‌ تاوانباران. به‌مه‌ش به‌ها و قوڵیى په‌یوه‌ندیى نێوان گه‌ل و سوپا و هێزه‌ چه‌کداره‌کانى دوپات ده‌بێته‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌ک که‌ گه‌ل له‌م چه‌ند ساڵه‌دا شێلگیرانه‌ ده‌رى بڕى و جه‌ماوه‌ر بوه‌ پشت و په‌ناى هێزه‌ چه‌کداره‌کانى له‌کاتى به‌رگریکردنییان له‌ عێراق و ئاسایش و ئازادییه‌که‌ی.

تێپه‌ربونى بۆنه‌ى دامه‌زراندنى سوپا قاره‌مانه‌که‌مان له‌م هه‌لومه‌رجه‌ له‌باره‌دا، داوامان لێ ده‌کات پێ داگریى بکه‌ین له‌سه‌ر گرنگیى په‌ره‌پێدانى پێودانگه‌ پیشه‌ییه‌ سه‌ربازییه‌کان له‌ سوپاکه‌ماندا تا بگاته‌ ئاست و خه‌سڵه‌تى سوپاکانى وڵاتانى دیموکراسیی، و سوپاى هه‌مو عیراقییه‌کان بێت و بۆ پاراستنى سه‌ربه‌خۆیى و سه‌روه‌ریى وڵات بێت.

به‌م بۆنه‌ نیشتمانییه‌ مه‌زنه‌وه‌، گه‌رمترین پیرۆزبایى پێشکه‌ش ده‌که‌م به‌ هه‌مو عێراقییه‌کان به‌ تایبه‌تیى بۆ قاره‌مانانى سوپا و هێزه‌ چه‌کداره‌کان.
گه‌رمترین هه‌ست و پیرۆزبایى بۆ خانه‌واده‌کانى ئه‌و قاره‌مانانه‌ى که‌ ئێستا دور له‌ خێزانه‌کانیان له‌ گۆره‌پانه‌کانى شه‌ره‌فدا ئاهه‌نگى یاده‌که‌ ده‌گێڕن.

درود و به‌زه‌یى یه‌زدان بۆ شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌کانمان.. چاکبونه‌وه‌ى هه‌رچى زوتر بۆ برینداره‌ قاره‌مانه‌کانمان.

هه‌مو ساڵێک عێراق سوپاکه‌ى و هێزه‌ چه‌کداره‌کانى هه‌ر له‌ شکۆیى و سه‌ربڵندیدابن.


زۆرترین خوێندراو