عه‌بادى : تاکۆتاى ئه‌مساڵ داعش له‌ عێراق کۆتایى دێت

2/11/2016 9:51:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز
 

حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق، له‌ سه‌ردانێکى فه‌رمى گه‌یشته‌ رۆما  و له‌گه‌ڵ ماتیۆ رێنزى سه‌رۆک وه‌زیرانى ئیتاڵیا  کۆبۆوه‌.

دوابه‌دواى کۆبونه‌وه‌که‌ش ر سه‌رۆکروه‌زیرانى عێرا و ئیتاڵیا کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانى هاوبه‌شیان ساز کرد.

  ماتیۆ رێنزى رایگه‌یاند وه‌ک دوو وڵاتى دۆست هه‌وڵێکى زۆر بۆ چه‌سپاندنى سه‌قامگیرى و به‌رقه‌رارکردنى ته‌بایى له‌ عێراق ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ.

 سه‌رۆک وه‌زیانى ئیتاڵیا وتی: "درێژه‌ به‌ پشتگیریى عێراق له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ دژى داعش ده‌ده‌ین. پێویسته‌ داعش ئه‌وه‌ بزانێت که‌ شکست ده‌هێنێت و عێراق و گشت کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت. ئه‌مه‌ش ته‌نها به‌ ده‌ستپێشخه‌رى له‌ڕووى کولتووری، ئابوورى و په‌یوه‌ندى دیپلۆماسى کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى دێته‌ ئاراوه‌".

 ئه‌وشى رونکرده‌وه‌ که‌  داعش توشى شکست هاتووه‌و له‌چند شوێنێک پاشه‌کشێى کردووه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ خاکێکى زۆرى له‌ده‌ست داوه‌ 

له‌لاى خۆیه‌وه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆکوه‌زیرانى عێراق، ستایشى ئیتاڵیاى کرد بۆ  پشتگیرى  عێراق و رایگه‌یاند ئیتاڵیا له‌ مه‌شق پێکردنى هێزه‌کانى عێراق رۆڵێکى گرنگ ده‌گێرێت.

عه‌بادى ئاماژه‌شى به‌وه‌ دا که‌ کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له‌باره‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر، مه‌شق و راهێنانى به‌ هێزه‌کانى عێراق داوه‌ و وتیشی: "له‌ خاکه‌کانى عێراق بێجگه‌ له‌ هێزه‌کانى عێراق هیچ هێزێکى دیکه‌مان ناوێت. ده‌مانه‌وێت تاوه‌کو کۆتایى ئه‌مساڵ کۆتایى بوونى داعش له‌ عێراق بهێنین".

سه‌رۆکوه‌زیرانى عێراق روونیشى کرده‌وه‌ که‌ له‌ شارى رومادى گورزێکى گه‌وره‌یان له‌ داعش داوه‌ و هیواى خواست هه‌مان سه‌رکه‌وتن له‌ رزگارکردنى شارى مووسڵیش به‌ده‌ست بهێنن.

هاوکات عه‌بادى تیشکى خسته‌ سه‌ر نۆژه‌نکردنه‌وه‌ى به‌نداوى مووسڵ له‌ لایه‌ن کۆمپانیاى تریڤى ئیتاڵیا و له‌وباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند: "پێویسته‌ خێرا کۆمپانیا ئیتاڵییه‌که‌ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ له‌ به‌نداوه‌که‌ ده‌ست پێ بکات و دابینکردنى ئاسایشى ئه‌ندازیاز و کرێکاران له‌وێ بێته‌ئاراوه‌. بۆیه‌ پێویسته‌ کۆمپانیا ئیتاڵییه‌که‌ له‌ ماوه‌یه‌کى که‌مدا بگاته‌ عێراق".

سه‌رۆکوه‌زیرانى عێراق جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ کێشه‌ى به‌نداوى مووسڵ گرنگییه‌کى زۆرى هه‌یه‌ و راشیگه‌یاند به‌نداوه‌که‌ سه‌رچاوى ئاوى گشت عێراقییه‌کانه‌.

شایانى  باسه‌ له‌ کاتى پێشوازیکردن له‌ سه‌رۆکوه‌زیرانى عێراق له‌ به‌رده‌م کۆشکى سه‌رۆکایه‌تى وه‌زیرانى ئیتاڵیا هه‌ڵه‌یه‌ک هاته‌ ئاراوه‌. له‌ کاتى پێشوازیکردن له‌ عه‌بادى به‌ "سه‌رۆکوه‌زیرانى ئێران" ناو بردرا که‌ ماوه‌یه‌ک نیگه‌رانى لاى رێنزى دروست کرد.

  حه‌یده‌ر عه‌بادى له‌ چوارچێوه‌ى سه‌ردانه‌که‌ى بۆ ئیتاڵیا، سه‌ردانى ڤاتیکانى کرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى ڤاتیکان و رێبه‌رى روحانى کاتۆلیک، پاپا فڕانسیس کۆبۆوه‌.






 سه‌رچاوه‌ : ئانادۆڵ 


زۆرترین خوێندراو