موقته‌دا سه‌در ناوه‌ڕۆکى په‌یوه‌ندیه‌کى ته‌له‌فۆنى خۆی وعه‌بادى ئاشکرا ده‌کات

7/11/2016 7:20:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







رابه‌رى ره‌وتى سه‌در ناوه‌ڕۆکى په‌یوه‌ندییه‌کى ته‌له‌فۆنیى ئاشکراکرد که‌ له‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆک وه‌زیرانى عیراقه‌وه‌ بۆى هاتووه‌ و تیایدا پرسوڕاى به‌سه‌در کردووه‌ له‌سه‌ر په‌سه‌ندکردنى نامه‌ى ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ى وه‌زیره‌کانى حکومه‌ت.

له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا که‌ له‌گه‌ڵ که‌ناڵى شه‌رقیه‌نیوز سازی کردبوو، موقته‌دا سه‌در، رابه‌رى ره‌وتى سه‌در اشکرایکرد که‌ چه‌ند رۆژێک له‌مه‌وبه‌ر حه‌یده‌ر عه‌بادى په‌یوه‌ندیى پێوه‌ کردووه‌ و وتویه‌تی: "ده‌مه‌وێت ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ى هه‌ندێک له‌ وه‌زیره‌کان په‌سه‌ند بکه‌م، تۆ رازیت ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ى وه‌زیره‌کاشنى سه‌ربه‌ کوتله‌ى ئه‌حرار په‌سه‌ند بکه‌م؟"

سه‌در ده‌ڵێت: " له‌ وه‌ڵامدا پێم وت کوتله‌ى ئه‌حرار بۆخۆى ئازاده‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌که‌ى ئه‌حرار په‌سه‌ند بکه‌یت و ئه‌وانى دیکه‌ بمێننه‌وه‌، ئه‌وه‌ زیان به‌ ناوبانگت ده‌گه‌یه‌نێت."

له‌ چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا سه‌در وتی: ئه‌گه‌ر عه‌بادى ئه‌و کاره‌ بکات، ئه‌وه‌ ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ى ئه‌وه‌ى ته‌نها کوتله‌ى ئه‌حرار بکاته‌ ئامانج، چونکه‌ لایه‌نى دیکه‌ هه‌ن که‌ وه‌زیره‌کانیان ده‌ستیان له‌کارکێشاوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ى ئێمه‌ و ئه‌وه‌ى ئه‌وانیش په‌سه‌ند بکه‌، ئه‌وکاته‌ هیچ کێشه‌یه‌ک نابێت.

سێ شه‌ممه‌ى رابردوو له‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌کانى ناوچه‌ى که‌راده‌ى به‌غدا که‌ ده‌یان که‌سى تێدا کوژرا، محه‌مه‌د غه‌بان، وه‌زیرى ناوخۆى عیراق ده‌ستى له‌کارکێشایه‌وه‌ و ئه‌رکه‌کانى به‌ بریکاره‌که‌ى سپارد، هه‌ر له‌ هه‌مان رۆژیشدا عه‌بادى ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌که‌ى غه‌بان ى په‌سه‌ند کرد.


زۆرترین خوێندراو