ڕژێمى به‌عس کۆمه‌ڵگاى نیشته‌جێبوونى بۆ موسڵمانان له‌سه‌ر زه‌وى کریستیانه‌کان دروستکردبوو

9/19/2016 5:36:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







دیندار زێبارى ده‌ڵێت ڕژێمى به‌عس بۆ نانه‌وه‌ى ئاژاوه‌ له‌ کوردستان کۆمه‌ڵگاى نیشته‌جێبوونى بۆ موسڵمانان له‌سه‌ر زه‌وى برا کریستیانه‌کان دروستکردووه‌. د.دیندار زێبارى سه‌رۆکى لیژنه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندن و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ڕاپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران له‌ وه‌ڵامى چه‌ند ڕاپۆرتێکى ناوخۆیى و ده‌ره‌کى سه‌باره‌ت به‌و زه‌ویو زارانه‌ى برا کریستیانه‌کان که‌ کێشه‌یان له‌سه‌ره‌ له‌ پارێزگاى دهۆک ڕایگه‌یاند لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم به‌ جیددى خه‌ریکى به‌دواداچوونن له‌ کێشه‌ى ئه‌و زه‌وییانه‌ و یه‌کلاییکردنه‌وه‌یان له‌ پارێزگاى دهۆک و له‌ نزیکه‌وه‌ له‌ داخوازى خه‌ڵکى ئه‌و ناوچه‌یه‌ ده‌ڕوانێت بۆ چاره‌سه‌رکردنیان.

سه‌رۆکى لیژنه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندن و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ڕاپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان سه‌باره‌ت به‌ کێشه‌ى زه‌وى برا کریستیانیه‌کان و ئه‌و سستیه‌ى گوایه‌ له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانى حکومه‌ت به‌دى ده‌کرێت له‌ جێبه‌جێکردنى داخوازییه‌کانى برا کریستیانه‌کان وتی: لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم به‌رده‌وام پشتگیرى له‌ جووتیارى به‌رهه‌مهێن ده‌کات به‌بێ ڕه‌چاوکردنى جیاوازى چینایه‌تى و ئایینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ ئه‌مه‌ش له‌ ڕوانگه‌ى پێشخستنى به‌رهه‌مى کشتوکاڵ و له‌م باره‌یه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و وه‌زاره‌تى کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌کانى ئاو به‌ ئه‌رکى خۆیان هه‌ڵساون له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى داخوازییه‌کانى برا کریستیانیه‌کان و چاره‌سه‌رکردنى هه‌رکێشه‌یه‌ک ڕووبه‌ڕوویان ببێته‌وه‌.

زێبارى له‌باره‌ى کێشه‌ى ئه‌م زه‌وییانه‌وه‌ وتی: له‌ سه‌رده‌مى رژێمى به‌عس پێشێلکارى به‌رامبه‌ر به‌ برا کریستیانه‌کان کراوه‌ وه‌ک سه‌رجه‌م هاووڵاتیانى کوردستان، بۆنموونه‌ کۆمه‌ڵگایه‌ک له‌ ساڵى ١٩٧٨ له‌سه‌ر زه‌وى گوندى (گاڤانا) له‌ دهۆک که‌ زه‌وى برا کریستیانیه‌کان بووه‌ دروستکراوه‌ بۆ ڕاگواستنى خه‌ڵکى به‌ شه‌ره‌فى چۆمان نیازى ڕژێمى به‌عس له‌م کاره‌ نانه‌وه‌ى ئاژاوه‌ له‌ نێوان موسڵمان و کریستیانیه‌کان بوو، بۆیه‌ کۆمه‌ڵگاى بۆ موسڵمانان له‌سه‌ر زه‌وى برا کریستیانییه‌کان دروستکردووه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ کۆمه‌ڵگاى دیکه‌ى له‌سه‌ر زه‌وى موسڵمانه‌کان دروستکرد، له‌ دواى ڕاپه‌رین و له‌به‌ر ئه‌وه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم تواناى دارایى نه‌بوو ئه‌م هه‌موو کۆمه‌ڵگایانه‌ بڕووخێنێت و قه‌ره‌بووى دانیشتووانه‌کانى بکاته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌م کۆمه‌ڵگایانه‌ بوونه‌ته‌ ئه‌مرى واقع.

سه‌باره‌ت به‌ گله‌یى ژماره‌یه‌ک له‌ برا کریستیانه‌کان بۆ وه‌رنه‌گرتنه‌وه‌ى زه‌وییه‌کانیان و دواى به‌دواداچوونى داخوازییه‌کانیان زێبارى وتی: دواى به‌دواداچوونى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌رکه‌وت که‌ ئه‌وه‌ى گله‌یى له‌سه‌ر هه‌یه‌ چه‌ند گوندێکن، وه‌ک گوندى (شکه‌ڤدلی) له‌ ناحیه‌ى (باتێل) که‌ ڕاستى داخوازییه‌کانیان به‌م شێوه‌یه‌یه‌ له‌ ساڵى ١٩٧٤ ته‌نیا (٢٣) جووتیار له‌م گونده‌ به‌پێى یاسا زه‌وییان پێدراوه‌ به‌ گرێبه‌ست که‌ (٢١) کریستیان و (٢) موسڵمان بووینه‌ و دواى ساڵى 1974 ئه‌و گونده‌ کاول کراوه‌ و خه‌ڵکه‌که‌ى کۆچیان کردووه‌ و زۆربه‌ى برا کریستیانه‌کان ڕوویان له‌ به‌غدا کردووه‌ و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ ساڵى ١٩٩٢، و دواى ڕاپه‌رینى گه‌لى کوردستان ڕێنمایى تایبه‌ت به‌و گوندانه‌ى کاول کراون ده‌رچوو که‌ به‌ ڕێنمایى ژماره‌ (٢)ى ساڵى 1992 ناسراوه‌ و تیایدا هاتووه‌: زه‌وى بدرێته‌ ئه‌و جووتیارانه‌ى پێش کاولکردن له‌ گوند زه‌ویان له‌به‌ر ده‌ستدا بووه‌ به‌و مه‌رجه‌ى ئاماده‌ بێت له‌به‌رده‌م لیژنه‌ى لێکۆڵینه‌وه‌، و له‌ ساڵى ١٩٩٦ لیژنه‌ له‌م گونده‌ ده‌ست به‌کاربووه‌ و ئه‌و جووتیارانه‌ى ئاماده‌ بوون زه‌وییان پێدراوه‌ کریستیان و موسڵمان بوون، به‌ڵام له‌ کاتى دابه‌شکردنى زه‌وییه‌کاندا هه‌ندێک زه‌وى زیادى کردووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ژماره‌یه‌ک له‌ کریستیان و موسڵمانه‌کان له‌به‌رده‌م لیژنه‌ ئاماده‌ نه‌بوونه‌، ئه‌وا زه‌وییه‌کان دراوه‌ته‌ ئه‌وانه‌ى ئاماده‌ بوون له‌به‌رده‌م لیژنه‌، له‌ ئه‌نجامدا (٣٦) که‌س له‌و جووتیارانه‌ پێشتر کارى جووتیارییان کردووه‌ ڕۆڵه‌کانیان زه‌وییان پێدراوه‌. 

هه‌ندێک له‌وانه‌ى گله‌ییان هه‌یه‌ هه‌ر له‌ به‌غدا ماونه‌ته‌وه‌ و ئاماده‌ نه‌بوونه‌ بێنه‌ به‌رده‌م لیژنه‌ بۆ وه‌رگرتنى مافه‌کانیان، بۆیه‌ به‌پێى یاساى چاکسازیى کشتوکاڵى زه‌وى ژماره‌ (١١٧)ى ساڵى ١٩٧٠ که‌ له‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستان تا ئێستاش کارى پێده‌کرێت، هه‌ر جووتیارێک له‌ ماوه‌ى (٣٠) ڕۆژ له‌ ڕێکه‌وتى بڵاوکردنه‌وه‌ى بانگه‌واز ئاماده‌ نه‌بێت له‌به‌رده‌م لیژنه‌ بۆ وه‌رگرتنى زه‌وى به‌بێ هۆکارێکى ڕه‌وا مافى نامێنێ، به‌ڵام ئه‌م برا کریستیانانه‌ له‌و ماوه‌ دیاریکراوه‌ که‌ (٣٠) ڕۆژ بوو ئاماده‌ نه‌بوون، به‌ڵکو ماوه‌ى (٧) ساڵ تێپه‌ڕى له‌سه‌ر بڕیارى لیژنه‌ى کشتوکاڵ واته‌ له‌ ساڵى ٢٠٠٣ دواى ڕووخانى ڕژێمى سه‌دام حوسێن ئینجا هاتنه‌وه‌ کوردستان، هه‌مان شت له‌ گونده‌کانى دیکه‌ش ڕوویداوه‌.

له‌ کۆتاییدا د. دیندار زێبارى وتی: سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌ش حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ ڕوانگه‌ى ڕێزگرتن له‌ ئایین و نه‌ته‌وه‌کانى دیکه‌ به‌تایبه‌تى برا کریستیانه‌کان که‌ له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ له‌م خاکه‌دا ژیاون وه‌ک هه‌ر هاووڵاتییه‌کى تر، بۆیه‌ لیژنه‌یه‌ک بۆ داواکارى ئه‌م برا کریستیانانه‌ پێکهێنرا و ئێستا لیژنه‌که‌ گه‌یشتۆته‌ دوایین قۆناغى کاره‌کانى و پێشنیاریان پێشکه‌ش کردووه‌ که‌ وه‌ک حاڵه‌تێکى (استپنا‌و) زه‌وى ئه‌م برا کریستیانانه‌ى له‌ ناوچه‌که‌ بۆیان بگه‌ڕێته‌وه‌ و داوا له‌ ئیداره‌ى پارێزگاى دهۆک کراوه‌ که‌ جێبه‌جێى بکات، به‌ڵام به‌پێى ئه‌م پێشنیاره‌ ژماریه‌ک جووتیارى دیکه‌ له‌ کریستیان و موسڵمانه‌کان زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌ ساڵى ١٩٩٦ زه‌وییه‌کانیان وه‌رگرتووه‌ و ماوه‌ى (٢٠) ساڵه‌ له‌به‌رده‌ستیاندایه‌ و به‌کارى ده‌هێنن، دیاره‌ هه‌ر مافێک به‌ یاسا بدرێت و دواى ئه‌و ماوه‌ زۆره‌ ئینجا دووباره‌ لێى وه‌ربگیرێته‌وه‌ پێویستى به‌ کات و ڕێوشوێنى ئیدارى تایبه‌ت هه‌یه‌، به‌ڵام حکومه‌تى هه‌رێم له‌ هه‌وڵى به‌رده‌وامدایه‌ بۆ چاره‌سه‌ر کردنى کێشه‌ى ئه‌م زه‌ویانه‌.


زۆرترین خوێندراو