بیست هه‌زار ئاواره‌ى موسڵ ڕووله‌ پارێزگاى سه‌لاحه‌دین ده‌که‌ن

10/25/2016 8:45:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







پارێزگارى سه‌لاحه‌دین ئاشکراى کرد نزیکه‌ى بیست هه‌زار که‌س له‌ خه‌ڵکى موسڵ ئاواره‌ى ئه‌و پارێزگایه‌ بوون.

 له‌ لێدوانێکدا بۆ که‌ناڵى ئه‌لعه‌ره‌بییه‌، عه‌لى ئه‌لدودح، پارێزگارى سه‌لاحه‌دین ڕایگه‌یاند له‌ ماوه‌ى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ى ئۆپه‌راسیۆنى ئازادکردنى موسڵ و ناوچه‌کانى دیکه‌ى پارێزگاى نه‌ینه‌وا، نزیکه‌ى بیست هه‌زار که‌س له‌ خه‌ڵکى ناوچه‌که‌ ڕوویان له‌ شارى تکریت و ناوچه‌کانى دیکه‌ى پارێزگاى سه‌لاحه‌دین کردووه‌.

پارێزگارى تکریت هه‌روه‌ها پێشبینى کرد به‌ نزیکبوونه‌وه‌ى شه‌ڕى ناو شارى موسڵ ژماره‌یه‌کى زۆر زیاتر له‌ ئاواره‌کانى موسڵ ماڵ و حاڵى خۆیان جێبهێڵن و ڕوو له‌ پارێزگه‌که‌یان بکه‌ن.

شایانى باسه‌ پێشتریش سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ ناوه‌ندى هه‌واڵى ئازادى ڕاگه‌یاندبوو که‌ زیاتر له‌ ٣٥٠٠ که‌س له‌ خه‌ڵکى پارێزگاى نه‌ینه‌وا ڕوویان له‌ هه‌رێمى کوردستان کردووه‌ و له‌ که‌مپه‌کانى تایبه‌ت به‌و ئاوارانه‌ نیشته‌جێ کراون. هۆشه‌نگ محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگیى قه‌یرانه‌کان له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌ریمى کوردستان، پێشبینى هاتنى ٥٠٠ هه‌زار ئاواره‌ى دیکه‌ى ئه‌و پارێزگایه‌ى بۆ هه‌رێمى کوردستان کرد و وتى له‌لایه‌ن حکومه‌تى هه‌ریمى کوردستانه‌وه‌، ١٠ که‌مپ بۆ نیشته‌جێکردنى ئاواره‌کان ته‌رخان کراوه‌ که‌ تواناى وه‌رگرتنى نزیکه‌ى ٢٢٠ هه‌زار که‌سیان ده‌بێت.


زۆرترین خوێندراو