ئیسپانیا ژماره‌ى سه‌ربازه‌کانى له‌ عێراق زیاد ده‌کات

11/30/2016 2:41:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







سه‌رۆک وه‌زیرانى ئیسپانیا بڕیارى حکومه‌تى وڵاته‌که‌ى به‌ زیادکردنى ژماره‌ى سه‌ربازه‌کانیان له‌ عێراقى ڕاگه‌یاند.

 ئاژانسى سپۆتنیکى ڕووسى لێدوانێکى ڕۆژنامه‌وانیى ماریانۆ ڕاخۆى سه‌رۆک وه‌زیرانى ئیسپانیاى گواسته‌وه‌ که‌ ڕایگه‌یاندبوو ژماره‌ى سه‌ربازانى ئیسپانى له‌ عێراق بۆ ٤٠٠ سه‌رباز زیاد بکه‌ن که‌ له‌ئێستادا ٣٠٠ سه‌رباز و ڕاوێژکار و ڕاهێنه‌رى سه‌ربازى له‌ عێراقدا مه‌شق و ڕاهێنان به‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌کانى دیکه‌ى عێراق ده‌که‌ن.

سه‌رۆک وه‌زیرانى ئیسپانیا زیادکردنى ژماره‌ى هێزه‌کانى له‌ عێراق بۆ هاوکاریکردنى زیاترى وڵاته‌که‌ى له‌ چوارچێوه‌ى وڵاتانى ئه‌ندام له‌ هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى دژ به‌ داعش گه‌ڕانده‌وه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕایگه‌یاند دواى وه‌رگرتنى ڕه‌زامه‌ندیى په‌رله‌مانى ئیسپانیا له‌سه‌ر داواى حکومه‌ت، ده‌ست به‌ جێبه‌جێکردنى گۆڕانکارییه‌کان ده‌کرێت. 

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا که‌ زیادکردنى ژماره‌ى سه‌ربازانى ئیسپانى له‌ عێراق له‌سه‌ر داواى هێزاه‌کانى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى له‌دژى داعش به‌ سه‌رکردایه‌تیى ئه‌مریکا بڕیارى له‌سه‌ر دراوه‌.

شایانى باسه‌، به‌شێک له‌و زیادبوونه‌ هێزه‌کانى ئیسپانیا له‌ هه‌رێمى کوردستان ده‌گرێته‌وه‌ که‌ له‌ چوارچێوه‌ى هێزى هاوپه‌یماناندا مه‌شق و ڕاهێنانى سه‌ربازى به‌ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان ده‌که‌ن.


زۆرترین خوێندراو