مالکی: داعش دروستکراوى ده‌ستى ده‌وڵه‌تى ئۆبامایه‌

1/19/2017 9:27:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







سه‌رۆک وه‌زیرانى پێشووى عێراق ڕایگه‌یاند ڕێکخراوى تیرۆریستیى داعش دروستکراوى ده‌ستى ده‌وڵه‌تى ئه‌مریکایه‌. ئاژانسى فارسى ئێرانى لێدوانێکى نوورى مالکى سه‌رۆک وه‌زیرانى پێشووى عێراقى بڵاو کرده‌وه‌ که‌ له‌ کاردانه‌وه‌ى قسه‌کانى جۆن کێرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ ئه‌مریکادا، ڕایگه‌یاند ده‌وڵه‌تى ئه‌مریکا له‌ ده‌ورانى باراک ئۆباما ڕێکخراوى داعشى دروست کرد. ناوبراو هه‌روه‌ها سه‌رۆکى ئه‌مریکاى به‌ ڕشتنى خوێنى هاووڵاتییانى عێراقى و سوورى و یه‌مه‌نى تۆمه‌تبار کرد.

شایانى باسه‌، له‌ په‌راوێزى کۆنفرانسى ئابووریى داڤۆس له‌ سویسرا، جۆن کێرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا له‌ دوایین دیمانه‌یدا له‌گه‌ڵ به‌شى عه‌ره‌بیى که‌ناڵى سکاى نیوز، وه‌ک به‌رپرسى دیپلۆماسیى ده‌وڵه‌تى ئۆباما، ڕه‌خنه‌ى توندى ئاراسته‌ى نوورى مالکى سه‌رۆک وه‌زیرانى پێشووى عێراق گرت به‌وه‌ى که‌ به‌ دامه‌زراندنى میلیشیاى تائیفی، ده‌ستى هه‌بوو له‌ لاوازکردى سوپاى عێراق له‌ شه‌ڕى موسڵ، ئه‌وه‌ش ڕێخۆشکه‌ر بوو به‌ هه‌ڵاتنى سوپا له‌ موسڵ و داگیرکردنى ئه‌و شاره‌ له‌لایه‌ن چه‌کدارانى داعشه‌وه‌. جۆن کێرى هۆکارى شکست و هه‌ڵاتنى سوپاى عێراق له‌ موسڵى بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ که‌ سوپا به‌هۆى تایفه‌گه‌رییه‌وه‌، خۆى به‌ نزیکى خه‌ڵکى شاره‌که‌ نه‌ده‌زانی. وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا نوورى مالکیى به‌ هۆکارى لاوازبوونى حکومه‌تى به‌غدا و به‌رده‌وامیدان به‌ داعش و گروپه‌ تیرۆریستییه‌کانى دیکه‌ له‌ عێراق تۆمه‌تبار کرد.

هه‌ر له‌ دیمانه‌که‌ى سکاى نیوزدا، جۆن کێرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ پێویسته‌ عێراقییه‌کان هه‌وڵ بده‌ن بۆ چاره‌سه‌رکردنى ناکۆکییه‌ تایفییه‌کان له‌ وڵاتدا.


زۆرترین خوێندراو