به‌رنامه‌ى خۆراکى جیهانى سوپاسى هاوکاریى مرۆیى ژاپۆن ده‌کات

2/23/2017 3:11:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز








به‌رنامه‌ى خۆراکى جیهانى سوپاسى ژاپۆن ده‌کات بۆ ته‌رخانکردنى حه‌وت ملیۆن دۆلار بۆ خۆراکى ئاواره‌کان له‌ عێراق.

 به‌رنامه‌ى خۆراکى جیهانى سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا سوپاسى خۆى ڕاگه‌یاندووه‌ بۆ گه‌ل و حکومه‌تى ژاپۆن بۆ ته‌رخانکردنى بڕى حه‌وت ملیۆن دۆلار بۆ خۆراکى ئاواره‌کان.  ئه‌و حه‌وت ملیۆن دۆلاره‌ش به‌شێکه‌ له‌ بڕى ئه‌و سه‌د ملیۆن دۆلاره‌ى که‌ حکومه‌تى ژاپۆن بۆ هاوکاریى مرۆیى له‌ عێراقدا بۆ ئه‌مساڵ ته‌رخانى کردووه‌.

فۆمیۆ ئیوای، باڵیۆزى ژاپۆن له‌ عێراق ڕایگه‌یاندووه‌، که‌ حکومه‌تى تۆکیۆ  هاوکاریى ئه‌و که‌سانه‌ ده‌کات که‌ پێویستییان پێیه‌، به‌تایبه‌تى ئه‌و ئاواره‌ عێراقى و سوورییانه‌ى که‌ به‌هۆى شه‌ڕه‌وه‌ بارودۆخیان دژواره‌، ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ مه‌به‌ستى دابینکردنى خۆراکى سه‌ره‌کى به‌کار ده‌هێنرێت.

ده‌بلیو ئێف پی، ڕایگه‌یاندووه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ دابینکردنى خۆراکى سه‌ره‌کى بۆ ٤٠٠ هه‌زار ئاواره‌ى موسڵ و ٦٥ هه‌زار ئاواره‌ى سوورى ته‌رخان ده‌کرێت که‌ سوورییه‌کان له‌ ڕێى سیسته‌مى کارته‌وه‌ هه‌ر که‌سه‌ ١٩ دۆلار وه‌رده‌گرێ بۆ کڕینى خۆراکى پێویستى ڕۆژانه‌ بۆ ماوه‌ى مانگێک.


زۆرترین خوێندراو