سه‌رکرده‌یه‌کى حه‌شدى شه‌عبی: ئێران باره‌گاى له‌ موسڵ نییه‌

5/3/2017 9:06:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







سه‌رکرده‌یه‌کى حه‌شدى شه‌عبى ڕه‌تیکرده‌وه‌ که‌ ئێران باره‌گاى سه‌ربازى له‌ ناو شارى موسڵدا هه‌بێت. 

له‌ دیمانه‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ ئاژانسى هه‌واڵى سۆمه‌ریه‌ نیوز، که‌ریم نورى یه‌کێک له‌ سه‌رکرده‌کانى حه‌شدى شه‌عبى ڕایگه‌یاند: "سوپاى قودسى ئێران هیچ باره‌گایه‌کى له‌ ناو شارى موسڵدا نییه‌". که‌ریم نورى هه‌واڵێکى ڕۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌تى سعودیه‌ى ڕه‌تکرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند سوپاى قودسى سه‌ر به‌ سوپاى پاسدارانى ئێران باره‌گاى له‌ موسڵ نییه‌ و بڵاوکردنه‌وه‌ى ئه‌و هه‌واڵه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌تى بۆ سیاسه‌تى دوژمنکارانه‌ى سعودیه‌ له‌هه‌مبه‌ر به‌رپرسانى کۆمارى ئیسلامیى ئێران گه‌ڕانده‌وه‌.

سه‌رکرده‌که‌ى حه‌شدى شه‌عبى ئه‌وه‌شى دووپات کرده‌وه‌ که‌ حزب و لایه‌نه‌ شیعه‌کان له‌ عێراق بیر له‌ کردنه‌وه‌ى باره‌گاى سه‌ربازى له‌ موسڵ ناکه‌نه‌وه‌، چونکه‌ زۆربه‌ى دانیشتووانى ئه‌و شاره‌ سوننه‌نشینن و سوپاى قودسى ئێرانیش ته‌نانه‌ت کار بۆ کردنه‌وه‌ى باره‌گاى ناوه‌ندیى خۆى له‌ پارێزگا شیعه‌نشینه‌کان ناکاته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ ده‌نگۆى کردنه‌وه‌ى باره‌گاى ئێران له‌ موسڵ ڕه‌تده‌که‌ینه‌وه‌.

شایانى باسه‌، ڕۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌تى سعودیه‌ له‌ ڕاپۆرته‌ هه‌واڵێکدا ئاماژه‌ى به‌وه‌ کردبوو که‌ سوپاى قودسى ئێران وه‌ک به‌شێک له‌ سوپاى پاسدارانى ئه‌و وڵاته‌ که‌ له‌لایه‌ن قاسم سوله‌یمانییه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتى ده‌کرێت، له‌ ژێر ناوى حه‌شدى شه‌عبى ده‌یان ناوه‌ندى سیاسى و باره‌گاى سه‌ربازییان له‌ به‌شى ڕۆژهه‌ڵاتى شارى موسڵ کردووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایى دانیشتووانى سوننه‌نشینى شاره‌که‌ى لێکه‌وتووه‌ته‌وه‌.


زۆرترین خوێندراو