عێراق سیستمى به‌رگریى مووشه‌کى له‌ ڕووسیا ده‌کڕێت

2/19/2018 2:28:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







سه‌رچاوه‌یه‌کى هه‌واڵى سعودیه‌ ئاشکراى کرد حکومه‌تى عێراق به‌نیازه‌ سیستمى به‌رگریى مووشه‌کى له‌ ڕووسیا بکڕێت. ئاژانسى فارسى ئێرانى هه‌واڵێکى ڕۆژنامه‌ى (ئه‌لوه‌ته‌ن)ى سعودیى بڵاو کرده‌وه‌ که‌ تیایدا سه‌رچاوه‌که‌ له‌ زارى په‌رله‌مانتارێکى عێراقه‌وه‌ ئاشکراى کرد به‌غدا له‌ هه‌وڵدایه‌ بۆ کڕینى سیستمى به‌رگریى مووشه‌کى له‌ جۆرى (S 400) له‌ ڕووسیا.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگریى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق که‌ نه‌یویستووه‌ ناوه‌که‌ى ئاشکرا بکرێت، ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ هێزه‌کانى حه‌شدى شه‌عبیى عێراق له‌ زۆربه‌ى بنکه‌ سه‌ربازییه‌کانى سوپاى پاسدارانى ئێران له‌ ناو خاکى سووریا بوونیان هه‌یه‌ بۆ هاوکاریکردنى هێزه‌کانى سوپاى سووریا، عه‌بادى و حکومه‌تى به‌غداش ئاگادارى ئه‌و جموجۆڵه‌ سه‌ربازییه‌ن، هه‌ربۆیه‌ به‌نیازن سیستمى پێشکه‌وتووى به‌رگریى مووشه‌کى له‌ ڕووسیا بکڕن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌گه‌رى هێرشى ئیسرائیل بۆ سه‌ر بنکه‌ سه‌ره‌کییه‌کانى ئه‌و هێزانه‌ له‌ عێراق. سه‌رچاوه‌که‌ى په‌رله‌مانى عێراق ئه‌وه‌شى نه‌شارده‌وه‌ که‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق تیمێکى له‌ وه‌زاره‌تى به‌رگرى و ڕاوێژکارانى ئاسایشى نیشتمانى ڕاسپاردووه‌ بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ ڕووسیا له‌سه‌ر کڕێنى سیستمى پێشکه‌وتووى به‌رگریى مووشه‌کى له‌ جۆرى  (S 400)  و ئه‌و دۆسیه‌یه‌ له‌ ژوورى ئه‌منیى هاوبه‌شى عێراق، سووریا، ئێران و ڕووسیاش تاوتوێ کراوه‌.

به‌ وته‌ى په‌رله‌مانتاره‌که‌ى به‌غدا، ئه‌مریکا داواى ڕوونکردنه‌وه‌ى زیاتریان له‌ به‌غدا کردووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره‌، و پێیان وایه‌ له‌ ئێستادا عێراق پێویستى به‌و مووشه‌کانه‌ نییه‌ و هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌کى ئاسمانى له‌سه‌ر ئه‌م وڵاته‌ نییه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دیپلۆماته‌ ئه‌مریکییه‌کان له‌ عێراق ئاگادارى نیگه‌رانیى به‌غدان له‌ ئه‌گه‌رى هێرشى فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانى ئیسرائیل بۆ سه‌ر بنکه‌ و باره‌گاى هه‌ندێ له‌ گرووپه‌کانى سه‌ر به‌ حه‌شدى شه‌عبی.


زۆرترین خوێندراو