په‌نابه‌رێکى کورد له‌ ئوسترالیا دواى رزگارکردنى که‌سێک له‌چاوه‌ڕوانى دیپۆرت کردنه‌وه‌دایه‌

1/12/2015 1:50:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

هۆمایۆنى حاته‌مى ، ئه‌و په‌نابه‌ره‌ کورده‌یه‌ که‌ چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌پاش ئه‌وه‌ى بڕیارده‌دات ئێران به‌جێ بهێلێت و له‌ ئه‌نده‌نوسیاوه‌ چاره‌نووسى خۆى ڕاده‌ستى به‌له‌مێکى په‌نابه‌ران ده‌کات و له‌پاش گه‌شتنى به‌ ئاوه‌کانى سنورى ئوسترالیا له‌لایه‌ن هێزه‌ ده‌ریایه‌کانى ئه‌و ووڵاته‌وه‌  ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌کرێت و ڕه‌وانه‌ى که‌مپى په‌نابه‌ران ده‌کرێت له‌ دوورگه‌ى کریستماسى ئه‌و ووڵاته‌.

ڕه‌نگه‌ حاته‌مى هه‌موو ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ى له‌بیرکردبێت که‌له‌ که‌مپى په‌نابه‌ران به‌سه‌رى هاتوون و چه‌ندین جار به‌هۆى تووش بوون به‌ خه‌مۆکى ڕه‌وانه‌ى نه‌خۆشخانه‌ کراوه‌ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئێستا ئه‌وى ته‌واو نائومێدکردووه‌ هه‌واڵى تازه‌نه‌کردنه‌وه‌ى مافى په‌نابه‌ریه‌که‌یه‌تى و له‌دواهه‌مین ئاگادارکردنه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى کۆچى ئوسترالیا بۆ حاته‌مى ته‌مه‌ن 26 ساڵ هاتووه‌ که‌ واده‌ى مافى په‌نابه‌ریه‌تیه‌که‌ى که‌له‌جۆرى "کاتى" بووه‌ له‌ مانگى نیسانى ئه‌مساڵدا ته‌واو ده‌بێت و تازه‌ ناکرێته‌وه‌. به‌وه‌ش پێده‌چێت دیپۆرتى ئێران بکرێته‌وه‌. 

به‌پێى یاساکانى کۆچى ئوسترالیا ، له‌پاش ته‌واوبوونى واده‌ى مافى په‌نابه‌رێتى کاتى ، وه‌زاره‌تى کۆچى ئه‌و ووڵاته‌ له‌پاش چاوخشانه‌وه‌ به‌ بارودۆخى ووڵاتى سه‌ره‌کى په‌نابه‌ره‌که‌و بارودۆخى تایبه‌تى که‌یسى په‌نابه‌ره‌که‌ ڕه‌نگه‌ بڕیاربدات به‌ کۆتایهێنان به‌مافى ئه‌و په‌نابه‌ره‌ و ڕێوشوێنى گونجاو بۆ دیپۆرتکردنه‌وه‌ى بگرێته‌ به‌ر. 

له‌ئێستادا و به‌ووته‌ى حاته‌مى ، وه‌زاره‌تى کۆچى ئوسترالیا ده‌رماڵه‌ هه‌فتانه‌که‌شى بڕیوه‌ و به‌وه‌ش تێچووى خواردنى ڕۆژانه‌ى له‌لایه‌ن بانکێکه‌وه‌ که‌سه‌ر به‌ که‌نیسه‌یه‌که‌ له‌ وولایه‌تى ڤیکتۆریا دابین ده‌کرێت و ئه‌مه‌ جگه‌له‌دابینکردنى پێداویستى ترى وه‌ک خزمه‌تگوزارى یاسایى و کۆمه‌ڵایه‌تى که‌له‌لایه‌ن ڕێکخراوێکى داکۆکیکار له‌مافى په‌نابه‌رانه‌وه‌ دابینده‌کرێت. 

قه‌شه‌یه‌کى ئه‌و که‌نیسه‌یه‌ش که‌له‌نزیکه‌وه‌ حاته‌مى ده‌ناسێت نیگه‌رانى خۆى ده‌ربڕى به‌وه‌ى که‌ حکومه‌تى ئه‌و ووڵاتـه‌ ئاماده‌نیه‌ مافى په‌نابه‌رێـتى ئه‌و تازه‌ بکاته‌وه‌ و به‌ له‌به‌رچاوگرتنى که‌سایه‌تى حاته‌مى ئه‌و ده‌ڵێت شایه‌نى ئه‌وه‌یه‌ له‌ ووڵاته‌ بمێنێته‌وه‌. 

ڕزگارکردنى که‌سێک له‌لایه‌ن حاته‌میه‌وه‌ که‌ ویستیووى خۆى بکوژێت که‌سایه‌تیه‌کى تۆکمه‌ى به‌جۆرێک بۆ ئه‌و په‌نابه‌ره‌ کورده‌ دروستکرد که‌دووجار و له‌لایه‌ن دوو دامه‌زراوه‌ى به‌ناوبانگى ئوسترالیاوه‌ خه‌ڵاتى جوامێرى پێ ببه‌خشرێت. حاته‌مى له‌ ڕۆژانێکدا که‌ داهاتووى نادیار بوو ، له‌ بارودۆخێکى زۆر سه‌رما و سۆڵه‌دا ، فریاى ژنێک ده‌که‌وێت که‌ به‌مه‌به‌ستى خۆکوشتن خۆى فڕێدابووه‌ ناو ده‌ریاوه‌ و حاته‌مى جوامێرانه‌ ڕزگارى ده‌کات. 

جگه‌له‌وه‌ش ، حاته‌مى وه‌زشکارێک و پاڵه‌وانى وه‌رزشى کاراتیه‌ و تائێستاش له‌گه‌ڵ ڕاهێنه‌رى تیمى ئوسترالیا بۆ کاراتى به‌رده‌وامه‌ له‌و وه‌رزشه‌. وه‌ک خۆى ده‌ڵێت ، له‌سه‌ره‌تاى ساڵى ڕابردودا ، پاڵێورا بۆ نوێنه‌رایه‌تیکردنى ئوسترالیا بۆ به‌شدارى کردن له‌ بۆنه‌یه‌کى وه‌رزشیدا له‌ ووڵاتى فیجى به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى مافى وه‌رگرتنى پاسپۆرتى ئوسترالى نه‌بوو نه‌یتوانى به‌شدارى له‌و بۆنه‌ وه‌رزشیه‌دا بکات. 
هۆمایۆنى حاته‌مى له‌ کۆتایدا ده‌ڵێت خه‌ونى ئه‌و کردنه‌وه‌ى یانه‌یه‌کى کاراتی و بردنه‌وى مه‌دالیاى ئاڵتوونه‌ بۆ ئوسترالیا له‌ بۆنه‌ وه‌رزشیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کاندا و ڕوو له‌ حکومه‌تى ئوسترالیا ده‌کات و ده‌ڵێت  " چوارساڵى ڕابردوو به‌فیڕۆدانى کات بوو ، گه‌لێک ده‌رفه‌تم له‌ده‌ستچوو، ئه‌گه‌ر ده‌کرێت ، چانسێکم بده‌نێ"

سه‌رچاوه‌ : ماڵپه‌رى ڕۆژنامه‌ى "زه‌ئه‌یج


زۆرترین خوێندراو