شاندى هه‌رێمى کوردستان به‌شدارى له‌ "رێپێوانى کۆمارى" له‌ پاریس ده‌کات

1/12/2015 2:07:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

  به‌ نوێنه‌رایه‌تى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، فه‌لاح مسته‌فا، به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه‌، به‌ یاوه‌رى عه‌لى دۆڵه‌مه‌ڕى له‌ نوێنه‌رایه‌تى حکومه‌تى هه‌رێم له‌ فه‌ره‌نسا، به‌شدارى رێپێوانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌که‌ى پاریسى کرد، که‌دوێنێ یه‌ک شه‌ممه‌ به‌ به‌شدارى فرانسوا هۆلاند سه‌رۆکى فره‌نسا وزیاتر له‌ په‌نجا سه‌رۆک ونوێنه‌رانى باڵاى وڵاتانى جیهان له‌ ژێر ناوى "رێپێوانى کۆمارى" دژى کرده‌وه‌ تیرۆرستیه‌کانى پاریس به‌ڕێوه‌چوو.

هاوشان له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌و نوێنه‌رانى وڵاتان، شاندى هه‌رێم له‌ کۆشکى ئه‌لیزێ له‌لایه‌ن سه‌رۆک وسه‌رۆک وه‌زیران ووه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فره‌نسا پێشوازیان لێکرا. به‌رپرسى په‌یوه‌ندیه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم هاوخه‌مى وهاوسۆزى گه‌ل وحکومه‌تى هه‌رێمى له‌به‌رامبه‌ر کاره‌ تیرۆرستیه‌کانى ئه‌م دواییه‌ى ئاراستى سه‌رٶکى فره‌نساى کردو گووتى "به‌شدارى کردنمان له‌م خۆپیشاندانه‌، به‌شدارى کردنه‌ له‌ سه‌نگه‌رێک دژى تیرۆرستان که‌ گه‌لى ئێمه‌ بۆته‌ قوربانى وئێستا له‌ دژیان ده‌جه‌نگن."

فرانسوا هۆلاند گووتى به‌شداریکردنى شاندى هه‌رێمى کوردستان به‌ بایه‌خه‌وه‌ سه‌یرده‌که‌ین وبه‌رده‌وام ده‌بین له‌ پشتیوانى کردنى هه‌رێمى کوردستان.

له‌ میانه‌ى دیداره‌کانى له‌ کۆشکى ئه‌لیزێ، فه‌لاح مسته‌فا چاوى به‌ چه‌ندین سه‌رکرده‌ ونوێنه‌رانى وڵاتانى جیهان که‌وت و په‌یامى سه‌رۆک بارزانى و هه‌رێمى کوردستانى له‌مه‌ێ‌ تیرۆرو مه‌ترسیه‌کانى تیرۆرستان ئاراسته‌ى ئاماده‌بووان ده‌کرد.

شایانى وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ سێ هێڕشى تیرۆریستى له‌ پاریس هه‌فته‌ى رابردوو حه‌ڤده‌ که‌س کوژران، له‌ مه‌یانیان سه‌رنووسه‌رو ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامانى ده‌سته‌ى نووسینى گۆڤارى هه‌فتانه‌ى "شارلى ئێبدۆ" و ئه‌ندامانى هێزى پۆلیس وخه‌ڵکى مه‌ده‌نى تر.

به‌ مه‌به‌ستى راگه‌یاندنى پشتیوانى بۆ فره‌نسا، خۆپێشاندانێکى سه‌رتاسه‌رى به‌ به‌شدارى زیاتر له‌ یه‌ک ملیۆن و پێنج سه‌د هه‌زار که‌س، دوێنێ یه‌کشه‌ممه‌،به‌ڕێوه‌چوو.


زۆرترین خوێندراو