سوید پابه‌ندبوونى خۆى بۆ هاوکارى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ دووپات ده‌کاته‌وه‌

1/13/2015 11:17:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

له‌ دیدارێکدا که‌ کاروان جمال جێگرى به‌رپرسى په‌یوه‌ندیه‌کانى ده‌ره‌وه‌ و شۆڕش ڕه‌حیم نوێنه‌رى حکومه‌تى هه‌رێم له‌ ووڵاتى سوید ئاماده‌بوون ، خاتوو مارگۆت واڵسترۆم به‌خێرهاتنى شاندى میوانى کرد و داواى کرد له‌ دوایین په‌ره‌سه‌ندنه‌کانى ناوچه‌که‌ و جه‌نگى دژه‌ تیرۆر ئاگادارى بکه‌نه‌وه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا به‌رپرسى په‌یوه‌ندیه‌کانى سوپاسى ئه‌و پێشوازیه‌ گه‌رمه‌ى کردوو و پوخته‌یه‌کى ده‌رباره‌ى دووایین په‌ره‌سه‌ندنه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و عێراق و ناوچه‌که‌ پێشکه‌ش کرد. ڕایگه‌یاند که‌ ڕێکخراوى تیرۆریستى داعش دوژمن و هه‌ڕه‌شه‌یه‌کى هاوبه‌شه‌ بۆ سه‌ر هه‌مووان و سه‌رجه‌م به‌هاکانى مرۆڤایه‌تى.

هاوکات ڕۆڵى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ى به‌رزنرخاند و ڕایگه‌یاند که‌ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تى ووڵاتانى جیهان ئه‌مڕۆ ده‌جه‌نگن به‌رامبه‌ر به‌ ڕێکخراوى تیرۆریستى داعش بۆ ڕاگرتنیان له‌ ئه‌نجامدانى کۆمه‌ڵکوژى و قڕکردنى نه‌ته‌وه‌یى و ئاینى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى که‌ چه‌کى ده‌ستى پێشمه‌رگه‌ سنورداره‌، بۆیه‌ داواده‌که‌ین که‌ حکومه‌تى سوید هاوشێوه‌ى ووڵاتانى تر هاوکارمان بن له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌دا.

پاشان به‌رپرسى په‌یوه‌ندیه‌کانى ده‌ره‌وه‌ دۆخى ئاواره‌ و په‌ناهه‌نده‌کانى بۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى سوید باس کرد و گووتى که‌ هه‌رێمى کوردستان ئه‌مڕۆکه‌ میواندارى نزیکه‌ى دوو ملیۆن ئاواره‌ى ناوه‌خۆ و په‌نابه‌رى سوریا ده‌کات و حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌و په‌ڕى تواناکانى خستۆته‌گه‌ێ‌ بۆ دابین کردنى پێداویستیه‌کانیان و که‌مکردنه‌وه‌ى  به‌شێکى که‌م له‌ ئێش و ئازاریان وه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پێویستیمان به‌ پشتگیرى و هاوکارى نێوده‌وڵه‌تى زیاتر هه‌یه‌. سوپاسى حکومه‌تى سوید ده‌که‌ین که‌ هاوکارى مرۆیى پێشکه‌ش کردووه‌ به‌ڵام ئێستا له‌ وه‌رزى زستان به‌هۆى که‌ش و هه‌واى زستان ئه‌م ئاوارانه‌ پێویستیان به‌ هاوکارى زیاتره‌.

هه‌ر له‌و دیداره‌دا فه‌لاح مسته‌فا داواى له‌ حکومه‌ت و گه‌لى سوید کرد که‌ هه‌روه‌ک چۆن له‌ ڕابردوودا پشتگیریان له‌ گه‌لى کورد کردووه‌ ئێستاش پێویستمان به‌ پشتگیرى زیاترى کۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌ و هه‌رێمى کوردستان پێشوازى له‌ بڕیارى حکومه‌تى سوید ده‌که‌ین بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنى میکانیزمى به‌شدارى ڕاوێژکارانى سه‌ربازى بۆ مه‌شق پێکردنى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌.

هاوکات به‌رپرسى په‌یوه‌ندیه‌کانى ده‌ره‌وه‌ داواى کرد که‌ سوید پێگه‌ى نوێنه‌رایه‌تى خۆى له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌رزبکاته‌وه‌ بۆ کونسوڵگه‌رى گشتى که‌ زیاتر هاوکارده‌بێت له‌ به‌ره‌وپێش بردنى په‌یوه‌ندیه‌کان له‌ بوارى سیاسى و ئابورى و که‌لتورى و بواره‌کانى تر.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌یکرد که‌ نوێنه‌رایه‌تى حکومه‌تى هه‌رێم له‌ سوید به‌شێوه‌یه‌کى چالاکانه‌ کارده‌کات بۆ زیاتر پته‌وکردنى په‌یوه‌ندیه‌کانى نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و ووڵاتى سوید.

پاشان خاتوو ماگرۆت واڵسترۆم خۆشحاڵى خۆى ده‌ربڕى به‌رامبه‌ر سه‌ردانى شاندى هه‌رێمى کوردستان بۆ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ و خواستى خۆى ده‌ربڕى به‌رامبه‌ر به‌ به‌رزکردنه‌وه‌ى ئاستى په‌یوه‌ندیه‌کانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان له‌ ئایینده‌دا و فراوان کردن و په‌ره‌پێدانى ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌.

هاوکات ستایشى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى کرد بۆ له‌ ئامێزگرتنى ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ى ئاواره‌کان و جه‌ختى کردووه‌ که‌ ووڵاتى سوید به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پێشکه‌ش کردنى هاوکاریه‌کانیان له‌ ڕابردوودا بڕى بیست و پێنج ملیۆن دۆلارى ئه‌مریکیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ته‌رخان کردبوو له‌ ڕێگاى ئاژانسه‌کانى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و ڕایگه‌یاند به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر پێشکه‌ش کردنى ئه‌و هاوکاریانه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ ڕایگه‌یاند " هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ له‌ جه‌نگیان به‌رامبه‌ر داعش سه‌لماندیان که‌ هێزێکن جێگاى متمانه‌ن و به‌ره‌نگارى ئه‌و ڕێکخراوه‌ تیرۆریستیه‌ بوونه‌ته‌وه‌  پێویسته‌ ڕێکخراوى داعش کۆتایى پێ بهێنرێت و هاوکارى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ بکرێت  وه‌ حکومه‌تى سوید هه‌ڵسه‌نگاندن ده‌کات به‌ مه‌به‌ستى ناردنى ژماره‌یه‌ک ڕاهێنه‌رى سه‌ربازى بۆ هه‌رێمى کوردستان به‌ مه‌به‌ستى مه‌شق پێکردنى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌".

پاشان به‌رپرسى په‌یوه‌ندیه‌کانى ده‌ره‌وه‌ باسى له‌ هه‌وڵه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم کرد بۆ به‌جینۆساید ناساندنى تاوانه‌کانى داعش به‌رامبه‌ر به‌ پێکهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئاینیه‌کان و داواى پشتگیرى و پشتیوانى حکومه‌تى سویدى کرد له‌و باره‌یه‌وه‌.

له‌ کۆتاییدا باس له‌ ڕۆڵى گرینگى ڕه‌وه‌ندى کوردستانى کرا که‌ فاکته‌رێکى گرنگن له‌به‌ره‌وپێش بردنى په‌یوه‌ندیه‌کان و هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند که‌ کۆمپانیاکانى سوید ده‌توانن به‌شداربن له‌ ده‌رفه‌ته‌کانى وه‌به‌رهێنان و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى کوردستان.

دوابه‌دواى کۆبوونه‌وه‌که‌ش کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانى ئه‌نجامدرا و ده‌ره‌نجامه‌کانى کۆبوونه‌وه‌که‌ بۆ ده‌زگاکانى ڕاگه‌یاندن خرایه‌ڕوو.


زۆرترین خوێندراو