ئۆباما به‌رپرسیاریه‌تى کرده‌وه‌یه‌کى هه‌ڵه‌ى ده‌زگاى هه‌واڵگرى وڵاته‌که‌ی له‌ ئه‌ستۆى خۆى ده‌گرێت

4/23/2015 9:09:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

باراک ئۆباما سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا   به‌رپـرسیارێتى ته‌واوى کرده‌وه‌یه‌کى هه‌ڵه‌ى ده‌زگاى هه‌واڵگرى وڵاته‌که‌ى له‌ئه‌ستۆده‌گرێت که‌له‌ ناوچه‌یه‌کى سنوورى نێوان پاکسـتان و ئه‌فغانسـتاندا بوه‌ هۆى کوژرانى دوو بارمته‌ که‌ یه‌کێـکیان ئه‌مه‌ریکى و ئه‌وى تریانیان ئیتاڵى بووه‌.

سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا ڕۆژى پـێـنج شه‌ممه‌ له‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ کۆشـکى سـپى ڕاگه‌یاند : که‌ به‌رپـرسیارێتى ته‌واوى ئه‌و ڕووداوه‌ له‌ ئه‌ستۆى خۆى ده‌گرێت.

ئۆباما ئاماژه‌شى به‌وه‌دا که‌ ئه‌مه‌ ڕاستیـیه‌کى قورس و تاڵه‌ که‌ له‌ ته‌متومانى و ناڕوونى شه‌ڕدا به‌ گشتى ڕووده‌ده‌ن. شه‌ڕى ئێمه‌ به‌ وردى له‌ دژى تیرۆره‌، هه‌ڵه‌ و هه‌ندێـک جار هه‌ڵه‌ى کوشنده‌ ڕه‌نگه‌ ڕووبده‌ن، به‌ڵام یه‌ک شت ئه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا له‌ زۆر وڵاتى تر جیاواز نیشان ده‌دات ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ ئاماده‌ین ڕووبه‌ڕووى ئه‌نجامى هه‌ڵه‌کانمان بـبینه‌وه‌ و په‌ندیان لێ وه‌ربگرین."

  ئۆبامائه‌وه‌شى خسته‌روو که‌ ده‌زگا هه‌واڵگریـیه‌کانى ئه‌مه‌ریکا نه‌یانده‌زانى بارمته‌ له‌و بینایه‌دا بوون که‌ کرابووه‌ ئامانج. وتیشى زانیاریـیه‌کانى پـێـیان گه‌یشتووه‌ پـشـتڕاستیان کردووه‌ته‌وه‌ "واڕن واینشتاینى ئه‌مه‌ریکایى و جیۆڤانى لۆپـۆرتۆى ئیتاڵى "له‌ کرده‌وه‌یه‌کدا که‌ له‌ مانگى یه‌کى ڕابردوو ئه‌نجامدرابوو کوژراون.

وتیشى کرده‌وه‌که‌ ته‌واو به‌پـێى ڕێنمایـیه‌کانى نه‌هێشـتنى تێرۆر ئه‌نجام درابوو و پـێـیان وابووه‌ که‌سى سیڤیل له‌و شوێنه‌دا نین له‌ کاتى ئه‌نجامدانى هێرشه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ى کرابووه‌ ئامانج.

شایانى باسه‌ بارمته‌ ئه‌مه‌ریکایـیه‌که‌ پـزیشک بووه‌ و بۆ ئاژانسى گه‌شه‌پـێدانى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌مه‌ریکایى له‌ پاکسـتان کارى کردبوو‌ و له‌ سـاڵى 2011 له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵێـک چه‌کداره‌وه‌ ڕفێندرا. ئیتالیـیه‌که‌ش که‌ بۆ ڕێـکخراوێـکى کۆمه‌کى ئه‌ڵمانى کارى ده‌کرد ئه‌ویش له‌ پاکسـتان له‌ مانگى یه‌کى 2012 ڕفێندرا.

هه‌روه‌ها له‌و کرده‌وه‌یه‌دا دوو ئه‌مه‌ریکایى سه‌ر به‌ قاعیده‌ش کوژران، ئه‌وانیش ئه‌حمه‌د فاروق ڕێبه‌رێـکى گروپه‌که‌ و ئاده‌م غه‌دان که‌ بۆ ماوه‌یه‌ک وته‌بێژى گروپه‌که‌ بوو.



سه‌رچاوه‌ : ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا 


زۆرترین خوێندراو