سه‌رۆک کۆمارى عێراق داوا له‌ ده‌وڵه‌تان و گه‌لانی جیهان ده‌کات یه‌ک ده‌نگ بن بۆ قه‌ڵاچۆکردنی به‌ڵای تیرۆر

4/24/2015 11:59:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆک کۆمارى عێراق داوای له‌ گه‌لانی جیهان و ده‌وڵه‌ته‌کانیان کرد هه‌ڵوێستێکی  یه‌کگرتو و  هاوکارییان هه‌بێت بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی به‌ڵای ترسناکی تێرۆر،ره‌فتاره‌کانی تاقمی داعشى وه‌ک نمونه‌یه‌کی ترسناک وه‌سفکرد که‌  به‌ناوی ئایین و تایه‌فه‌گه‌رییه‌وه‌ خۆی ده‌نوێنێت و دوپاتیکرده‌وه‌ ده‌بێت توندڕه‌وه‌یی و زیاده‌ رۆیی له‌ بیری ئایین و مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه‌ییدا ره‌ت بکرێنه‌وه‌ ،داوای له‌ کۆمه‌ڵه‌کانی مرۆڤایه‌تیی کرد په‌یوه‌ندییه‌کی مرۆیی پۆزه‌تیڤ له‌ نێو خۆیاندا دابمه‌زرێنن 
  .
ئه‌و دوپاتکردنه‌وه‌یه‌ی سه‌رۆک کۆمارى عێراق له‌ میانه‌ی وتارێکدا بو که‌ رۆژی  پێنج شه‌ممه‌ 23 ى نیسانى 2015 له‌ میانه‌ی به‌شداریکردنی له‌ (کۆنگره‌ی باڵای ئاشتیی )که‌ له‌ شاری ئه‌سته‌نبوڵی تورکیا به‌ڕێوه‌ چوو ،هه‌ریه‌ک له‌ سه‌رۆکی تورکیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان و ئه‌حمه‌د داود ئۆغلو سه‌رۆک وه‌زیری تورکیا و ژماره‌یه‌ک له‌ سه‌رکرده‌کانی ده‌وڵه‌تانی جیهان ئاماده‌ی بون.
ئه‌مه‌ش ده‌قی ته‌رجه‌مه‌ی وتاره‌که‌ی سه‌رۆک کۆمارى عێراق : 



 فه‌خامه‌تی  سه‌رۆک ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان  سه‌رۆک کۆماری تورکیا 
سه‌رۆک و میر و سه‌رۆک وه‌زیره‌ به‌ڕێزه‌کان 
خوشک وبرایانی به‌شداربوی کۆنگره‌ ..
 
سڵاوی خواتان لێ بێت 
خۆشحاڵم لێره‌ کۆبوینه‌ته‌وه‌ به‌ به‌بۆنه‌ی یادێکی گرنگ که‌ مانای زۆر هه‌ڵده‌گرێت ،چ له‌ مێژوی نیشتمانیی گه‌لی تورکیا دۆست ،یان له‌ مێژوی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌مان وه‌ک چۆن له‌ مێژوی جیهانی هاوچه‌رخماندا.. به‌ر له‌وه‌ رێگه‌م بده‌ن سوپاسی گه‌رمی برای به‌ڕێزم سه‌رۆک ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان بۆ بانگهێشته‌ به‌نرخه‌که‌ بۆ ئاماده‌ بونمانله‌م کۆنگره‌ و بۆنه‌یه‌دا  .

یادکردنه‌وه‌ و مێژوی جه‌نگ و شه‌ڕه‌کان بیره‌وه‌ری و یادگاریین ، کاره‌سات و ئازاری زۆریان له‌گه‌ڵدایه‌ و مانا و روخساری  زۆریشیان هه‌یه‌ که‌ گه‌لان دوای جه‌نگه‌کان ده‌یبنن و ره‌هه‌نده‌ کانی  فکری مرۆیی  پێشکه‌وتن و گه‌شه‌کردنه‌کانی هه‌ڵ ده‌سه‌نگێنن .
 مرۆڤایه‌تیی له‌ لایه‌ک قاره‌مانێتیی وقوربانیدانه‌کان له‌ جه‌نگ و شه‌ڕه‌کانی شکۆمه‌ندیی و سه‌ربه‌رزیی به‌رز ده‌نرخێنێت و ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ی شانازیکردن به‌ مێژوه‌که‌یی و قاره‌مانێتیی نه‌وه‌کانی ،له‌ لایه‌کی تریش گه‌لان و مرۆڤایه‌تیی ده‌رس و په‌ندییان لێ وه‌رده‌گرێت له‌ مێژوی جه‌نگ و شه‌ڕه‌کاندا بۆ ته‌ئکید کردنه‌وه‌ له‌ به‌های ئۆقره‌یی و نیاز پاکیی و باش لێک تێگه‌یشتن له‌ نێوان نه‌ته‌وه‌کان و پێکه‌وه‌ ژیانیان به‌ ئازادیی و شه‌ره‌ف مه‌ندییه‌وه‌.
دیاره‌ (ئاشتیی )که‌ ناونیشانی ئه‌م کۆنگره‌یه‌یه‌ به‌ها و نرخی سه‌ره‌تا و کۆتایی ئه‌م جۆره‌ یادکردنه‌وه‌یه‌ی شه‌ڕێکی مێژویی گرنگه‌،ئه‌ویش ئاشتییه‌ که‌ مرۆڤایه‌تیی پێی شاد ده‌بێت دوای ئه‌وه‌ی بیرکردنه‌وه‌ و ئه‌قڵی مرۆڤ مه‌ده‌نیی ده‌بێت له‌ تێڕامان و روانینه‌کانی بۆ مێژو به‌ره‌وپێش ده‌چێت و ده‌یکاته‌ په‌ند و ده‌رس بۆ بنیات نانی ژیان و په‌رۆش بونی بۆ مرۆڤ که‌ جێگری یه‌زدانه‌ له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه‌ .

ئێستا رۆڵه‌کانی لایه‌ن جیاجیاکانی شه‌ڕی (جه‌نا قه‌ڵا)له‌ نێو ئاماده‌بوانی ئه‌م ئاهه‌نگه‌دان که‌ شه‌ڕێک بوه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی خوێناویترین شه‌ڕ بوه‌ له‌ مێژوی جه‌نگه‌کاندا به‌ڵام په‌ندێکی زۆر گرنگ و بایه‌خداری هه‌یه‌ بۆ ئاشتبونه‌وه‌ و لێک تێگه‌یشتنی ئاشتیی که‌ به‌و پێیه‌  له‌ نێو نیشتمانه‌کانمان و له‌ نێوان ده‌وڵه‌ته‌کانمانداده‌ست بخه‌یه‌نه‌ نێو ده‌ست له‌ پێناوی ئاشتیدا   .

جه‌نگ خۆی سه‌پاند چه‌ندین ملیۆن مرۆڤ له‌ گه‌لانی جیهان بونه‌ قوربانیی سه‌دان هه‌زاریان له‌ دانیشتوانی وڵاته‌که‌مان (عێراق) بون به‌ تایبه‌تیی قوربانیه‌کانی کوت و عه‌مماره‌. ئه‌وانه‌ بۆ به‌رگریکردن له‌ خاک و ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی هه‌مویان له‌ سایه‌یدا ده‌ژیان کوژران .سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌و جه‌نگه‌ به‌ زیانێکی زۆر کۆتایی هات ،به‌ڵام ده‌وڵه‌ته‌ براوه‌کانی جه‌نگ رێککه‌وتنامه‌ی سایکس پیکۆ یان به‌سه‌رماندا سه‌پاند له‌ روانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیانه‌وه‌ نه‌ک له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لانی ناوچه‌که‌.

هه‌میشه‌ مێژو له‌م ناوچه‌یه‌دا ناجێگیر بوه‌ ،عێراقی ئه‌مڕۆ و تورکیای ئێستا هه‌ردوکیان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عه‌باسییدا بون که‌ به‌غداد پایته‌ختی بوه‌ ،دواتر بارودۆخ گۆڕا حاڵه‌ته‌کانیش گۆڕان ،ده‌وڵه‌ته‌کان ئاڵوگۆڕیان به‌سه‌ردا هات تا ئه‌سته‌نبول بوه‌ پایته‌ختی خه‌لافه‌ت ،هه‌ردو کیان دوپایته‌ختی گرنگن له‌ مێژوی ناوچه‌که‌ و مێژوی جیهان،به‌غدادی عه‌باسییه‌کان که‌ له‌ سه‌رده‌می زێڕینیدا حوکمی به‌شێکی زۆری ئاسیا و ناوچه‌یه‌کی فراوانی ئه‌وروپا و ئه‌فریقای ده‌کرد ،ئه‌سته‌نبوڵی عوسمانلیش له‌وپه‌ڕی هێزی خۆیدا هه‌ژمون وده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌دا ده‌شکا ...ئه‌وه‌ مێژویه‌که‌ به‌ جیاوازیی قۆناغه‌کانیه‌وه‌ چه‌ندین سه‌ده‌ پێکه‌وه‌ به‌سه‌رمان بردوه‌ ، به‌ گوێره‌ی هه‌لومه‌رجه‌کان تاوێک رازیی بوین سه‌رده‌مێکیش ناڕازیی  به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ نێوان هه‌ردو ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆمان و ده‌وڵه‌تانی تری ناوچه‌که‌دا هه‌یه‌ دۆستایه‌تیی و نزیکایه‌تیی مێژو و ئایین کلتوره‌ که‌  پێکه‌وه‌ ژیان و کاری هاوبه‌ش و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش و لێکتێگه‌یشتنی پۆزه‌تیڤ ئاسان ده‌کات و زامنی ئاشتیی پێشکه‌وتنی ناوچه‌که‌ و گه‌شه‌سه‌ندنی بێت و پێگه‌ی شارستانیی مرۆڤایه‌تیی بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ  نێو کۆمه‌ڵه‌ هاوچه‌رخه‌کان.
.
به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ ناوچه‌که‌مان به‌ده‌ست چه‌ندین کێشه‌ی سیاسیی و ئه‌منیی و ئابوریی و ناکۆکیی ئیقلیمیییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت که‌ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌کات له‌ ئاسایشی هه‌مومان و ئاشتیی  و گه‌شه‌سه‌ندن و تاوسه‌ندنی ده‌وڵه‌ته‌کانمان. ئه‌وانه‌ چه‌ندین ناکۆکین  له‌ هه‌مومان وا راده‌بینرێت که‌ به‌ لێپرسراوێتییه‌کی گه‌وره‌تره‌وه‌ مامه‌لچه‌ له‌ته‌ک مه‌ترسییه‌کانیاندا بکه‌ین که‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ زوربه‌ی ده‌وڵه‌ته‌کانمان ده‌کات ،ئه‌و ناکۆکیانه‌ له‌ نێو دراوسێکاندا خۆیان سه‌پانده‌وه‌  ئه‌وه‌ش به‌ هۆی نه‌بون یان به‌ ره‌تکردنه‌وه‌ی که‌ش و هه‌وای لێکتێگه‌یشتن و کارکردن به‌ گیانی راشکاویی دروست بون و ده‌بێت کار بکه‌ین که‌ متمانه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناومان و خانه‌ گومانیی بڕه‌وێنینه‌وه‌.

راسته‌ ئێمه‌ له‌ جیهانێکی ناجێگیر و پڕ کێشه‌ دا ده‌ژین ،به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ردا جیهانی هاوچه‌رخمان به‌ هۆی هاوسه‌نگیی نێوده‌وڵه‌تیی و گۆڕانکارییه‌ شارستانییه‌مرۆییه‌کان رێگه‌ نادات به‌ خۆسه‌پاندنی لایه‌نێک له‌سه‌ر حسابی  لایه‌نێکی تر و لکاندنی زۆره‌ ملێی ده‌وڵه‌تێک یان به‌شێک له‌ ده‌وڵه‌تێک به‌ ده‌وڵه‌تانی تره‌وه‌ ،ئێمه‌ له‌ عێراق و ناوچه‌که‌ له‌ ساڵی هه‌زارو نۆسه‌د ونه‌وه‌د و یه‌ک ناخۆشیی زۆرمان بینیوه‌ له‌ ده‌ره‌نجامی ئه‌و ره‌فتاره‌ سه‌رکێشی وتوندانه‌ که‌ چه‌ندین کاره‌ساتی لێکه‌وته‌وه‌ و تائێستاش ئاسه‌واره‌ سه‌خته‌کانی له‌سه‌ر وڵاته‌که‌مان و ناوچه‌که‌ به‌گشتیی جێهێشتوه‌ .

خوشکان برایان با بیر بکه‌ینه‌وه‌ و کار بکه‌ین  بۆ ژیان و خۆشگوزه‌رانیی  گه‌له‌کانماندا، بۆ بنیاتنانی په‌یوه‌ندییه‌کی مرۆیی پۆزه‌تیڤ له‌ نێو  کۆمه‌ڵه‌کانمان و ده‌وڵه‌ته‌کانماندا و، هه‌وڵ بده‌ین  بۆ ژیان و پێشکه‌وتن  و سه‌ربڵندیی ،نه‌ک بۆ مردن و وێرانکردن و  کاولکاریی.

پێشکه‌وتن و سه‌رکه‌وتنی هه‌مومان پێکه‌وه‌ بناغه‌ی ئۆقره‌یی و گه‌شه‌سه‌ندنی ناوچه‌که‌یه‌ ،پێشکه‌وتنێکه‌ سودی بۆ هه‌موانه‌ و په‌ره‌ ده‌دات به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌کان ئه‌وبه‌رژه‌وه‌ندیانه‌ زیاتر ده‌بن کاتێک هه‌لی هاریکاریی و کاری بنیاتنه‌ر زیاتر بڕه‌خسێنین  ئه‌وه‌ش خزمه‌تی گه‌له‌کانمان و په‌ره‌پێدانی وڵاته‌کانمان ده‌کات  .
ئه‌وانه‌ شاره‌زایی دیار و رونی مرۆیین  با په‌نا ببه‌ین بۆ ئه‌و شت به‌دیهیانه‌ی مرۆڤایه‌تیی و به‌ها و نرخی مرۆڤ  و ژیان و گه‌شه‌سه‌ندنی مرۆچ له‌ ناوچه‌که‌ماندا به‌رز و بڵند بکه‌ین.
با به‌هێز و یه‌ک ئیراده‌ وه‌ به‌گژ توندڕه‌ویی و زیادڕه‌وی ده‌مارگیریی ئاینیی و مه‌زهه‌بیی و نه‌ته‌وه‌یی  و کۆمه‌ڵایه‌تیی یه‌وه‌ بوه‌ستینه‌وه‌ .

به‌ڵای ئه‌م سه‌رده‌مه‌مان توندڕه‌وییه‌ ،ترسناکترین و توندو تیژترینیان  تێرۆره‌ که‌ ئێستا به‌ ناوی ئایین و تایه‌فه‌وه‌ ده‌کرێت ،ره‌شترین نمونه‌ش تاقمی داعشن  که‌ رق و بوغز و تاریک په‌رستیی گه‌یاندنیه‌ ئاسه‌واره‌ شارستانییه‌کانمان  که‌ گه‌له‌کانمان و گه‌لانی جیهانیش شانازییان پێوه‌ده‌که‌ن که‌ سوکایه‌تییان به‌هه‌مو پێودانگێکی مرۆڤایه‌تیی  و شکۆیی مرۆڤ و مافی ژیان و بیرکردنه‌وه‌ و بیروباوه‌ڕ کرد .

با هه‌مومان هه‌ڵوێستێکی  هاوپشتیی یه‌کگرتومان هه‌بێت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م به‌ڵا ترسناکه‌دا ،ئه‌گه‌ر فه‌رامۆشمان کردو به‌ لێپرسراوێتییه‌کی هاوبه‌شه‌وه‌ کار نه‌که‌ین ئه‌وا  هیچ کام له‌ ئێمه‌ له‌ مه‌ترسیی و هه‌ڕه‌شه‌کانی به‌دور نابین  ته‌نانه‌ت قاڕه‌ و کیشوه‌ره‌کانیش ناتوانن  ببنه‌ به‌ربه‌ست.
 
فه‌خامه‌تی سه‌رۆک 
خوشکان ..برایان ..

گه‌له‌کانمان و مرۆڤایه‌تیش چاوه‌ڕێی هه‌مومانن  هه‌ڵوێستێک بگرینه‌ به‌ر له‌ ئاست ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ گه‌ورانه‌دا بێت که‌ به‌رۆکمان ده‌گرێت ، با پره‌نسیبی پێکه‌وه‌ ژیان و په‌یوه‌ندیی مرۆڤایه‌تیی و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش بکه‌ینه‌ خه‌می سه‌ره‌کیمان ، با کار بکه‌ین بۆ رێگرتن له‌ ده‌ستوه‌ردانی ده‌وڵه‌تێک له‌ کاروباری ئه‌وی تر ، ئه‌وه‌  ژیان و جوگرافیا و کلتوره‌کانمانه‌ که‌ باش لێک تێگه‌یشتنمان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنن،ئاینده‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌بێت که‌ زمانی لێکتێگه‌یشتن ده‌زانێت و له‌ روانگه‌ی خۆشه‌ویستیی هه‌نگاو ده‌نێت و ئازادیی و دیموکراسیی داده‌مه‌زرێنێت .

دوباره‌ فه‌خامه‌تی سه‌رۆک سوپاس بۆ ئێوه‌ و تورکیای دۆست بۆ ئه‌م بانگهێشته‌ مه‌زنه‌ بۆ ئاماده‌ بون له‌ کۆنگره‌ی ئاشتیی.
باهه‌مومان پێکه‌وه‌ به‌ ئاشتیی بژین .


زۆرترین خوێندراو