ئۆباما: ئێران په‌یمانه‌ سه‌ره‌کییه‌کانى په‌یوه‌ست به‌ ڕێککه‌وتنى ناوکى به‌جێ گه‌یاندووه‌

1/18/2016 5:54:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز


باراک ئۆباماى سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا ڕۆژى یه‌کشه‌ممه‌ى به‌ 24 کاتژمێرى مێژوویى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان ئه‌مه‌ریکا و ئێران له‌ قه‌ڵه‌م دا و ستایشى دیپلۆماسیه‌تى به‌هێزى ئه‌مه‌ریکاى کرد پاش جێبه‌جێ کردنى ڕێککه‌وتنى ناوکى مێژوویى و گۆڕینه‌وه‌ى زیندانیان که‌ بوو به‌هۆى ئازاد کردنى پێنج ئه‌مه‌ریکایى که‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ ده‌ستگیر کرابوون.

  ئۆباما وتى "دوێنێ ده‌ستپێکى پێشهاته‌یه‌کى گرنگ بوو له‌ ڕێگه‌گرتن له‌وه‌ى ئێران ببێت به‌ خاوه‌نى چه‌کێکى ئه‌تۆمی. به‌ پێى ڕێککه‌وتنه‌ ناوکییه‌که‌ ئێران ئێستا به‌ڵێنه‌ سه‌ره‌کییه‌کانى په‌یوه‌ست به‌ ڕێککه‌وتنه‌که‌ى به‌جێ گه‌یاندووه‌".

سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا ده‌شڵێت " له‌ ماوه‌ى زیاتر له‌ 10 ساڵى ڕابوردوودا ئێران هه‌ر به‌ده‌وام بوو له‌سه‌ر به‌رنامه‌ى ناوکی، نزیکه‌ى 20 هه‌زار سه‌نته‌رفیوجى دامه‌زراندبوو که‌ ده‌کرا به‌ڕێگاى ئه‌وانه‌ یۆرانیۆم بپیتێندرێت بۆ دروستکردنى بۆمبێکى ناوکی. ئه‌مڕۆ ئێران دوو له‌سه‌ر سێى ئه‌و ده‌زگایانه‌ى لاداوه‌. به‌ر له‌ ڕێککه‌وتنه‌که‌ ئێران به‌ به‌ردوامى یۆرانیۆمى عه‌مبار کراوى زیاد ده‌کرد که‌ به‌شى نزیکه‌ى 10 بۆمبى ناوکى ده‌کرد. ئه‌مڕۆ زیاتر له‌ سه‌دا 98 ى ئه‌و یۆرانیۆمه‌ عه‌مبار کراوانه‌ى له‌ ئێران ده‌رکردووه‌. پێشا ئێران نزیک بوو که‌ کۆتایى هێنان به‌ ڕیاکته‌رێکى نوێى ناوکى که‌ تواناى به‌رهه‌مهێنانى پلاتۆنیۆمى بۆ بۆمێک هه‌بوو. ئه‌مڕۆ بناغه‌ى ئه‌و ڕیاکته‌ره‌ له‌ ناو براوه‌و پڕکراوه‌ته‌وه‌ و ناتوانرێ جارێکى تر به‌کاربێته‌وه‌. به‌ر له‌ ڕێککه‌وتنه‌که‌ جیهان به‌ شێوه‌یه‌کى زۆر که‌م ده‌یتواونى به‌رنامه‌ى ناوکى ئێران ببینێت، ئه‌مڕۆ پشکێنه‌رانى جیهانى له‌وێن و ئێران ده‌که‌وێته‌ ژێر سیسته‌مێکى پشکنینى هه‌ره‌ گشتگیر و توند که‌ هه‌تا ئێستا دانوساندن له‌سه‌ر چاودێرى پرۆگرامى ناوکى کرابێت. لێکۆله‌ران ڕۆژى 24 کاتژمێر هه‌ر 365 ڕۆژى ساڵ چاودێرى داموده‌زگا سه‌ره‌کییه‌ ناوکییه‌کانى ئێران ده‌که‌ن. بۆ چه‌ندین ده‌یه‌ى داهاتووش پشکێنه‌ران ده‌ستان به‌ ته‌واوى داموده‌زگاى ناوکیه‌کانى ئێران ڕاده‌گات. که‌واته‌ ئه‌گه‌ر ئێران هه‌وڵ بدات به‌ نهێنى بۆمبێک دروست بکات ئاگادار ده‌بین".


جگه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ى ناوکى ئۆباما پێى وایه‌ به‌ کارکردن له‌گه‌ڵ ئێران توانیویانه‌ کێشه‌ى تریش چاره‌سه‌ر بکه‌ن " کاتێک  ده‌ریاوانه‌کانمان له‌ که‌نداوى فارس به‌ هه‌ڵه‌ که‌وتنه‌ ئاوى ئێرانه‌وه‌ که‌ ڕه‌نگه‌ ببوایه‌ته‌ مه‌سه‌له‌یه‌کى گه‌وره‌ى نێونه‌ته‌وه‌یی. هه‌ندێک که‌س لێره‌ له‌ واشنتۆن زۆر به‌ په‌له‌بوون که‌ بڵێن ئه‌مه‌ سه‌ره‌تاى قه‌یرانى بارمته‌ گرتنێکى تره‌. به‌ڵام له‌ برى ئه‌وه‌ ئێمه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ حکومه‌تى ئێراندا کارمان کرد و ئازاد کردنى ده‌ریاوانه‌کانى خۆمانمان له‌ که‌متر له‌ ماوه‌ى 24 کاتژمێردا مسۆگه‌ر کرد".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌کرد که‌ چه‌ند ئه‌مه‌ریکایى که‌ به‌ بێ پاساو له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ ده‌ستگیر کرابوون له‌ کۆتاییدا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ وڵات.

له‌ کۆتایى وتاره‌که‌ى ڕۆژى یه‌کشه‌ممه‌یدا سه‌ۆرکى ئه‌مه‌ریکا جارێکى تر سوپاسى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ جۆن کیرى و ته‌واوه‌ى تیمى ئاسایشى نیشتمانى به‌ ڕێبه‌رایه‌تى سوزه‌ن ڕایسى کرد بۆ کاره‌کانیان وه‌ هه‌روه‌ها سوپاسى هاوکارییه‌کانى هه‌مو هاوپه‌یمانان و هاوبه‌شانى ئه‌مه‌ریکاى کرد و وتى " هیوادارم ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌ک بێت بۆ ده‌رفه‌ت به‌لایه‌نى که‌م بۆ ئێران تا زیاتر هاوکار بێت له‌گه‌ڵ وڵاتانى سه‌رانسه‌رى جیهان بۆ به‌ره‌وپیشبردنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان و به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌و گه‌له‌ى چاویان له‌ ئاشتى و ئاسایشه‌ بۆ خێزانه‌کانیان".




سه‌رچاوه‌ : ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا


زۆرترین خوێندراو