داوا له‌ کۆنگرێسى ئه‌مه‌ریکا ده‌کرێت کاربکه‌ن بۆ یارمه‌تیدانى دارایى هه‌رێمى کوردسـتان

2/11/2016 9:57:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز


نوێنه‌ر باراک ئۆباما سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا له‌ هاوپه‌یمانێتى نێوده‌وڵه‌تى بۆ شه‌ڕى دژى داعش داواى له‌ کۆنگرێسى ئه‌مه‌ریکا کرد کاربکات بۆ یارمه‌تیدانى هه‌رێمى کوردسـتانى عێراق له‌ ڕووى دارایـیه‌وه‌، له‌م کاته‌ى پـێشـمه‌رگه‌ شه‌ڕى داعش ده‌کات.

برێت مه‌کگورک ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ له‌ به‌رده‌م کۆمیته‌ى په‌یوه‌ندیـیه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى ئه‌مه‌ریکا ئه‌م داوایه‌ى ئاڕاسته‌ى کۆنگرێس کرد و باسى له‌ کێشه‌کانى نێوان به‌غدا و هه‌ولێر و هه‌روه‌ها ناکۆکیـیه‌کانى نێو ماڵى کوردى کرد و وتی:" له‌ سه‌رده‌مى سه‌رۆک وه‌زیرى پـێشوو نورى مالیکى په‌یوه‌ندیـیه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردسـتان و به‌غدا زۆر خراپبوون. به‌ڵام له‌گه‌ڵ عه‌بادى زۆر جیاوازن. من ده‌مه‌وێت زۆر  به‌ ڕوون و ئاشکرا پـێتان بڵێم که‌ هه‌رچى بارى چه‌ک و پـێداویستى هه‌بووه‌ ویستوومانه‌ بۆ کورده‌کانى ڕه‌وانه‌ بکه‌ین گه‌یشتووه‌ و هیچیان له‌ لایه‌ن حکومه‌تى ناوه‌ندى عه‌بادیـیه‌وه‌ ڕانه‌گیراون."

پاشان کۆنگرێسمان جێرى کانلى که‌ دۆسـتێـکى کورده‌ قسه‌که‌ى پـێ بڕى و وتى "به‌ڵام موچه‌ى سه‌ربازه‌کان نادات"، ئه‌مه‌ش مه‌به‌ستى پـێشمه‌رگه‌یه‌.

مه‌کگۆرک له‌ وه‌ڵامدا وتى " زۆر که‌س له‌ عێراق موچه‌یان نادرێتێ. ڕاستیـیه‌که‌ى ئه‌وه‌ى ئێسـتا له‌ عێراقدا له‌ که‌رتى نه‌وت ده‌کرێت، کورده‌کان نه‌وتى خۆیان هه‌نارده‌ ده‌که‌ن و داهاته‌که‌ى بۆخۆیان هه‌ڵده‌گرن، بۆیه‌ له‌ داهاتى نه‌وتى باشورى به‌شیان نادرێتێ ئه‌مه‌ش شتێـکى ڕه‌وایه‌. به‌ڵام وه‌کو ئاماژه‌م پـێکرد عێراق مانگه‌نه‌ 5 ملیار دۆلار کورتى له‌ بودجه‌که‌ى هه‌یه‌ ئه‌مه‌ش گرفتێـکى گه‌وره‌یه‌. سه‌باره‌ت به‌ بودجه‌ى پـێشمه‌رگه‌ش 400 ملیۆن دۆلار کورتى هه‌یه‌. پـێشمه‌رگه‌ مانگه‌ پـێویستى به‌ 50 ملیۆن دۆلار هه‌یه‌ بۆ پـێدانى موچه‌که‌ی. ئینجا بۆیه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت به‌ گشتى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بکه‌ین له‌ ڕێگه‌ى ئامۆژکارى بانکى جیهانى و سندوقى دراوى نێوده‌وڵه‌تى و ڕێکخراوه‌ دارایـیه‌کانى دیکه‌ى نێوده‌وڵه‌تی. بێ گومان کورده‌کان ئه‌وه‌ى پـێویستیان پـێى هه‌بێت بۆ شه‌ڕى داعش و سه‌رکه‌وتن له‌ ڕزگارکردنى موسڵ به‌ده‌سـتبهێنن، ئه‌وا بۆیان دابین ده‌کرێت. بارزانى له‌ میونخ ده‌بینم و به‌ڕێز عه‌بادى ئه‌ویش له‌وێ ده‌بێت. کاتێک هه‌فته‌ى ڕابردوو که‌ له‌ عێراق بووم شاندێـکى زۆر باڵاى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردسـتان له‌ به‌غدا بوون و له‌گه‌ڵ عه‌بادى کۆبوونه‌وه‌ و په‌یوه‌ندى نێوانیان له‌ ئێسـتادا زۆر باشه‌ و ده‌مانه‌وێت هه‌روه‌ها بمێنێته‌وه‌. کورد له‌ باکور عێراق ناکۆکى سیاسى زۆریان له‌ نێواندایه‌، منیش وه‌کو دۆستێـکى نزیکیان له‌وێ هانیان ده‌ده‌م ڕێگه‌چاره‌ بدۆزنه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنیان. کاتێـک داعش له‌سه‌ر ده‌رگایان بوو هه‌موو کورده‌کان یه‌کگرتووبوون، کورده‌کانى سوریا، کورده‌کانى عێراق، هه‌ر هه‌موویان یه‌کگرتووبوون به‌ تایبه‌تى له‌ کاتى کۆبانى که‌ پـێشمه‌رگه‌ له‌ ڕێگه‌ى تورکیاوه‌ بۆ شه‌ڕى کۆبانى ڕۆیشتن به‌ ڕاستى ساتێـکى مێژوویى بوو که‌ منیش به‌شێـک بووم لێی. به‌ڵام ئێستا که‌ تۆزێـک مه‌ترسیـیه‌کانى داعش که‌مبوونه‌ته‌وه‌ هه‌موو ناکۆکیـیه‌کان سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌. سێ پارتى کوردى له‌ باکور هه‌ن ناکۆکى گه‌وره‌ له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌، ناکۆکى له‌ نێوان کورده‌کانى سوریا و عێراق هه‌یه‌. په‌یامى ئێمه‌ بۆ ئه‌وان هێشتا ئه‌م شه‌ڕه‌ کۆتایى پـێ‌نه‌هاتووه‌، ته‌واوى سنوورى باشورى هه‌رێمى کوردسـتان له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌ کۆنترۆڵکراوه‌، بۆیه‌ هه‌تا حاڵه‌ته‌که‌ به‌و شێوه‌یه‌ بێت، ئه‌وا بارودۆخێکى سه‌قامگیر له‌وێ نابێت. ئامۆژکارى ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ یه‌کگرتووبن له‌ به‌رامبه‌ر مه‌ترسیـیه‌کانى داعش. به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى ئه‌و جیاوازیـیه‌ زۆرانه‌، له‌ ئێسـتادا ده‌بێت له‌م کێشه‌ دارایـیه‌ى هه‌یانه‌ یارمه‌تیان بده‌ین، منیش چاوم له‌م کۆمیته‌یه‌یه‌ بۆ ئه‌م کاره‌."

پاشان کۆنگرێسمان جێرى کانلى وتى خۆشحاڵم گوێم له‌مه‌یه‌ و پـێموایه‌ پـێویسته‌ ئه‌و پـێداویستیـیه‌ دارایـیانه‌یان بۆ دابین بکه‌ین چونکه‌ به‌ ڕاستى ئه‌وان شه‌ڕه‌که‌ ده‌که‌ن.

برێت مه‌کگورک له‌ به‌شێـکى قسه‌کانى باسى له‌ سه‌ردانه‌که‌ى بۆ کۆبانى کرد و وتى هه‌فته‌ى ڕابردوو سه‌ردانى شارى کۆبانى کردبوو و چووبوو بۆ ئه‌و شوێنه‌ى که‌ له‌سه‌ر فه‌رمانى باراک ئۆباما فڕۆکه‌ بارهه‌ڵگره‌کانى له‌شکرى ئه‌مه‌ریکا له‌ مانگى یازده‌ى ساڵى 2014  ئامێر و پـێـدوایستـیه‌ له‌شکریـیه‌کانیان به‌ردایه‌وه‌ بۆ شه‌ڕڤانانى یه‌په‌گه‌. وتیشى فه‌رمانده‌یه‌کى یه‌په‌گه‌ پـێى گوتووه‌ به‌بێ ئه‌و یارمه‌تیـیانه‌ ئه‌وا کۆبانیان له‌ده‌سـتده‌دا.

هه‌روه‌ها وتى له‌و کاته‌وه‌ کار له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌ له‌سه‌ر زه‌وى ده‌که‌ین و توانیویانه‌ شکست به‌ داعش بهێنن و ته‌نها له‌ شارى کۆبانى 6 هه‌زار چه‌کدارى داعش کوژراون. پاشان ئه‌و هێزانه‌ توانیویانه‌ ناوچه‌یه‌کى فراوانى له‌سه‌ر سنوورى سوریا کۆنترۆڵ بکه‌ن و به‌ره‌و باشوریش پـێشڕوى بکه‌ن.

مه‌کگورک باسى له‌وه‌ش کرد داعش 40% ى ئه‌و ناوچانه‌ى داگیریکردبوون له‌ عێراق و 10 % ى ئه‌و ناوچانه‌ى داگیریکردبوون له‌ سوریا له‌ده‌سـتیداون، هه‌روه‌ها بارى ئابورى داعش خراپبووه‌ و موچه‌ى چه‌کداره‌کانى بۆ نیوه‌ که‌مکردووه‌ته‌وه‌.

پاشان وتى له‌ ئێسـتادا داعش ته‌نها ناوچه‌یه‌کى به‌ درێژایى 98 کیلۆمه‌تر به‌ده‌سـته‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌ تاوه‌کو له‌ ڕێگه‌ى وشکانى به‌ جیهان بگات، ئه‌ویش له‌سه‌ر سنوورى تورکیایه‌. وتیشى له‌ چه‌ند مانگى ڕابردوو چه‌ندان کۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ کاربه‌ده‌سـتانى تورک ئه‌نجامداوه‌، له‌وانه‌ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و وه‌زیرى ئه‌حمه‌د داوود ئۆغڵو به‌ مه‌به‌ستى کۆنترۆڵکردنى سنووره‌که‌یان له‌گه‌ڵ داعش و ئه‌مه‌ش ئه‌نجامى باشى هه‌بووه‌ و ئێسـتا سنووره‌که‌ زۆر به‌ توندى گیراون به‌ به‌راورد به‌ شه‌ش مانگ له‌مه‌وبه‌ر، بۆیه‌ هاتوچۆى که‌سانى داعش له‌و سنووره‌ زۆر قورس بووه‌.

ئێد ڕۆیس سه‌رۆکى کۆمیته‌ى په‌یوه‌ندیـیه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له‌ سه‌ره‌تاى دانیشتنه‌که‌ ئاگاهى دا که‌ داعش زۆر جێى مه‌ترسیـیه‌ و له‌ چه‌ندان وڵات گروپ هه‌ن پشـتیوانى لێده‌که‌ن. وتى له‌ ئێسـتادا 50 گروپ له‌ 21 وڵات له‌ سه‌رانسه‌رى جیهان په‌یوه‌ندیـیان به‌ داعشه‌وه‌ هه‌یه‌.

نوێنه‌رى سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا له‌م باره‌یه‌وه‌ دانینا به‌و ڕاستیـیه‌ى که‌ هێشـتا داعش مه‌ترسیـیه‌کى ڕاسته‌قینه‌یه‌ بۆ سه‌ر هه‌موو جیهان، سه‌ره‌ڕاى ئه‌و به‌ره‌وپـێشچوونانه‌ى به‌ده‌سـتهاتوون له‌ عێراق و سوریا.

وتیشى بۆیه‌ له‌ ئه‌مساڵدا کارى زیاتر و خێراتر له‌ دژى داعش ئه‌نجام ده‌درێت و سه‌نگى ده‌خرێته‌ سه‌ر هه‌وڵه‌کان بۆ ڕزگارکردنى شارى موسڵ که‌ به‌ کارێـکى قورسى ناودێرکرد به‌و پـێـیه‌ى نزیکه‌ى یه‌ک ملیۆن که‌س تیایدا ده‌ژین.

جه‌ختى له‌وه‌ش کرد هاوپه‌یمانێتى نێوده‌وڵه‌تى تاووتوێى پـلانه‌کان له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق و هێزه‌کانى پـێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ سووننه‌کان ده‌کات به‌ مه‌به‌ستى ئاماده‌کارى بۆ هێرشى سه‌ر داعش له‌ موسڵ.

باسى له‌وه‌ش کرد که‌ له‌ ئێسـتادا شه‌ڕى موسڵ ده‌سـتیپـێکردووه‌ به‌ بڕینى ڕێگه‌وبانه‌کانى بۆ ئه‌و شاره‌ و هه‌روه‌ها بۆردومانکردنى عه‌مباره‌کانى چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نى و بنکه‌کانى مه‌شق و ڕاهێنانی.




سه‌رچاوه‌ : ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا 


زۆرترین خوێندراو