په‌نتاگۆن: هێزه‌کانى ئه‌مریکا دواى شه‌ڕى داعش له‌ عێراق ده‌مێننه‌وه‌

3/26/2017 4:38:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌مریکا جه‌ختى له‌سه‌ر مانه‌وه‌ى هێزه‌کانى ئه‌مریکا له‌ عێراق دواى کۆتاییهاتنى شه‌ڕى داعش کرده‌وه‌. جێمس ماتیس، وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌مریکا له‌ لێدوانێکدا به‌پێى ڕۆژنامه‌ى میلیته‌رى تایمز ڕایگه‌یاندووه‌، دواى کۆتاییهاتن به‌ شه‌ڕى داعش هێزه‌کانى ئه‌مریکا له‌ عێراق ده‌مێننه‌وه‌.

سه‌ربارى لێدوانى ژماره‌یه‌ک به‌رپرسى به‌رگریى ئه‌مریکا له‌سه‌ر مانه‌وه‌ى هێزه‌کانى ئه‌مریکا دواى شه‌ڕى داعش، وه‌زیرى به‌رگریش ڕایگه‌یاندکه‌ مانه‌وه‌ى هێزه‌کانیان له‌ عێراقدا ده‌که‌وێته‌ چوارچێوه‌ى به‌رژه‌وه‌ندیى نیشتمانى ئه‌مریکا.

به‌پێى سه‌رچاوه‌که‌، ماتیس له‌ دانیشتنێکى پرسیار و وه‌ڵامدا له‌ لیژنه‌یه‌کى سه‌ناتى ئه‌مریکا ئه‌وه‌ى ڕاگه‌‌یاندووه‌ که‌ ده‌خوازن هێزه‌کانى ئه‌مریکا پاش شه‌ڕى داعش له‌ عێراق بمێننه‌وه‌.  له‌و باره‌یه‌وه‌ وتوویه‌تی، که‌ کارى هێزه‌کانى ئه‌مریکا به‌ته‌واوبوونى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنه‌وه‌ى موسڵ کۆتایى نایه‌ت و ئه‌رکى هێزه‌کانى ئه‌مریکایه‌ که‌ هێزه‌ عێراقییه‌کان به‌جێ نه‌هێڵن و هاوکارییان بکه‌ن تا شکست به‌ دوژمنه‌ هاوبه‌شه‌کان ده‌هێنن. 

هه‌روه‌ها به‌رپرسى په‌نتاگۆن ده‌ڵێ" من هیچ لۆژیکێک نابینم که‌ دیسان بکێشێینه‌وه‌ ‌و هه‌مان وانه‌ دووباره‌ ببینینه‌وه‌. ئه‌مریکا ئه‌رکى هه‌یه‌ له‌ عێراق و له‌ ناوچه‌که‌دا ده‌بێ به‌ ته‌واوه‌تى پێیه‌وه‌ پابه‌ند بێت."

هاوکات، جه‌نه‌ڕاڵ جۆزێف ده‌نفۆرد فه‌رمانده‌ى ناوه‌ندیى هێزه‌کانى ئه‌مریکا، هاوڕایى خۆى له‌گه‌ڵ جێمس ماتیس، وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌مریکا ڕاگه‌یاندووه‌ و ده‌ڵێ عێراق پێویستى به‌ مانه‌وه‌ و پابه‌ندیى هێزه‌کانى ئه‌مریکا هه‌یه‌.


زۆرترین خوێندراو