پیته‌ر گالبرێت: وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا هیچ باوه‌ڕێکی به‌یه‌کپارچه‌یى خاکى عێراق نیه‌

7/28/2017 9:24:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







پیته‌ر گالبرێت، باڵیۆزى پێشووى ئه‌مه‌ریکا له‌ کرواتیا، له‌ میانى به‌شداریکردنیدا له‌ کۆنفرانسى کوردستان هاوپه‌یمانى ستراتیژى ئه‌مه‌ریکا رایگه‌یاند، سه‌ربه‌خۆیى کوردستان رێگرى لێناکرێت، ئه‌وه‌ مافه‌ و له‌ چوارچێوه‌ى یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کانه‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌مه‌ریکایه‌.

 هه‌ر قسه‌یه‌کیش له‌ باره‌ى رێگریکردن له‌و ریفراندۆمه‌ سوودى نییه‌ و ناکرێت رێگرى له‌ سه‌ربه‌خۆیى بکرێت.

راشیگه‌یاند، ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانى دیکه‌ش، هه‌موو هه‌وڵێکیان بۆ هێشتنه‌وه‌ى یوگسلافیا بوو به‌ یه‌کپارچه‌یی، به‌ڵام به‌ هه‌زاران خه‌ڵکى کۆسۆڤۆ و سربیا و سلۆڤینیا سه‌ربه‌خۆییان ده‌ویست.  

ووتى : "ده‌بێ له‌وه‌ تێبگه‌ین ئه‌گه‌ر ریفراندۆم ئه‌نجامدرا، ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانى دیکه‌ خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌و راستى و واقعه‌ ده‌گونجێنین و له‌گه‌ڵ دیفاکتۆ و واقیعێکى دیکه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌که‌ن".

روونیشى کرده‌وه‌، با لۆمه‌ له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا نه‌کرێت، چونکه‌ ئه‌وان هیچ باوه‌ڕێکیان به‌ یه‌کگرتوویى و یه‌کپارچه‌یى خاکى عێراق نییه‌.

هه‌روه‌ها وتی: "هیچ ئه‌مه‌ریکییه‌ک ئه‌وه‌ى قه‌بووڵ نییه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتێکدا بژى که‌ گه‌له‌که‌ى تێیدا کۆمه‌ڵکوژ کرابێت، عێراقیش زیاتر وه‌ک وڵاتێکى داکۆکیکار له‌ نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌ب ده‌رکه‌وتووه‌" و روونیشیکرده‌وه‌، کورد چى بکات که‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کى جیاواز بووه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ کۆمه‌ڵکوژ کراوه‌.

 سه‌باره‌ت به‌و قسانه‌ى گوایه‌ سه‌ربه‌خۆیى کوردستان ناسه‌قامگیرى به‌ دواى خۆیدا ده‌هێنێت، ئه‌وا هیوادارم له‌وه‌ تێبگه‌ن، چ کاتێک رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست سه‌قامگیر بووه‌.

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند سه‌یره‌ که‌ ده‌گوترێت کوردستان ئاماده‌ نییه‌ و ئابوورییه‌که‌ى ئاماده‌ نییه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیى و وتی: "چ وڵاتێک به‌ر له‌ راگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆیى ئاماده‌بووه‌ و به‌هێز بووه‌، ئه‌مه‌ریکا؟ یان هه‌ر وڵاتێکى دیکه‌ هه‌بووه‌ به‌و شێوه‌یه‌ به‌هێز بووبێت و ئاماده‌ بووبێت".

شایانى باسه‌  ئه‌مڕۆ هه‌ینى 28 ى ته‌موزى 2017 پرسى سه‌ربه‌خۆیى و ریفراندۆمى کوردستان له‌ کۆنفرانسێکدا له‌ واشنتن‌  له‌ کۆنگرێسى ئه‌مریکادا خرایه‌روو که‌هه‌ر یه‌که‌ له‌ (مه‌سروور بارزانی) راوێژکارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى کوردستان و (نه‌جمه‌دین که‌ریم) پارێزگارى که‌رکووک و (جۆ وێڵسن) ئه‌ندامى کۆنگرێسى ئه‌مریکا که‌ نوێنه‌رى کارۆلیناى باشوور،‌ سه‌ر به‌ پارتى کۆماریى ئه‌مریکا‌‌ و (ترێنت فرانکس) ئه‌ندامى کۆنگرێسى ئه‌مریکا له‌ ویلایه‌تى ئه‌ریزۆنا له‌ پارتى کۆماریى ئه‌مریکا، له‌و کۆنفرانسه‌که‌دا له‌وباره‌یه‌وه‌ گفتوگۆ ده‌که‌ن .


زۆرترین خوێندراو