یوئێن: پێویسته‌ گفتوگۆى به‌غدا و هه‌ولێر له‌سه‌ر ڕیفراندۆم به‌رده‌وامى هه‌بێت

8/17/2017 6:42:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







نێرده‌ى تایبه‌تیى سکرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان بۆ هاریکاریى عێراق ڕایگه‌یاند پێویسته‌ هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر پرسى ڕیفراندۆمى هه‌رێمى کوردستان درێژه‌ به‌ گفتوگۆکانیان بده‌ن.

 له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا نووسینگه‌ى نێرده‌ى تایبه‌تیى سکرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان بۆ هاریکاریى عێراق (یۆنامی)، وێڕاى ڕه‌تکردنه‌وه‌ى هه‌واڵێکى ئێران له‌سه‌ر به‌نایاسایى دانانى ڕیفراندۆم له‌ هه‌رێمى کوردستان، ڕایگه‌یاند تێگه‌یشتنێکى هه‌ڵه‌ له‌ قسه‌کانى یان کوبیش نێرده‌ى تایبه‌تیى یوئێن بۆ هاریکاریى عێراق دروست بووه‌ به‌وه‌ى که‌ گوایه‌ وتوویه‌تى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم له‌ هه‌رێمى کوردستان نایاساییه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ هه‌واڵى ئاژانسه‌کانى ئێرانى ڕه‌تکرده‌وه‌. له‌ ڕوونکردنه‌وه‌که‌ی، (یان کوبیش)دا هاتووه‌ ئه‌نجامدانى گفتوگۆ له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى نێوانیان به‌ پرسى ڕیفراندۆمیشه‌وه‌، په‌یامى ڕێکخراوى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و ئه‌نجومه‌نى ئاسایشه‌ بۆ هه‌ردوو حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و به‌غدا.

جێى باسه‌، ئاژانسه‌کانى هه‌واڵى ئێران له‌ زارى یان کوبیش نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بۆ هاریکاریى عێراق (یونامی) بڵاویان کرده‌وه‌ که‌ نوێنه‌رى یوئین له‌ عێراق، ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم له‌ هه‌رێمى کوردستانى به‌ نایاسایى داناوه‌ و وتوویه‌تى پرسى ڕیفراندۆمى له‌و شێوه‌یه‌ له‌ ده‌ستوورى عێرادا نه‌هاتووه‌ و جه‌ختى له‌سه‌ر پێویستیى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى نێوان به‌غدا و هه‌ولێر کردووه‌ته‌وه‌.


زۆرترین خوێندراو