سه‌رۆکانى ڕووسیا و تورکیا و ئێران ڕێکه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى کۆبوونه‌وه‌یه‌کى سێ قۆڵى

11/16/2017 7:27:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







ووته‌بێژى سه‌رۆکایه‌تى تورکیا ده‌ڵێت هه‌فته‌ى داهاتوو تورکیا و ئێران و ڕووسیا کۆبوونه‌وه‌یه‌کى لوتکه‌یى له‌ ڕووسیا ئه‌نجام ده‌ده‌ن به‌ مه‌به‌ستى تاووتوێکردنى قه‌یرانى سوریا.

ئه‌مڕۆ پـێنجشه‌ممه‌ ئیبراهیم کالن بۆ میدیاکانى ڕاگه‌یاند هه‌ریه‌ک له‌ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و حه‌سه‌ن روحانى و ڤلادمیر پـوتن چوارشه‌ممه‌ى داهاتوو ڕێکه‌وتى 22 ى مانگى یازده‌ له‌ شارى سوچى کۆده‌بنه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ سوریا.

ووتیشى تاووتوێى ئه‌و ڕێکه‌وتنانه‌ ده‌که‌ن که‌ له‌ میانه‌ى وتووێژه‌کانى ئه‌ستانه‌ى پایته‌ختى کازاخستان پێى گه‌یشتوون له‌ باره‌ى ناوچه‌کانى هێورکردنه‌وه‌ى گرژیـیه‌کان له‌ سوریا. پاشان باس له‌وه‌ ده‌که‌ن چۆن هه‌رسێ وڵات به‌شدارى بکه‌ن له‌ وتووێژه‌کانى جنێڤ، ئه‌وانه‌ى به‌پـێى بڕیارى ژماره‌ 2254 ى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان به‌ڕێوه‌ده‌چن بۆ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى سیاسى بۆ قه‌یرانى سوریا.

له‌ مۆسکۆش، دمیترى پـێسکۆڤ گوته‌بێژى کرملین، هه‌واڵه‌که‌ى پشـتڕاستکرده‌وه‌ و به‌ گوته‌ى خۆى ئامانج له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ ئاسایش و سه‌قامگیرى سوریایه‌.

له‌ لایه‌کى دیکه‌ ڤلادمیر گبارۆڤ جێگرى یه‌که‌مى سه‌رۆکى کۆمیته‌ى کاروبارى نێوده‌وڵه‌تى له‌ په‌رله‌مانى ڕووسیا گوتویه‌تى له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ به‌ تایبه‌تى باس له‌ ڕه‌فتاره‌کانى ئه‌مه‌ریکا له‌ سوریا ده‌کرێت تاوه‌کو هه‌رسێ وڵات یه‌ک هه‌ڵوێستیان له‌ به‌رامبه‌ریدا هه‌بێت.

جێى ئاماژه‌یه‌ شه‌ڕى ناوخۆى سوریا که‌ به‌ ڕاپه‌ڕینێکى جه‌ماوه‌رى له‌ مانگى سێى ساڵى 2011ده‌ستیپـێکرد هه‌تا ئێستا بووه‌ته‌ هۆى کوژرانى زیاتر له‌ 300 هه‌زار که‌س و سه‌دان هه‌زار بریندار و به‌ ملیۆنان که‌سیش ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ربوون.




 ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا 



زۆرترین خوێندراو