پاراگواى باڵیۆزخانه‌ى خۆى له‌ ئیسرائیل بۆ ئۆرشه‌لیم گواسته‌وه‌

5/21/2018 1:27:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز








پاراگواى باڵیۆزخانه‌ى وڵاته‌که‌ى له‌ ئیسرائیل گواسته‌وه‌ بۆ شارى ئۆرشه‌لیم، به‌مه‌ش بووه‌ سێـیه‌مین وڵات له‌ پاش ئه‌مه‌ریکا و گواتیمالا له‌وه‌ى باڵیۆزخانه‌کانیان له‌ شارى ته‌ل ئه‌ڤیڤ بۆ پایته‌ختى ئیسرائیل بگوێزنه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 21 ى مایسى 2018  ئۆراسیۆ کارتێس سه‌رۆکى پاراگواى و به‌نجامین نه‌ته‌نیاهو سه‌رۆک وه‌زیرى ئیسرائیل پـێکه‌وه‌ ئاماده‌ى مه‌راسیمى گواستنه‌وه‌ى باڵیۆزخانه‌که‌ بوون.

سه‌رۆکى پاراگواى بۆنه‌که‌ى به‌ ڕۆژێکى مێژووى ناودێرکرد و گوتى ئه‌م هه‌نگاوه‌ى وڵاته‌که‌ى مانایه‌کى گه‌وره‌ى هه‌یه‌ و گوزارشت ده‌کات له‌و دۆستایه‌تیـیه‌ ڕاسته‌قینه‌ و هاوسۆزیـیه‌ى له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا هه‌یه‌تی.

سه‌رۆک وه‌زیرى ئیسرائیل لاى خۆیه‌وه‌ ده‌ستخۆشى له‌ پاراگواى کرد و گوتى هاوکارى نێوان هه‌ردوو وڵات زیاترده‌بێت، به‌ تیابه‌تى له‌ بواره‌کانى ئاسایش و کشتوکاڵ و ته‌کنه‌لۆجیا.

جێى ئاماژه‌یه‌ ئیلادیۆ لویساگۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى پاراگواى هه‌ینى ڕابردوو گوتى وڵاته‌که‌ى بڕیارى گواستنه‌وه‌ى باڵیۆزخانه‌ى خۆى بۆ ئۆرشه‌لیم داوه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى که‌وتبێته‌ ژێر کاریگه‌رى هه‌رچ وڵاتێکى دیکه‌.

ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مه‌ریکا له‌ 14 ى مانگى پـێنج باڵیۆزخانه‌که‌ى بۆ ئۆرشه‌لیم گواسته‌وه‌، به‌وه‌ش بووه‌ یه‌که‌مین وڵات ئه‌م هه‌نگاوه‌ بنێت. به‌ دوایدا له‌ 16 ى مانگ گواتیمالا به‌ هه‌مان شێوه‌ باڵیۆزخانه‌که‌ى له‌ ته‌ل ئه‌ڤیڤه‌وه‌ بۆ ئۆرشه‌لیم گواسته‌وه‌.


زۆرترین خوێندراو