سه‌رچاوه‌یه‌ک: مالکی ده‌بێته‌وه به سه‌رۆک وه‌زیران، ئێران ڕێگه‌ی نه‌دا به موقته‌دا سه‌در سه‌ردانی بارزانی بکات
30/7/2010
سه‌رچاوه‌یه‌کی ئاگادار ئاشکرایکرد، ئێران نامه‌یه‌کی توندی ئاراسته‌ی هاوپه‌یمانه‌کانی خۆی له ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی به‌سه‌رۆکایه‌تی عه‌مار حه‌کیم و ره‌وتی سه‌در به‌سه‌رۆکایه‌تی موقته‌دا سه‌در کردووه‌و پێیڕاگه‌یاندوون که هیچ ڕێگایه‌کیان له‌به‌رده‌مدا نییه جگه‌له‌وه‌ی نوری مالکی سه‌رۆک وه‌زیرانی ماوه ته‌واوبوو سه‌رۆکی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی قانون وه‌ک کاندیدی سه‌رۆک وه‌زیران قبوڵبکه‌ن. ڕۆژنامه‌ی "شه‌رقولئه‌سه‌ت" له‌زاری ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌وه که یه‌کێکه له سه‌رکرده‌کانی ئیئتیلافی نیشتمانی، بڵاویکرده‌وه: له نامه تونده‌که‌ی ئێران‌دا بۆ سه‌درو حه‌کیم هاتووه "ده‌بێت به مالکی ڕازیبن ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌سه‌ریشتان بدات". سه‌رچاوه‌که ئاشکراشی کرد: موقته‌دا سه‌در به‌نیازبووه سه‌ردانی هه‌ولێر بکات، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ڵوێستی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێم دژ به مالکی و نزیکبوونه‌وه‌ی له ئه‌یاد عه‌لاوی سه‌رۆکی لیستی عێراقیه، ئێران ڕێگه‌ی به سه‌در نه‌داوه ئه‌و سه‌درانه‌ی بۆ هه‌ولێر بکات. شایانی باسه دوو هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر سه‌در سه‌ردانی دیمه‌شقی کرد‌و له‌گه‌ڵ ئه‌یاد عه‌لاوی کۆبووه‌وه‌و ڕاگه‌یه‌نرا که هه‌ردوولا ڕێکه‌وتوون کۆبوونه‌وه‌ی داهاتوویان له هه‌ولێر بێت به به‌شداری مه‌سعود بارزانی، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کیش ڕایانگه‌یاند بارزانی به‌ره‌سمی سه‌درو عه‌لاوی بانگێشتی هه‌ولێر کردووه. دوا به‌دوای ئه‌و ده‌رکه‌ته نوێیانه‌ش، چاوه‌ڕوانده‌کرێت له چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا هه‌ردوو ئیئتیلافی نیشتمانی و ده‌وڵه‌تی قانون کۆبوونه‌وه‌کانیان ده‌ستپێبکه‌نه‌وه‌و مالکی وه‌ک کاندیدی سه‌رۆکایه‌تی وه‌زیران ڕابگه‌یه‌نن.
|