1.9 ملیۆن ده‌نگده‌ری تاراوگه له‌چاوه‌ڕوانی هه‌ڵبژاردندان
1/2/2010
نوسه‌ر: نیقاش- ئامانج خه‌لیل
جواد عزه‌دین یه‌کێک له‌و عێراقیانه‌ی ماوه‌ی پێنج ساڵه وڵاته‌که‌ی جێهێشتوه‌و له‌بازاڕێکی ناوه‌ڕاستی برۆکسلی پایته‌ختی به‌لجیکادا خۆی به دوکانداری خوارده‌مه‌نیی عێراقیه‌وه سه‌رقاڵکردوه. ئه‌م گه‌نجه ته‌مه‌ن 32 ساڵه، له‌رابردودا له‌به‌غدای پایته‌خت به‌كاری مامۆستاییه‌وه سه‌رقاڵ بو، به‌ڵام خراپی ڕه‌وشی ئاسایش، له‌دوای ڕووخانی حکو‌مه‌ته‌که‌ی سه‌دام، ناچاری كرد رو له‌هه‌نده‌ران بكات. هه‌ر كه‌پێ ده‌نێیته ناو دوكانه‌كه‌ی جواده‌وه، یه‌كسه‌ر ئه‌و وێنه‌یه سه‌رنجت راده‌كێشێت كه به‌دیوار دوكانه‌كه‌وه هه‌ڵواسراوه‌و تێیدا خۆی‌و نه‌جلای هاوسه‌ری له‌بنكه‌یه‌كی ده‌نگدانی ساڵی 2005دا ده‌رده‌كه‌ون كه له‌كاتی پڕۆسه‌كه‌دا به‌یه‌كه‌وه گرتویانه. جواد به‌ده‌م به‌ڕێکردنی موشته‌رییه‌کانیه‌وه، په‌نجه‌ی بۆ ئه‌و وێنه‌یه به‌رزكرده‌وه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بنكه‌ی ده‌نگدان له‌به‌لجیكادا نه‌بوه‌و ناچار بو له‌و رۆژه‌دا بچێته هۆڵه‌ندا، به‌ڵام ده‌نگی خۆی نه‌فه‌وتاند، ئێستاش هه‌ر سوره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌نگه‌كه‌ی نه‌فه‌وتێت "ئه‌مساڵێش ده‌چمه‌وه هۆڵه‌ندا‌و ده‌نگ ده‌ده‌م". ئه‌گه‌رچی بنكه‌ی ده‌نگدان له‌ژماره‌یه‌كی دیاریكراوی وڵاتانی دنیادا به‌ڕوی ده‌نگده‌ره عێراقیه‌كاندا ده‌كرێته‌وه‌و به‌شێكی به‌رچاویان ده‌بێت له‌وڵاتێكه‌وه بچنه وڵاتێكی تر تاكو بتوانن ده‌نگ بده‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژماره‌یه‌كی زۆری عیَراقییه‌كانی تاراوگه، هاوشێوه‌ی جواد، خۆیان ئاماده کردوه به‌شداری پرۆسه‌ی ده‌نگدانی هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌که‌ی مانگی ئازاری داهاتوی عێراق بکه‌ن. "هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره نه‌خشه‌ی سیاسی عێراق به‌یه‌کجاری ده‌گۆڕێت، ده‌مه‌وێت به‌شداری ئه‌و گۆڕانکارییه بکه‌م."، سه‌نا ئیبراهیم به‌م شێوه‌یه بۆ نیقاش دوا.
سه‌نا کچه خوێنکارێکی زانکۆی ئه‌مستردرامه‌و ماوه‌ی 10 ساڵه له‌هۆڵه‌ندا ده‌ژی، سه‌نا 2 ساڵ بوو کاتێک باوکی له‌لایه‌ن حکومه‌تی به‌عسه‌وه به‌تۆمه‌تی په‌یوه‌ندی به لایه‌نێکی سیاسی له‌سێداره درا، بۆیه له‌ئێستادا ئه‌م كچه خۆشحاڵه به‌شداری هه‌ڵبژارده‌نه‌کاندا بکات‌و ده‌ڵێت "ده‌بێت په‌نجه‌م به‌مه‌ره‌که‌بی ده‌نگدان مۆر بکه‌م". سه‌نا كه له‌ئێستاوه ئاڵایه‌کی گه‌وره‌ی عێراقی ئاماده‌کردوه، وتی "به‌نیازم له‌ڕۆژی ده‌نگداندا نه‌خشه‌ی عێراق له‌سه‌ر رومه‌ته‌كانم بكێشم"، چونكه مه‌به‌ستمه رۆڵم هه‌بێت له "گۆڕینی نه‌خشه‌ی سیاسی عێراق‌و هه‌نگاونان به‌ره‌و به‌دیموكراتی كردنی وڵات". وه‌ك خۆئاماده‌كردن به‌مه‌به‌ستی به‌شداربونی عێراقیه‌كانی ده‌روه‌ی وڵات، كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان، 15 وڵاتیان ده‌ستنیشانكردوه تاكو تێیاندا بنكه‌ی ده‌نگدان به‌ڕوی عێراقیه‌كاندا بكرێته‌وه. سه‌عد ئه‌لڕاوی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ده‌ره‌وه له كۆمیسیۆنی ناوبراو به نیقاشی راگه‌یاند "ئامارێکی دروستمان له‌به‌رده‌ستدا نییه، به‌ڵام نزیکه‌ی ملیۆنێک‌و 900 هه‌زار ده‌نگده‌ر له‌ده‌روه‌ی وڵات مافی ده‌نگدانیان هه‌یه". ئه‌و وڵاتانه‌ش كه بنكه‌یان تێدا ده‌كرێته‌وه بریتین له سوریا، ئوردن، ئێران، ئیمارات، تورکیا، ئه‌مه‌ریکا، سوید، هۆڵه‌ندا، که‌نه‌دا، ئه‌ڵمانیا، به‌ریتانیا، نه‌مسا، ئوستورالیا، لوبنان‌و دانیمارک، ده‌نگۆی ئه‌وه‌ش هه‌یه میسر ره‌زامه‌ندی بدات‌و بنكه‌ی تێدا بكرێته‌وه. ئه‌لڕاوی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات، به‌بێ جیاوازی، مافی ده‌نگدانیان هه‌یه، ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌ڕێی پیشاندانی هه‌ر ناسنامه‌یه‌ك كه عێراقیبونی ئه‌و كه‌سه بسه‌لمێنێت.
ئاکۆ عه‌لی، گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 24 ساڵه‌و دانیشتوی وڵاتی نه‌رویجه. ئاكۆ كه له‌كارگه‌یه‌كدا كارده‌كات، هه‌ر له‌ئێستاوه مۆڵه‌تی بۆ رۆژی هه‌ڵبژاردن وه‌رگرتوه‌و خۆی بۆ ده‌نگدان ئاماده كردوه. ئه‌و ده‌ڵێت "چ کورد چ عه‌ره‌ب پێویسته بچن بۆ دنگدان، چونکه ئێمه‌ین حكومه‌تی داهاتو دیاریده‌كه‌ین"، ئاکۆ به‌نیازه له‌ڕۆژی ده‌نگداندا ئاڵایه‌کی گه‌وره‌ی کورستان هه‌ڵگرێت‌و جلی کوردیش له‌به‌رکات. کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان ڕۆژانی 5-6ی مانگی ئازاری داهاتووی ده‌ستنیشانکردوه بۆ ده‌نگدانی عێراقییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش 300 بنکه له‌و وڵاتانه‌دا ده‌كاته‌وه كه ئاماژه‌یان پێدرا. ئه‌گه‌رچی له‌سه‌ره‌تادا هه‌شت كورسی بۆ ده‌نگده‌رانی تاراوگه ته‌رخانكرابو، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و كێشه سیاسیانه‌ی نێوان كوتله‌كان‌و فیتۆ كردنی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌لایه‌ن جێگری دوه‌می سه‌رۆك كۆمار، تاریق هاشمیه‌وه، ده‌نگده‌رانی تاراوگه، وه‌ك بازنه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن نه‌مان‌و ده‌نگه‌كانیان ده‌خرێته‌وه سه‌ر پارێزگاكانیان له‌عێراق، به‌مه‌ش ده‌چنه‌وه سه‌ر ئه‌و به‌شه كورسیه‌ی به‌پێی یاسا بۆ پارێزگاكانیان ته‌رخان كراوه. له‌مباره‌یه‌وه سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ئه‌یاد سامه‌رایی مه‌ترسییه‌كانی خۆی له‌م میكانیزمه نوێیه ده‌ربڕی‌و وتی "ئه‌گه‌ری ته‌زویر كردنی ده‌نگه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌ئارادایه"، چونكه كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئامارێكی ته‌واوی ئه‌و هاوڵاتیانه‌و پارێزگاكانیان له‌عێراقدا له‌به‌رده‌ست نییه.
جێی ئاماژه‌پێدانه هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی داهاتوی عێراق، رۆژی 7ی ئازار له‌ناوخۆی وڵات‌دا به‌ڕێوه‌ده‌چێت‌و تێیدا 19 ملیۆن هاوڵاتی ده‌نگ به 306 قه‌واره‌و لیستی جیاواز ده‌ده‌ن به‌مه‌به‌ستی پڕكردنه‌وه‌ی 325 کورسی په‌رله‌مان.
|