هه‌ڤاڵ محمەمەدی حاجی مەحمود: لەپێناو ئازادی‌دا بڕیارماندا که‌مینه‌یه‌ک له‌پێناوى زۆرینه‌یه‌کدا ببێته سوته‌مه‌نى
29/6/2010
دروستبوونى مه‌فره‌زه سه‌ره‌تاییه‌کانى شۆڕشى نوێ وه‌رچه‌رخانێکى گه‌وره‌و مێژوویى بوو له‌بزافى ڕزگارى خوازى گه‌له‌که‌مانداو هیوایه‌کى نوێى به‌خشییه جه‌ماوه‌رى گه‌له‌که‌مان به‌وه‌ى که‌سه‌ره‌ڕاى نسکۆ‌و پیلانى نه‌گریسى دوژمنان بۆله‌ناو بردنى میلله‌ته‌که‌مان و سڕینه‌وه‌ى ناسنامه‌که‌ى هێشتا که‌سانێک ماون که‌گیانى به‌رزى کوردایه‌تى و نیشتیمان په‌روه‌ریان رێگا نادات به‌دوژمن پیلانه‌کانى خۆى جێ به‌جێ بکات، (26)ى حوزه‌یرانى ساڵى(1976) ئه‌و ڕۆژه‌بوو که‌پۆلێک پێشمه‌رگه‌ى چاو نه‌ترس و خۆنه‌ویست ڕێگه‌ى سه‌خت ودژواری خه‌باتیان بۆ ڕۆڵه‌کانى میلله‌ته‌که‌یان بڕى و سه‌لماندیان که‌کورد میلله‌تێکه نامرێ و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر شۆڕش و داخوازیه‌کانى، له‌م دیمانه‌یه‌دا هه‌ڤاڵی به‌ڕێز محه‌مه‌دی حاجى مه‌حمود سکرتێرى گشتى «حسدک» و پێشمه‌رگه‌ى یه‌که‌م مه‌فره‌زه‌ى سه‌ره‌تایى شۆڕشى نوێ تیشک ده‌خاته‌سه‌ر چۆنێتى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى شۆڕش و چالاکیه‌کانى یه‌که‌م مه‌فره‌زه‌ى سه‌ره‌تایى ئه‌وشۆڕشه.
* سه‌ره‌تا ده‌کرێت باسى دروست بوونى یه‌که‌م مه‌فره‌زه‌ى شۆڕشى نوێمان بۆبکه‌یت، ئه‌وکه‌سانه کێ بوون که‌مه‌فره‌زه‌که‌یان پێکهێنا؟ - دواى ڕێکه‌وتنامه‌ى شومى جه‌زائیر له‌نێوان شاى ئێران و سه‌دام حوسه‌ین و ه‌ه‌وارى بۆمیدیانى سه‌رۆکى جه‌زائیرو عه‌بدولعه‌زیز بۆته‌فلیقه‌ى جێگرى ئه‌وساى سه‌رۆکى جه‌زائیر که‌له په‌راوێزى کۆبونه‌وه‌ى سه‌رانى وڵاتانى ئۆپیک له‌جه‌زائیر به‌ڕێوه چوو تیایدا ئه‌و وڵاتانه ڕێکه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى که‌عێراق به‌شێک له‌ئاوى شه‌تۆل عه‌ره‌ب بداته ئێران له‌به‌رامبه‌ردا ئێران پشگیرى و هاوکارى خۆى بۆ شۆڕشى کورد ڕابگرێت، دواى ئه‌وه‌ى که‌شۆڕش ڕووبه‌ڕووى نسکۆ بوه‌وه حکومه‌تى عێراق که‌وته گیانى خه‌ڵکى کوردستان، تەنانەت به‌ڵێنى به‌و که‌سانه ده‌دا که‌به‌ه‌ۆى نسکۆى شۆڕشه‌وه چوونه‌ته ئێران بیان ه‌ێننه‌وه و لێبوردنى گشتیان بۆ ده‌ربکات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هاتنه‌وه‌ى ئه‌وخه‌ڵکانه‌دا ژماره‌یه‌کى زۆریان ڕه‌وانه‌ى ناوچه‌کانى باشورى عێراق کران وهه‌رچه‌ند ماڵێکیان ڕه‌وانه‌ى گوندێک یان شارۆچکه‌یه‌کى ناوچه‌کانى باشور‌و بیابانه‌کانى باشوورى عێراق ده‌کرد، به‌رنامه‌یه‌کیان دانا بۆسه‌رکوت کردنى خه‌ڵکى کوردستان به‌و خه‌یاڵه‌ى که‌پێشمه‌رگه‌و شۆڕش نه‌ماوه‌و ئه‌وبه‌رنامه‌یه‌ى که‌پێشتر بۆى نه‌کرابوو له‌وکاتانه‌دا جێ به‌جێ بکات، به‌رنامه‌که‌شیان ئه‌وه بوو که‌خه‌ڵکى کوردستان به‌ره‌و ناوچه‌کانى باشور‌و عه‌ره‌ب نیشین ڕه‌وانه‌که‌ن بۆئه‌وه‌ى زمانه‌که‌یان له‌بیربچێته‌وه و خاکى کوردستانیشیان کرده ناوچه‌یه‌کى قه‌ده‌غه کراوو سه‌رجه‌م گونده‌کانى کوردستان خاپورکران وجوتیاره‌کانیان له‌زه‌وى و زاره‌کانى خۆیان کرد، مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌بوو که‌کورد له‌بۆته‌ى عه‌ره‌بیدا بتوێننه‌وه، له‌وکاته‌شدا تێکۆشه‌رانى کورد دوو ڕێگه‌یان له‌به‌رده‌مدا بوو ڕێگه‌ى ملکه‌چى وبێ ده‌سه‌ڵاتى به‌رامبه‌ر ئه‌وبارو دۆخه، ڕێگه‌ى دوومه‌یش ده‌ست دانه‌وه چه‌ک و به‌رگرى کردن بوو له‌نه‌ته‌وه‌ى کورد به‌رامبه‌ر ڕ‌ژێمى به‌عس، بێگومان مێژووى میلله‌ته‌که‌مان هه‌میشه خه‌بات و تێکۆشان و فیدا کاریبووه، هه‌میشه کورد ناچار کراوه په‌نا بۆچه‌ک و شاخ ببات بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافه‌کانى ئه‌م جاره‌ش کورد هه‌ر هه‌مان ڕێگه چاره‌ى له‌به‌رده‌مدا مایه‌وه له‌جیاتى ملکه‌چ کردن و سه‌رشۆڕى ده‌سى دایه‌وه چه‌ک و ڕووى کرده‌وه چیاکانى کوردستان و شۆڕشى نوێى ده‌ستی پێکرده‌وه، له‌ناو ئه‌و شۆڕشه‌ش دا چه‌ند تێکۆشه‌رێک کۆبونه‌وه‌و بڕیاریان دا ڕێکخراوێک دروست بکه‌ن که‌بتوانن له‌چوارچێوه‌ى ئه‌و ڕێکخراوه‌داو له‌سه‌ر ته‌نزیکى نوێ کاربکه‌ن له‌کوردستان، سه‌یدا ساڵح یوسفى دامه‌زرێنه‌رو ڕێبه‌رى ئه‌وڕێکخراوه‌ى بوو، پاشان کۆمه‌ڵێک تێکۆشه‌رى تر‌ى وه‌ک شه‌هید عه‌لى عه‌سکه‌رى و شه‌هید دکتۆر خالید و شه‌هید تایه‌رى عه‌لى والى به‌گ و شه‌هیدان کاردۆ گه‌ڵاڵى و عه‌لى ه‌ه‌ژار و سه‌عدى عه‌زیز و سه‌عدى گچکه‌و مه‌لا ناسیح وچه‌ند تێکۆشه‌رێکى تر له‌بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیست کۆبوونه‌وه‌و دواتر حزبى سۆسیالیستى کوردستانیان دامه‌زراند، ئه‌وکاتانه‌ش هه‌ماهه‌نگیه‌ک له‌نێوان بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیست و کۆمه‌ڵه‌ى ڕه‌نجده‌راندا هه‌بوو، که‌هێشتا یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان دانه‌مه‌زرابوو، له‌وکاته‌دا ئێمه‌یان ئاگادارکرده‌وه که‌مه‌فره‌زه سه‌ره‌تاییه‌کان دروست بکه‌ین وبچینه ده‌ره‌وه، پێش ئێمه‌ش هه‌واڵێک درا بۆدروست کردنه‌وه‌ى مه‌فره‌زه‌سه‌ره‌تاییه‌کان له‌لایه‌ن شه‌هید شێخ شه‌هاب و چه‌ند که‌سێکى تره‌وه به‌ڵام ئه‌وان چوونه ئێران و ئێرانیش ته‌سلیمى ڕ‌ژێمى به‌عسى کردنه‌وه، پاشان ئێمه ئاگادار کراین که‌مه‌فره‌زه‌ى سه‌ره‌تایى دروست بکه‌ین و به‌ره‌و گونده‌کانى بنارى شاخى سورێن و ناوچه‌ى شاره‌زوور بچین، ئه‌وان ناوى نه‌ێنیشیان بۆناردین که‌چووینه ده‌ره‌وه مه‌فره‌زه‌که‌ى ئێمه ناوه نه‌ێنیه‌که‌ى(به‌رد)بوو، مه‌فره‌زه‌کانى تریش ناوه‌نه‌ێنیه‌کانیان قامیشلى و دیاربه‌کر و چه‌ند ناوێکى تر بوو به‌ڵام یه‌که‌م مه‌فره‌زه له سه‌رتاسه‌رى کوردستاندا ئێمه بووین که شه‌وى (26)له‌سه‌ر (27) حوزەیرانی ساڵى (1976) دواى ئه‌وه‌ى که خۆمان و چه‌که‌کانمان ئاماده کرد ئه‌و شه‌وه کۆبونه‌وه‌یه‌کمان کرد له شاره‌زوور و دواتر به‌ره‌و چیاى سورێن به‌ڕێکه‌وتین. له به‌رئه‌وه‌ى له‌وکاتانه‌دا ڕێکخستنه‌کان زۆرکه‌م بوون چه‌که‌کانى ئێمه چه‌ند چه‌کێکى ژه‌نگاوى بوو که‌له‌گوندى عه‌نه‌ب شاردرابووه‌وه، چه‌که‌کانمان ته‌نها سێ تاچوار چه‌کى بڕنه‌وو کڵاشینکۆف و چه‌ند ده‌مانچه‌یه‌ک بوو، یه‌که‌م شه‌ویش که کۆبونه‌وه‌که‌مان کرد من محەمەد حاجى مەحمود و کاک شه‌وکه‌تى حاجى موشیرو کاک شێخ عه‌لى که‌شکۆڵ و کاک عه‌لى شیعه‌و دواتریش کاک بوه‌ان و کاک حامیدى حاجى غالى و چه‌ند که‌سێکى تریش هاتنه ناو مه‌فره‌زه‌که‌وه، ئه‌وانه یه‌که‌م مه‌فره‌زه‌یان پێک هێنا که‌چووینه ده‌ره‌وه، به‌رنامه‌شمان ئه‌وه بوو که‌سه‌ره‌تا ئێمه چالاکیه‌کانمان ته‌نها ه‌ۆشیارکرنه‌وه‌ى خه‌ڵکى ناوچه‌کان بێت، چالاکى سه‌ربازى و پێشمه‌رگایه‌تى نه‌که‌ین تاخۆمان ڕێک ده‌خه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌بوو که حکومه‌ت زانى ئێمه چوینه‌ته‌وه گونده‌کان و شۆڕش ده‌ست پێده‌کاته‌وه ه‌ه‌م له‌لایەک خه‌ڵکه‌که ه‌ێنده ترسابوو قه‌ناعه‌تى به‌ئێمه نه‌بوو، ه‌ه‌م له‌لایه‌کیش حکومه‌تى به‌عس پڕوپاگه‌نده‌ى جۆراو جۆرى بڵاوده‌کرده‌وه و له‌ه‌ه‌موولایه‌که‌وه دوژمن هێزی سه‌ربازى بۆده‌ناردین، کاتى واه‌ه‌بوه ئێمه ته‌نها(7) پێشمه‌رگه بووین دوژمن(21) کۆپته‌رى ده‌نارده سه‌رمان بێ بڕوایى خه‌ڵکه‌که له‌ئاستێک دابووته‌نانه‌ت ڕۆژێک چوبوینه گوندێک دواى ئه‌وه‌ى باسى شۆڕشى نوێمان بۆکردن داوامان لێکردن که‌گەنجەکانیان بنێرنه ناو شۆڕشه‌وه، به‌ڵام یه‌کێک له‌ڕیش سپیه‌کانى گونده‌که ووتى: هاتنتان بۆئێره سه‌رچاوان به‌ڵام ئێمه هێشتا نازانین ئێوه چین ئێوه هه‌واڵى شاییتان بۆهێناوین، به‌ڵام ئێمه تانه‌زانین زاوا کوڕى کێیه‌و بوک کچى کێ یه ئێمه سه‌رچۆپى ناگرین بۆه‌ه‌ڵپه‌ڕین، واته بڕوایان پێنه‌ده‌کردین، بۆیه ئێمه بڕیارماندا چالاکیه‌ک بکه‌ین ، ئه‌وه‌بوو چالاکیه‌کمان کردوو چه‌ند سه‌ربازێکى ڕژێم کوژران ودوژمن فرۆکه‌و کۆپته‌رى نارده شوێنى شه‌ڕه‌که، ئه‌وسا پێشمه‌رگه‌یه‌کى ئێمه به‌وکه‌سه‌ى ووت ئێستا ده‌زانى زاوا کێ یه‌و بوک کچى کێیه، بۆیه به‌رنامه‌که‌ى ئێمه به‌وشێوه‌یه نه‌بوو که‌ده‌مانویست هه‌رزوو چالاکى پێشمه‌رگایه‌تیمان ده‌ستى پێکردو حکومه‌تى عێراقیش له‌ڕێگه‌ى جۆراو جۆره‌وه ڕووبه‌ڕووى ئێمه ده‌وه‌ستایه‌وه،به‌ڵام وورده وورده شۆڕش لاى خه‌ڵک متمانەى دروست کردوو زیاتر خه‌ڵک ده‌هاته ناو شۆڕشه‌وه قه‌باره‌ى شۆڕش و چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیه‌کانى شۆڕش زیاتر ده‌بوو.
* له‌وکاته‌دا فشارى ڕژێم له‌سه‌رکه‌س و کارى پێشمه‌رگه‌ى مه‌فره‌زه سه‌ره‌تایى یه‌کان چۆن بوو؟ - ئێمه دواى چه‌ند ڕۆژێک له‌چونه ده‌ره‌وه‌مان حکومه‌تى به‌عس هات که‌س وکاره‌که‌ى ئێمه‌یان ده‌ستگیرکردو ڕه‌وانه‌ى زیندانه‌کانى ڕژێمیان کردن، بۆنمونه من ئه‌وکاته گه‌رده خان و مناڵه‌کانم ه‌ه‌موویان ده‌ستگیرکران و ڕه‌وانه ناسریه‌کران، له‌وێش نزیکه‌ى (13) مانگ بێ سه‌رو شوێن بوون و نه‌یان ه‌ێشت هیچ که‌سێک بیان بینێت، هه‌ریه‌کێک له‌و پێشمه‌رگانه‌ى که‌له‌گه‌ڵماندا بوون خێزانه‌کانیان ومناڵه‌کانیان ده‌ستگیرکرابوون و هه‌ندێک ژن له‌ناو زیندانه‌کانى ڕ‌ژێمى به‌عسدا مناڵى ده‌بوو، واته حکومه‌تى عێراقى ده‌هات که‌س وکارى پێشمه‌رگه‌کانى ده‌گرت و له‌زیندانه‌کاندا ئه‌شکه‌نجه‌ى ده‌دان، ئه‌وده‌ستگیرکردنه کاریگه‌رى له‌سه‌ر هه‌ندێک که‌س دروست کرد، هه‌ندێک پێشمه‌رگه ته‌سلیم بوونه‌وه به‌ڕژێم، به‌ڵام خه‌ڵکه خۆڕاگره‌کان مانه‌وه.
* پێشمه‌رگه‌کانى ئه‌و مه‌فره‌زه یه تاچه‌ند له‌ناوچه‌کانى شاره‌زوور مانه‌وه؟ - کاتێک که‌ژماره‌ى پێشمه‌رگه‌کان له‌ناو مه‌فره‌زه‌که‌ى ئێمه‌و شۆڕشدا زیادى ده‌کرد ئیتر ئێمه‌ش هه‌ریه‌که‌و ڕه‌وانه‌ى ناوچه‌یه‌ک ده‌کراین و ده‌بووه لێپرسراوى سیاسى ناوچه‌یه‌ک یان ده‌بووه فه‌رمانده‌ى ناوچه‌یه‌ک دواتر ئێمه که‌ژماره‌مان زۆر بوو سێ مه‌فره‌زه‌مان دروست کرد، مه‌فره‌زه‌که‌ى ئێمه له سورێن و شاره‌زوور مایه‌وه و ئه‌وانى ترمان له‌ناوچه‌کانى هه‌ورامان و شه‌مێران جێگیربوون.
* چۆن بڕیار‌و ڕاسپارده‌کانى سه‌رکردایه‌تیتان پێدەگه‌یشت؟ - له ڕاستیدا ئه‌و کاته وه‌کو سه‌رکردایه‌تى سه‌رکردایه‌تى نه‌بوو ، به‌ڵام جار جار له‌ناو شاره‌وه نامه‌مان بۆ ده‌هات له‌لایه‌ن لیژنه‌ى هێزه چه‌کداره‌کانه‌وه ، دواتر که ورده ورده خه‌ڵک هاتنه ده‌ره‌وه بۆ ناو شۆڕش ئه‌و کاته سه‌رکردایه‌تیه‌کى ه‌اوبه‌ش دروست کرا، کاک عه‌لى عه‌سکه‌رى هاته ده‌ره‌وه له‌گه‌ڵ شه‌هید ئارام، که‌ئه‌وان هاتنه ده‌ره‌وه ورده ورده سه‌رکردایه‌تیه‌کیان دروست کرد‌و کوردستانیان دابه‌ش کرد به‌سه‌ر چوار هه‌رێم دا، واته چوار هه‌رێم له کوردستان دروست کرا، هه‌رێمى یه‌ک له‌قه‌ڵادزێوه بۆ قه‌ره‌داغ تا خانه‌قین و هه‌ورامان وشاره‌زوور که‌شه‌هید تاهیرى عه‌لى والی به‌گ فه‌رمانده‌ی بوو، هه‌رێمى دوو کاک خالید فه‌رمانده‌ى بوو، هه‌رێمێکى تر شێخ حسین یه‌زیدى فه‌رمانده‌ى بوو، هه‌رێمی چواره‌میش شه‌هید سه‌عدى گچکه فه‌رمانده‌ى بوو، دواتر هه‌رێمه‌کان زیاتر بوون وه بوونه نزیکه‌ى (10) هه‌رێم.
* له‌وکاته‌دا مه‌فره‌زه‌که‌ى ئێوه دووباڵى جیاوازبوو یان له‌سه‌ربنه‌مایه‌کى نه‌ته‌وه‌یی بوو؟ - له ڕاستیدا نیمچه به‌ره‌ى یه‌کێتى به‌کردارى له‌ساڵى(1977) دا دامه‌زرا مانگى ته‌موزى ساڵى( 1977)دامه‌زرا، ئه‌وکاته هه‌ردووباڵى بزوتنه‌وه‌و کۆمه‌ڵه ڕێکه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى که بچنه ناو نیمچه به‌ره‌ى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستانه‌وه و مام جه‌لال بوو به سکرتێرى گشتى(ى.ن.ک) واته تائه‌وکاته مه‌فره‌زه‌که‌ى ئێمه له‌سه‌ر بنه‌ماى دووباڵ کارى نه‌ده‌کرد به‌ڵکو له‌سه‌ر بنه‌ماى نه‌ته‌وه‌یى و وه‌ک هێزێکى نه‌ته‌وه‌یى کارى ده‌کرد.
* ناسراوى و که‌سایه‌تى ئێوه تاچه‌ند کاریگه‌رى هه‌بووه له‌ناوچه‌که‌دا کاتێک چوونه ده‌ره‌وه؟ - بێگومان ئێمه ئه‌و(7) که‌سه که‌چوینه ده‌ره‌وه هه‌رکه‌سه‌مان جێگه‌و پێگه‌ى خۆى له‌ناوچه‌که‌دا هه‌بووه‌و ناسراوبوین ئه‌وەش هاوکارى ئێمه‌ی ده‌کرد که‌خه‌ڵکه‌که زیاتر به‌ده‌نگمانه‌وه‌بێن وهاوکاریمان بکه‌ن، چونکه به‌ڕاستى نسکۆى شۆڕشى ئه‌یلول ئه‌وه‌نده قورس بوو که‌به‌ده‌ست هێنانه‌وه‌ى متمانه‌ى خه‌ڵک بۆشۆڕش ئاسان نه‌بوو، به‌ڵام ئێمه ناسراو بوین له‌گه‌ڵ خه‌ڵک دا، له‌سه‌ره‌تا خه‌ڵک وابیریان ده‌کرده‌وه که‌ئێمه له‌گه‌ڵ ڕژێمدابین وبۆیه نه‌یان ده‌وێرا هاوکاریمان بکه‌ن.
* ئێوه به‌چى قه‌ناعه‌تێکه‌وه درێژه‌تان به‌شۆڕش داوه؟ - له‌ڕاستیدا ئێمه میلله‌تێک بوین له‌ژێر ده‌سته‌یی و چه‌وساندنه‌وه‌ى ڕژێمێک دا بووین، بۆیه ئێمه بڕیارماندا که‌ئێمه کۆمه‌ڵێکى که‌م تیا بچین نه‌ک میلله‌تێک تیابچێت، واته ئێمه خۆمان کرده قوربانى بۆئه‌وه‌ى بتوانین تروسکاییه‌ک بۆمیلله‌ته‌که‌مان دروست بکه‌ینه‌وه، ئێمه له‌و ڕوانگه‌یه‌وه ده‌ستمان پێکردو هه‌رله‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه بڕیارماندا که‌مینه‌یه‌ک له‌پێناوى زۆرینه‌یه‌کدا ببێته سوته‌مه‌نى به‌مه‌رجێک ئه‌ومیلله‌ته بتوانێت له‌وبارو دۆخه خۆى ڕزگار بکات ، ئێمه باوه‌ڕمان وابوو که‌میلله‌تى ئێمه له‌ناو ناچێت، قبوڵ ناکات به‌وشێوه‌یه بمێنێته‌وه، به‌ڵام چۆن و که‌ى و کێ ده‌ست پێشخه‌ربێت، ئێمه به‌ڕاستى بڕیارماندا که‌ده‌ست پێشخه‌ربین، ئه‌شمان زانى که‌ڕێگایه‌کى سه‌خته ڕێگایه‌کى ناخۆشه ئێمه به‌گژئه‌م حاڵه‌ته‌دا چوینه‌وه، حکومه‌تى عێراق له‌وکاته‌دا تازه‌ترین چه‌کى هه‌بوو، گه‌وره‌ترین و ده‌وڵه‌مه‌نترین ده‌وڵه‌ت بوو له‌ناوچه‌که‌دا، ئێمه به‌سێ چوار چه‌کى ژه‌نگاویه‌وه به‌گژ ئه‌و بارودۆخه‌دا چوینه‌وه بێگومان به‌ئیراده‌یه‌کى به‌هێزو به‌پشتیوانى میلله‌ته‌که‌و باوه‌ڕ به خۆبونمان ئه‌وه‌مان کردووه.
|