بهڕێز محەمەدی حاجی مەحمود: كورد لەبەغدا تەنها هەوڵی بۆ پۆست و پارە و باڵیۆز بووە
17/7/2010
بهڕێز محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان "حسدك" لەدیدارێكی تایبەتی رۆژنامەی "چەتر"دا لەسەر چەندین پرسی وەك بارودۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی كوردستان و گەندەڵی و دۆخی ئێستای حزبی سۆسیالیست دەدوێت و سەرنجەكانی خۆی لەوبارەیەوە دەخاتەڕوو.
چەتر: چۆن دەڕوانیتە بارودۆخی سیاسی عێراق بەگشتی؟
- نەتەوە و ئاینزا جیاوازەكانی عێراق بەناچاری و زۆرە ملێیانە لەچوارچێوەی دەوڵەتێك بەناوی عێراق كۆكراونەتەوە، لەبەرئەوەی گرێدانی پێكهاتەكانی بهزۆرە ملێیە هەر ئەمەش هۆكاری ئەوەیە كە تائێستاش هیچ پێكهاتەیەك ئەوی دی و برا گەورەیی ئەوی دیكەی قبوڵ نەبێت، كاتی خۆی رازی بوون مەلیكێكی ئەردەنی فەرمانڕەوایی وڵات بكات تەنها لەبەر ئەوەی عێراقی نەبووە، هەروەك حاكمیەتی پۆڵ بریمەریان لەدوای (2003) قبوڵكرد، رەنگە ئێستاش عێراقیەكان چاوەڕێبن كەسێك لەدەرەوە بێت و حوكمی عێراق بگرێتە دەست و ئەوانیش ملكەچی بن، لەئێستاشدا گەورەبوونی قەبارەی پێكهاتەكان و دەستێوەردانی وڵاتانی دەرەوە هۆكاری سەرەكی ئاڵۆزیە سیاسیەكانی نێوخۆی عێراقە، لە (7/3)دا خەڵكی دەنگیدا بۆئەوەی حكومەتی بۆ دروست بكرێت، بەڵام دواتر بینیمان سەرۆكی لیستەكان و سیاسیەكان هەریەكە روویان لەوڵاتێك كرد یەكێك بۆ ئێران و یەكێ بۆ سعودیە و یەكێ بۆ ئەمریكا، لەبەرئەوە خەڵكی عێراق بێ ئیرادە كراوە، دەبێت چاوەڕێ بین تابزانین وڵاتانی دەرەوە كێیان پێ باشە بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق.
چەتر: بەبۆچوونی ئێوە دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتی عێراق هۆكارەكەی دەستوەردانی دەرەكییە؟ - بەڵی بێگومان، هەموومان بینیمان لەیەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق باڵیۆزی ئەمریكا و ئێران دانیشتبوون، ئەمە مانای ئەوەیە لەعێراقدا تەنها عێراقیەكان بڕیار بەدەست نین، پاشان بەپێی یاسا و دەستوور دەبوو لەیەكەم كۆبوونەوەدا سەرۆك و دوو جێگرەكەی پەرلەمان هەڵبژێردرێن، بەڵام بەهۆی ناكۆكی حزبە سیاسییەكان لەسەر وەرگرتنی پۆست و پلە ئەوە نەكرا، هەندێك لەلایەنەكان پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیان پێ قبوڵ نییە لەبەرئەوەی دزی و پارەخواردنی كەمترتێدایە، بەڵام وەزارەتێك یاخود ئەنجومەنی وەزیران دەستكراوەترە لەلێدانی مەشروع و دزینی سەروەت و سامانی خەڵك.
چەتر: لەم دۆخە ئاڵۆزەی عێراقدا كێشەی كورد چ ئاراستەیەك دەگرێت؟ - عێراق هەمووی لەكێشەدایە و مەسەلەكان هەمووی پێكەوە پەیوەستن، لەئێستادا ئەوەی بۆكورد گرنگە تەنها ئەوەیە وەك پێكهاتەیەك حسابی بۆدەكرێت ئەگینا كورد ناتوانێت بە هەڵبژاردن پرسی خۆی یەكلایی بكاتەوە، تەنها چارەسەریش بۆ كورد و پێكهاتەكانی دیكەش ئەوەیە عێراق بكرێتە سێ پارچە، كورد و سوننە و شیعە تایبەتمەندی خۆیان پێبدرێت، وە دەبێت كورد داواكاری خۆی لەفیدراڵییەوە بۆ كۆنفیدراڵی بگۆڕێت.
چەتر: پێتوایە ئەدای سیاسیەكانی كورد بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكان لەئاستی پێویست و بەپێی خواستی میللەت بووە؟ - بەبڕوای من ئەدای كورد و سیاسییەكانی لەچەند ساڵی رابردوودا زۆر لاوازبووە، كورد نەدەبوو ماددەی (140) قبوڵ بكات، چونكە ماددەكە ریفراندۆم پێشنیار دەكات تا دەركەوێت كەركوك كوردستانە یا عەرەبستان، كورد لەو ناوچانەی كە پێشتر زۆرینەبووە ئێستا كەمینەیە، كورد لەبەغدا تەنها هەوڵی بۆ پۆست و پارە و باڵیۆز بووە، نەمان بینی جارێك هەموو نوێنەرەكانی كورد دەنگی ناڕەزایی بەرز بكەنەوە و لەپەرلەمان بێنە دەرەوە و یەكدەنگ بڵێن حەمرین سنووری كوردستانە، ئێمە دەبینین فەڵەستینییەكان حوكمی زاتییان هەیە، بەڵام لەنەتەوە یەكگرتووەكان ئاڵایان هەیە، كورد دەڵێت فیدراڵیمان هەیە، بەڵام لەكەركوك ئاڵای كوردستان دەسوتێنرێت ئەگەر بەدیارییەوە نەبین.
چەتر: كێ بەرپرسە لەنەگەیشتنی كورد بەمافە نەتەوەییەكانی لەچوارچێوەی عێراقدا؟ - ئەوە روونە كێ بەرپرسە، حزبە باڵادەستەكان بەرپرسن لەوە.
چەتر: مەبەستت یەكێتی و پارتیە؟ - بێگومان، جگە لەیەكێتی و پارتی دەسەڵات لای چ حزبێكی ترە؟
چەتر: لەئێستادا گەندەڵی بووەتە سیمای دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان، سەرنجی تۆ لەسەر ئەوە چییە؟ - گەندەڵی تێكڕای عێراقی گرتووەتەوە تەنها كوردستان نییە، بەڵام جیاوازیەكە لەوەدایە لەبەغدا لیژنەی نەزاهە هەیە و توانیویەتی لێپێچینەوە لەگەڵ دەیان وەزیر و پەرلەمانتار بكات، بەڵام لەكوردستان ناتوانرێت لێپرسینەوە لەگەڵ پاسەوانی بەرپرسێك بكرێت، پێموایە گەندەڵی لەكوردستان چارەسەری نییە. بەرپرسەكان لەكوردستان وەك پاڵەوانی فیلمەكان وان لەپڕێكدا دەبنە خاوەنی ریزێك شووقە، شەڕی بەرپرسەكان گەیشتووەتە شەڕی خاوەندارێتی بیرە نەوت و ئاودیوكردنی سەدان تەنكەر نەوتی رۆژانە، بەرپرسی مەڵبەند و لقەكان قایمقام و پارێزگاری شارەكان دادەنێن و لادەبەن، گەندەڵی هەموو شتێكی تەنیوە.
چەتر: پێتوایە لیژنەی نەزاهە رۆڵێكی دەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی؟ - لیژنەی نەزاهە هیچی پێناكرێت، ئەندامانی لیژنەی نەزاهە هەموویان سەر بە یەكێتی و پارتین، ئەندام پەرلەمانی واهەبووە سەد واسیتەی كردووە تا مەكتەبی سیاسی حزبەكەی بەئەندامی پەرلەمان دیاری بكات، ئێستا چۆن دەتوانێت لێپرسینەوە لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی بكات؟ سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی هەردووكیان ئەندامی مەكتەبی سیاسین، لیژنەی نەزاهە دەتوانێت چی بەرامبەر ئەوان بكات ئەگەر هەر سەرپێچیەكیش بكەن؟
چەتر: باس لەیەكگرتنی یەكێتی نیشتیمانی لەگەڵ حزبی سۆسیالیست دیموكرات و زەحمەتكێشان دەكرێت، ئەوە تاچەند راستە و میكانیزمی ئەو یەكگرتنە چۆنە؟ - من تائێستا شتی وام نەبیستووە، شتی لەوجۆرەمان لەگەڵ باسنەكراوە و پێشنیازی لەوجۆرەمان پێنەگەیشتووە، لەبەرنامەی ئێمەدا نییە تێكەڵ بەیەكێتی ببین، ئەوەی باس دەكرێت تەنها بازاڕگەرمكردنی راگەیاندن و رۆژنامەكانە.
چەتر: حزبی سۆسیالیست بەنیازی بەستنی كۆنگرەیە؟ - بەڵێ، بەتایبەت دوای هەڵبژاردنەكانی (7/3) و ئەو رێژە دەنگەی بەدەستمان هێنا بەئامانجی نوێكردنەوەی تەشكیلە و هەیكەلی حزب بەنیازی بەستنی كۆنگرەین، وەك هەنگاوی یەكەمیش چەند گۆڕانكاریەكمان لەئۆرگانەكانی حزبدا كردووە تا دەگاتە مەكتەبی سیاسی.
چەتر: كەی ئەو كۆنگرەیە دەبەستن؟ - پێدەچێت ئهمساڵ لەمانگی (10 تا مانگی 12) كۆنگرە ببەستین.
چەتر: دەوترێت محەمەدی حاجی مەحمود لەژێر فشاری یەكێتی و پارتی لێدوانە رەخنەییەكانی كەمكردووەتەوە؟ - نا وانییە، بێدەنگیش نەبووم لەكەس ناترسم، چونكە نەكەمم هێناوە نەدرەنگ هاتووم، شەش جار برینداربووم و هەزاران پێشمەرگەم بەكوشت داوە لەپێناوی كوردستان، خۆم بەقەرزاری كەس نازانم، لەهیچ شتێك باكم نییە و هەموو بانكی دونیا بگەڕێن ئەگەر دە دۆلاری منی تیابوو با بۆخۆیان بیبەن.
چەتر: دەوترێت ئێوە زیاتر لەبیست تەن فایلی نهێنیتان لایە كە پەیوەندی نهێنی كەسایەتی و لایەنەكان بە بەعسەوە دەسەلمێنێت؟ - نا بیست تەن نییە، بەڵكو دوو تەن فایلی نهێنیم لایە، لەو فایلانەدا دۆسیەی چەندین كەس و بەرپرس هەیە كە پەیوەندیان بە بەعسەوە هەبووە.
چەتر: بۆچی تائێستا بڵاوت نەكردوونەتەوە؟ - دەبێت سەیری ئەوە بكەین ئەوەی پەیوەندی بە بەعسەوە كردووە لەسەر چ بنەمایەك بووە، تاچەند زیانی بەكورد گەیاندووە، ویستوومە ئاستی ئەو پەیوەندیانە جیابكەمەوە، هەندێك لەو فایلانەشم لەسایتی سورێن بڵاوكردووەتەوە و هەركاتی خۆشی ئەو فایلانەم داوە بەهەندێك لەو حزبانەی كە ئەندامەكانیان پەیوەندیان بە بەعسەوە هەبووە.
|