هه‌ڵبژاردنه‌کان و ئایینده‌ى کورد
7/2/2010
نوسه‌ر: حاکم رزگارغفور
مانگى (3) یه‌کێکه له‌و مانگانه‌ى، که کۆمه‌ڵێک بیره‌وه‌رى و یادو مالۆێرانى و سه‌رکه‌وتن تیایدا ڕووداوه. بۆیه پێده‌چێت به‌هارى ئه‌مساڵ یاده‌وه‌رییه‌کى جیاوازتر له‌گه‌ڵ خۆیدا بێنێت، ئه‌ویش به شێوازێکى مۆدیرن و پێشکه‌وتوو سندوقه‌کانى ده‌نگدان بکاته مه‌حه‌ک بۆ دیاریکردنى ئایینده‌ى کورد، گه‌ر که‌مێک بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ساڵانى ڕابردوو، ده‌بینین کورد کۆمه‌ڵێک ده‌ستکه‌وتى به‌ده‌ستهێناوه‌و له ئه‌نجامدا چه‌ند پۆستێکێ گرنگمان به‌ده‌ستهێناوه که‌م تا زۆر سوودى لێبینراوه چ له ئاستى نیشتمانى‌و نه‌ته‌وایه‌تى چ خودى تاکه‌کان. بۆیه ئیدامه‌دان به‌م سه‌رکه‌وتنانه خه‌بات و یه‌کده‌نگى زیاترى ده‌وێت له جاران به مه‌رجى ڕه‌چاوى گشت لایه‌نێک بکرێت، که خه‌باتیان کردووه‌و به‌رده‌وامن بۆ ڕزگارى نه‌ته‌وه‌که‌مان و دووربکه‌وینه‌وه له تاکڕه‌وى له ده‌سه‌ڵات، ڕه‌نگه له هه‌ڵبژاردنه‌کانى پێشوودا به‌جۆریک سه‌نگمان ده‌رکه‌وتبێت و به‌شداریمان کردبێت، ئه‌مڕۆ نه‌توانین به‌و قورساییه به‌شداربین، ئه‌ویش کۆمه‌ڵێک فاکته‌ر هه‌ن، که ده‌بینین: سوننه به‌ره‌یه‌کى پێکهێناوه‌و ده‌یه‌وێت به هێزه‌وه به‌شدارى بکات، که پێشتر به شێوه‌یه‌کى لاوه‌کى به‌شداریکرد.هه‌روه‌ها زیادکردنى کورسییه‌کان و ڕێژه‌ى ناوچه غه‌یره کوردییه‌کان، که ئه‌میش له به‌رژه‌وه‌ندى کورددا نییه، وه بوونى چه‌ند لیستێکى جیاوازى کوردى، چونکه ده‌زانین له ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌کان هه‌ر لیسته‌و به‌جیا هه‌ژمارده‌کرێت و ناڵێن کورد ئه‌وه‌نده‌ى هێنا....، به‌ڵکو ده‌ڵێن لیستى (ا) ئه‌وه‌نده‌ى ... هێناو لیستى (ب) ئه‌وه‌نده‌ى (...) هێنا، واته غه‌یر موباشیر ده‌نگه‌کان په‌رت بوون سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى به‌رژه‌وه‌ندى لایه‌نه‌کان نایه‌ڵێ، که کورد کۆک بێت له‌سه‌ر هه‌ندێ مه‌سه‌له‌و ده‌ره‌نجام به‌ئاسانى ئه‌و پۆست و شوێنانه‌مان ده‌ست بکه‌وێته‌وه، که ده‌توانین به‌کاریبهێنین بۆ خزمه‌تى گه‌له‌که‌مان به‌تایبه‌ت پۆسته سیادییه‌کان وه‌ک سه‌رۆک کۆمار، بۆیه ده‌بێت هه‌موومان سه‌رله‌نوێ پێکبێین‌و ستراتیژێکى یه‌کگرتوومان هه‌بێت له ئایینده‌ى عێراق، چونکه کۆمه‌ڵێک مه‌سه‌له‌ى گرنگ له‌به‌رده‌ممانه وه‌ک (ئامارى عێراق- جێبه‌جێکردنى مادده‌ى 140-هه‌موارکردنى ده‌ستوور... هتد).
بۆیه ده‌بێت تێڕوانینى جیاجیاى خۆمان وه‌لاوه‌بنێین و هه‌وڵى به‌ده‌ستهێنانى مافه نیشتمانى‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان بده‌ین، ئه‌و گوتاره له هه‌موو کات زیاتر زاڵ بێت به‌سه‌ر تێڕوانینه‌کانمان، چونکه کورد ئێستا له حاڵه‌تێکدایه سه‌رکرده‌یه‌کى به‌هێزى نه‌ته‌وه‌یى نییه، که ببێته مه‌رجه‌ع بۆ کورد، ئه‌مه‌ش وایکردووه په‌رتوبڵاوى به‌دیبکرێت له عێراقدا هه‌موو نه‌ته‌وه‌و تایه‌فه‌و ڕێبازه‌کان مه‌رجه‌عیه‌تى خۆیان هه‌یه له عێرقدا (شیعه- سوننه- تورکمان- یه‌زیدى- مه‌سیحى...هتد)، گه‌رچى کورد مه‌رجه‌عى یاسایى هه‌یه، به‌ڵام له‌م قۆناغه‌دا پێویستمان به مه‌رجه‌عى نه‌ته‌وه‌یى به‌هێز هه‌یه، کورد چه‌ندین ساڵه کێشه‌ى نه‌ته‌وه‌یى هه‌یه، بۆیه ده‌بێت سه‌نگى خۆمان به‌هێزتر بکه‌ین‌و هه‌وڵه‌کانمان چڕتر بکه‌ینه‌وه له په‌رله‌مانى ئایینده‌دا.
|