سبەی زانکۆ لاین كارده‌كرێت

17.09.2022
جەماوەر نیوز
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە سبەینێوە بۆ ماوەی 10 رۆژ سیستمی زانکۆ لاین بۆ وەرگرتنی خوێندكاران لە زانکۆکان کارا دەکرێت.
ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 17ی ئەیلوولی 2022 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ووتی "لە سبەینێوە سیستەمی زانکۆ لاین بۆ وەرگرتنی خوێندكارانی دەرچووی 12ی ئامادەیی، لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کارا دەکرێت".
سیستمەکە بۆ ماوەی 10 رۆژ کارا دەبێت و وەزیری خوێندنی باڵا داوادەکات، خوێندكاران سەردانی سەنتەرەکانی پڕکردنەوەی فۆڕمی زانکۆ لاین لە زانکۆکان و ئەو شوێنە فەرمیانە بکەن، کە وەزارەتی خوێندنی باڵا دیاریدەکات.
باسی لەوەشکرد، کە لە سەدا 100ی ئەو خوێندكارانەی لە رێگەی زانکۆ لاینەوە فۆرم بۆ چوونە زانکۆ و پەیمانگاکان پڕدەکەنەوە، لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەردەگیرێن.
لەبارەی دەرماڵەی خوێندكاران، وەزیری خوێندنی باڵا وتی "پرۆژەیەکی یاساییمان ئامادەکردووە و ناردوومانە بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆئەوەی پرسی دەرماڵە بکرێتە یاسایی و جێگیر بێت و ساڵێکی خوێندنی ئارام بەڕێ بکەین، لە ئەنجوومەنی وەزیرانیش بۆ پرسی دەرماڵە دەنگێک نییە دژی خەرجکردنی بێت، بۆیە پێشبینی دەکەم جێگیر بکرێت".
ئاماژەی بەوەشدا، کە وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا داوایانکردووە، دەرماڵەی خوێندكارانی ناو شارەکان بکرێتە 100 هەزار دینار و ئەوانەش کە لە دەرەوەی شارەکانن بکرێتە 150 هەزار دینار.

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ