لوتکەیەک لە ناو ئاگری شەڕدا

24.08.2019
جەماوەر نیوز
د.سه‌نگه‌ر سه‌یدقادر
ئەمڕۆ لەشاری بیارێتزی فەرەنسا یەکێک لە گرنگترین کۆبونەوە و لوتکەکانی جیهان دەست پێدەکات و جگە لە سەرکردەی ٨ وڵاتە گەورە پیشە سازیەکەی جیهان ٥ سەرۆکی وڵاتان دیکە بەشداری لە خولی ٤٥ لوتکەی G7 دەکەن.

ئەندامانی لوتکەی G7 کێن ؟
لوتکەی وڵاتانی خاوەن پیشەسازی گەورەی جیهان  G7 بۆیەکەمینجار لەساڵی ١٩٧٥ لە دوای قەیرانی ئابوری دارایی جیهان و قوڵبونەوەی  ململانێکانی جەنگی سارد و قەیرانی نەبوونی سوتەمەنی بەهۆی بایکۆتی هەناردەکردنی نەوتەوە  لەلایەن وڵاتانی کەنداوەوە  بۆ ئەوروپا لوتکەی شەش وڵاتە پیشەسازیەکەی جیهان بە بەشداری ( ئەمەریکا و ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا و ئیتاڵیا و یابان) دامەزراو دواتر کەنەداش بوو بە ئەندامی لوتکەکە، ساڵی ١٩٩٨ لە دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت بوو بە ئەندامی لوتکەکە و ناونراG8 ، بەڵام دوای ٢٠ ئەندامێتی ساڵی ٢٠١٤ بەهۆی کێشەی ئۆکرانیاوە ڕوسیا لە لوتکەکە دەرکرا.
لوتکەیەک لەناو ئاگری شەڕدا:
  کۆبونەوەی لوتکەی G7 لە کاتێکدا  بەڕێوە دەچێت کە جیهان گیرۆدەی دەیان کێشەی گەورورەیە کەلە مێژووی ٢٠٠ ساڵی ڕابردودا هاوشیوەی نەبوە لەوانە ( جەنگی ئابووری چین و ئەمەریکا و جەنگی پرجەکردنی سوپا لە نێوان ڕوسیا و ئەمەریکا و ناکۆکی ئێران و ئەمەریکا و شەڕی یەمەن و سوریا و لیبیا و مەترسی داڕمانی ئابووری جیهان و کێشەی ئەوروپا و بەریتانیا و کێشەی کوریا و خۆپیشاندانەکانی هۆنگ کۆنگ و چەندان کێشەی  تر کە جیهانی خستوە بەردەم مەترسی جەنگێکی جیهانی ڕانەگەیەنراو).
 ئەجندای لوتکەی G7 چیە ؟
لە لوتکەی G7 گرنگترین ئەو پرسانەی باس دەکرێن بریتن لە:
١-پرسی ئاشتی جیهانی و کەمکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزیەکانی جیهان و شەڕی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی بازرگانی جیهان
٢- پرسی نایەکسانی لە دابەشکردنی داهات و دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ دابەشکردنی سامان بە شێوەی داد پەروەرانە لە پێناو کەمکردنەوەی هەژاریدا.
٣- ڕەخساندنی خزمەت گوزاری تەندروستی و پەروەردەی بۆ تەواوی جیهان. بە جۆرێک کە ڕێژەی مردن و نەخوێندەواری و بڵاوبونەوەی نەخۆشیە گواستراوە و درێژخایەنەکان کەمبکرێتەوە.
٤- پرسی پاراستنی ژینگەی گۆی زەوی و مەترسی بەرزبونەوەی پلەی گەرمای گۆی زەوی و دیاردەی بەبیابان بوون و تێکچوونی هاوسەنگی ژێنگەی زەریاکان.
٥- پرسی بەکارهێنان و سود بینین لە پێشکەوتنە تەکنەلۆژیەکان بە شێوەیەکی ئەخلاقی و لە پێناو خۆش گوزەرانی مرۆڤایەتیدا.
٦- پرسی کێشەکانی قاڕەی ئەفریقا و مامەڵەکردنێکی دادپەروەرانە لەگەڵ وڵاتانی هەژاری ئەفەریقادا.
کێشەکانی لوتکەی G7 :
 ئەگەر چی لوتکەی G7 لوتکەیەکی گرنگە، بەڵام ئەم لوتکەیە ڕووبەڕەوی چەندین کێشە بوەتەوە لەوانە نەگەڕانەووی ڕوسیا بۆ نێوی ئەندامێتی وڵاتانی پیشە سازی جیهان کە بەهۆی کێشەی ئۆکرانیاوە لە ساڵی ٢٠١٤ لە لوتکەکە دەرکراوە، جگە لە ڕوسیا ڕێکخراو کۆمەڵە ژینگەیەکان وەک ناڕەزایەتیەک لەبەرامبەر مامەڵەی خراپی وڵاتانی پیشەسازی لەگەڵ ژینگەدا بایکۆتی لوتکە کەیان کردوە.
گرنگترین کێشەی لوتکەکە  نەبوونی ئەنجامە کە لە ٤٤ خولی پێشوی لوتکەی G7 هیچ دەرئەمجامێکی ئەتۆی نەبووە، بەهۆی ناکۆکی قوڵی وڵاتانەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ هەژاری و نە خەێندەواری و دۆخی ئابووری جیهان و ژینگەی زەوی بەرەو خراپتر دەچێت بە جۆرێک جیهان لە جەنگێکی ڕانە گەیەنراوی جیهانیدایە و لەڕووی ژینگەیشەوە ئەمساڵ بەڕزترین پلەی گەرما لە مێژودا تۆمار کراوە و چاوەڕوان دەکرێت تاساڵی ٢٠٧٠ پلەی گەڕمای هەندێک ناوچەی گۆی زەوی بگاتە ٦٥ پلەی سەدی.

زۆرترین خوێندراو