حکومەتی هەرێم بەشداری لە گفتوگۆکانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات

09.09.2019
جەماوەر نیوز
بڕیاره‌ لە رۆژانی 10 و 11ی ئەیلولی 2019 خولی بیست و دووەمی لیژنەی تایبەت بە مافەکانی کەم ئەندامان (CRPD) لە بارەگای سەرەکی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ سەر بە نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤ ببەسترێت، بە مەبەستی گفتوگۆکردنی راپۆرتی سەرەتایی عێراق تایبەت بە رێکەوتننامەی مافی کەم ئەندامان و خاوەن پێداویستیی تایبەت، بۆ ئەم مەبەستەش شاندێکی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵ بەشداری دەکات لەو گفتوگۆیانە.
لەو بارەوە د. دیندار زێباری, رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان به‌ جه‌ماوه‌رنیوزی رایگەیاند بەشداری کردنی هەرێم لە چوارچێوی لیژنەی نوسینەوەی راپۆرتەکانی تایبەت بەو رێککەوتننامە و پەیماننامانەی پەیوەستن بە مافی مرۆڤ لە وەزارەتی دادی حکومەتی فیدراڵە بە مەبەستی خستنەڕووی پابەندبوونەکانی هەرێمی کوردستانە لەو رێککەوتننامانە. حکومەتی هەرێم هەوڵ دەدات لە گفتوگۆکانی خولی بیست و دووەمی لیژنەی تایبەت بە مافەکانی کەم ئەندامان (CRPD) گشت ئەو ئەو یاسا و رێنمایی و هەنگاوە کرداریانە بخاتە روو کە لە بواری پاراستن و خزمەتکردنی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و کەم ئەندامان لە هەرێمی کوردستان کاریان پێدەکرێت.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە بارەی پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بەو راسپاردانەی سەبارەت بە هەرێمی کوردستان لە لیژنەی رێککەوتننامەی پاراستنی مافی کەم ئەندامان و ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ ئاماژەیان پێکراوە وتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی مافی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و کەم ئەندامان هەنگاوی زۆری ناوە کە بەشێکیان لە ئاست خواستی حکومەت نین ئەمەش بە هۆی ئەو تەحەدیات و ئاستەنگانەی کە رووبەرووی هەرێم بوونەوە لە دوای شەڕی داعش و قەیرانی ئابوورییەوە و هاتنی زیاتر لە ملیۆن ئاوارە و پەنابەر بۆ هەرێم, بەڵام حکومەتی هەرێم هەوڵیداوە بەپێی ئیمکانیاتی بەردەست داخوازییەکانیان بۆ فەراهەم بکات. گرنگترین ئەو هەنگاوانەش بریتی بوو لە یاسای ژمارە (22ی ساڵی2011) یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەم ئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت و ئەو رێنماییانە دواتر دەرچوون لە بوارەکانی (تەندروستی، کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، کار، پیشەیی، رۆشنبیری و وەرزشی).
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی ئەوەشی خستەروو کە لە هەرێمی کوردستان (95،916) کەم ئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت هەن لەوانە (54،142) نێرینە و (41،774) مێینەن کە لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تۆمار کراون. شایەنی باسە نوێنەری حکومەتی هەرێم ئەندامە لە لیژنەی نیشتمانیی نووسینەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە وەزارەتی داد کە تایبەتە بە وەڵامدانەوەی ئەو راسپاردە و پرسیارانەی لە لایەن ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ ئاراستەی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکرێن. لە میانەی کۆبوونەوە و گفتوگۆکاندا پابەندبوونەکانی هەرێم و ئەو یاسا و رێنمایی و هەنگاوە کرداریانە دەخاتە روو کە حکومەتی هەرێمی ئەنجامیداون لە میانەی ئەو پابەندبوون.

زۆرترین خوێندراو