ئایا ئەوەی لە ڕۆژئاوا ڕوودەدات ستراتیژی ئەمەریکایە؟

22.10.2019
جەماوەر نیوز
د. سه‌نگه‌ر سه‌یدقادر
دۆناڵد ترەمپ لە ١٧ نیسانی ئەمساڵەوە تا ٤ئۆکتۆبەر داواکەی تورکیای بۆ پیکهێنانی ناوچەی ئارام بە قوڵای ١٩-٢٥ کیلۆمەتر ڕەتدەکردوە، چونکە بەو شێوەیە ڕێگای M4 کە ڕۆژئاوای کوردستان و عێراق بە دیمەشق و لوبنانەوە دەبەستێت و ڕێگایەکی ستراتیژیە و هێڵی سەرەکی هیلالی شیعیە، بەڵام لە 8ی 10 ترەمپ ڕازی دەبێت بە داواکەی تورکیا نەک بەتەنها ١٩-٢٥ کیلۆمه‌تر، بەڵکو قوڵاییەکەی بگاتە ٣٢ کیلۆموتر و ڕێگای M4 بکەوێتە ناو ئەو ناوچە ئارامەوە و گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشەکەی تورکیا هەڵکرد و ڕێگری لەپەنتاگۆنیش کرد دەستێوەردان بکات.
پێشتریش ڕوسیا و تورکیا و ئێران و سوریا داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکایان دەکرد و پەنتاگۆن ڕەتی دەکردەوە، بەڵام لە دوای هێرشکەی تورکیا ترەمپ ئەم داواکاریەی ئەو وڵاتانەی بەجێهێنا و بڕیاریدا سەدا٧٨% هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا بکێشێتەوە بۆ ڕۆژئاوای عێراق.
ترەمپ بەم دوو بڕیارەی دەیویست چەند ئامانجێک بپێکێت:
١- کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژئاوا بەهۆی مەترسی هێرشی ئێرانەوە بوو بۆسەر ئەوهێزانە، چونکە هیچ پارێزبەندیەکی یاسایتان نیە و توانای بەرگری ئەمەریکاش لە هێزەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان لاوازە و ئامانجێکی ئاسان بوون بۆ ئێران.
٢- هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە گواسترانەوە بۆ ڕۆژئاوای عێراق لەسور سنوری سوریا بە ئامانجی پچڕاندنی هیلالی شیعی لەناو خاکی عێراقەوە بۆ سوریا، بەتایبەت دوای ئەوەی لە مانگی تەموزی ئەمساڵەوە ئێران دەستی بەدروستکردنی گەورەترین بنکەی سەربازی کردوە لەوناوچەیە.
٣- لەسەر ئاستی ناوخۆ ترەمپ لە ژێر فشارێکی زۆردا بوو بەهۆی ئابڕووچونەکەی پەیوەست بە ئۆکرانیاوە مەترسی دورخستنەوەی هەبوو، بۆیە دەیویست لە ڕێگەی ئەم هێرشەی تورکیاوە فشارەکانی سەری کەمبکاتەوە.
٤- لەسەر ئاستی جەماوەریش بەپێی دواین ڕاپرسی فۆکس نیوز زۆرینەی ئەمەریکیەکان دژی ترەمپن و سەدا٤٨% پێیان وایە ترەمپ نەخۆشی دەرونی هەیە و شیاوی سەرۆکایەتی نیە، هەر بۆیە ترەمپ بە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا دەیویست سۆزی خەڵک ڕابکێشێت، فەڵام میدیای ئەمەریکی و کۆنگرێس ئەم هەوڵەیان شکست پێهێناو خەڵک دەزانێ سەربازەکان دەچنەوە عێراق نە ئەمەریکا و ترەمپ ٤ هەزار سەربازی زیادەشی ناردوە بۆ سعودیە.
٥- ترەمپ لە ڕێگای ڕێگەدان( هاندانی) تورکیاوە بۆ هێرش کردنە سەر ڕۆژ ئاوا ویستی ئەردۆگان بخاتە داوەکەوە و بەوەش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوەندی بڕیاری ئەمەریکی ئەردۆگان بووە بە کەسێکی مەترسیدار و نەیارەکانی زۆر زیاتر بوون.
ئایا ئەمەریکا دەستبەرداری ڕۆژئاوا دەبێت ؟
ئەوەی لەسەرەوە باسکرا ستراتیژ و بڕیاری ترەمپە کە ستراتیژی ناوەندی بڕیاری ئەمەریکی بەلاڕێدا بردووە بۆ بەرژەوەندی خۆی لە پێناو هەڵبژاردن مانەوەیدا، چونکە ئەوەی ستراتیژی ناوەندی بڕیاری ئەمەریکایە بۆ باکوری سوریا بریتیە لە:
١- دروستکردنی کیانێکی نیمچە سەربەخۆ (ئۆتۆنۆمی)لە چوارچێوەی سوریادا کە چەقی بەڕژەوەندی ئەمەریکا و ئیسرائیل بێت.
٢- لەڕێگەی ئەو کیانە نیمچە سەربەخۆ(ستاتیۆیە)وە ڕێگری بکرێت لە هیلالی شیعی و پەڕینەوەی ئێران لە عێراقەوە بۆ سوریا لە ڕێگای وشکانیەوە.
٣- ئەمەریکا باکوری سوریا و سەرچاوە سروشتیەکانی وەک نەوت و غاز و ئاو ئارەبا(کارۆئاوی) وەک چەکێک و فشارێک بەرامبەر سوریا و ڕوسیا بەکار بهێنێت.
٤- پاراستنی ناوچە نەوتی و غازییەکان و هەناردەکردنی لە ڕێگای عێراقەوە (یان سوریا و تورکیای دوای ئەردۆگانەوە) بۆخۆبەڕێوبردنی ئابوری ئەو ستاتیۆ ئۆتۆنۆمیە
٥- دابڕینی تەواوەتی هەسەدە لە پەکەکە و ڕێگری کردن لەدەستێوەردان لە ڕۆژئاوای کوردستان.
٦- بەهۆی مەترسی ئێران لەسەر کوردستان و دەستبەسەراگرتنی عێراق لەلایەن ئێرانەوە ڕۆژهەڵاتی فورات بڕیاربوو ببێت بەچەقی ستراتیژی ئەمەریکا لە سوریا و عێراق و لوبنان، بەڵام ترەمپ ستراتیژی ناوەندی بڕیاڕی ئەمەریکای شێواندنەوە و بەرژەوەندی ئەمەریکای لە تەواوی ناوچەکەدا خستوتە مەترسیەوە بەجۆرێک لە پێناو ڕاستکردنەوەی هەڵەیەکدا هەڵەیەکی گەورەتر دەکات و ئەم هەڵانەش پێگەی ڕوسیا و ئێرانی بەهێز تر کردوە و متمانە و سەنگی ئەمەریکای لەناوچەکەدا لاوازکردووە و هاوپەیمانەکانی ئەمەریکای ناچار کردوە بەدوای شوێنگرەوەدا بگەڕێن و بچنە باوەشی ڕوسیا و چینەوە.
هەربۆیە ئێستا ناوەندنی بڕیاری ئەمەریکی بە دیموکرات و کۆماریەکانەوە دەیانەوێت لە ڕێگای کۆنگرێسەوە هەڵەکانی ترەمپ ڕاستبکەنەوە و ڕێگری بکەن لە هەڵەی زیاتر و سنورێک بۆ هەڵەشە و بڕیارە شێتا نەکانی ترەمپ دابنێن، هەروەک نوکتەیەکیش هەندێک لەکۆنگرێس مانەکان دەڵێن( ئەو تەلەفون و قەڵەمە لە ترەمپ وەربگرنەوە و قەڵەم و تەلەفونێکی منداڵانەی بدەنەدەست بۆئەوەی توشی کارەساتی زیاترمان نەکات).

زۆرترین خوێندراو