له‌ جەژنی سوپاسگوزاردا 63 ملیۆن قەل فرۆشرا

28.11.2019
جەماوەر نیوز

چوارەم پێنجشەممەی مانگی تشرینی دووەم لە ئەمریکا بە رۆژی جەژنی سوپاسگوزاری "سانكسگیڤن" ناسراوە، ئەم ڕۆژە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشووی فەرمییە و بە یەکێک لە گەورەترین جەژنەکان دادەنرێت لە ئەمریکا.
هاووڵاتییانی ئەمریکا لەم رۆژەدا پێکەوە هەمووان لەگەڵ خێزانەکانیان بەسەر دەبەن و کۆ دەبنەوە ، سوپاسگوزاری خۆیان بۆ ئەو شتە باشانە دەردەبڕن کە لە ماوەی ساڵی رابردوودا هاتووەتە رێیان و بەسەریان بردووە.
لە جەژنی سوپاسگوزاریدا خواردنی سەرەکی سەر سفرەی خێزانەکان بریتییە لە قەل، بە گوێرەی میدیاکان لە جەژنی ئەمساڵدا زیاتر لە 63 ملیۆن قەل فرۆشراوە.
بە گوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، مێژووی ئەم جەژنە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1621، کاتێک كۆلۆنیال بیلایمۆس و هیندییە وامبانۆگ پێكەوە جەژنی پێگەیشتنی بەروبوومی دانەوێڵە لە وەرزی پایزدا دەكەنەوە وەك سوپاسگوزارییەك بۆ خودا، ئەمەش دەبێتە یەكەم جەژنی سوپاسگوزاری لەسەردەمی كۆلۆنیالیزمدا.
لە ساڵی 1827 نووسەر سارە جۆزیف هێڵ، کەمپەینی ساز کرد بۆ ئەوەی ئەم رۆژە بكرێتە جەژنی نیشتمانی و پشووی فەرمی.
لە ساڵی 1863 لە سەردەمی ئەبراهم لینكۆلین سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا ئەم رۆژە کراوەتە پشووی فەرمی و رێگە درا لەو رۆژەدا قەل بخورێت، ئیدی قەلخواردن لەو رۆژەدا بووە کەلتوور.
بۆ یەکەمجاریش لەسەر دەستی جۆرج بۆشی باوکی سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی قەلێكی نمایش كرا وەك هێمایەک بۆ چەژنی سوپاسگوزاری.
دیاریكردنی چوارەم پێنجشەممەی تشرینی دووەم بۆ ئەم جەژنە لەسەر دەستی فرانكلین رۆزفیلد، سەرۆکی ئەوکاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەگەڕێتەوە لەساڵی 1939، دواتریش لە ساڵی 1941 كۆنگرێس رەزامەندی لەسەر دەربڕی.


زۆرترین خوێندراو