لیژنه‌ى ڕۆشنبیرى په‌رله‌مان گفتوگۆ له‌سه‌ر چه‌ند پرسێکى ڕۆشنبیرى و کلتوورى ده‌کات

09.12.2019
جەماوەر نیوز
به‌مه‌به‌ستى تاووتوێکردنى چه‌ند پرسێکى ڕۆشنبیرى و فه‌رهه‌نگى و کلتووری، نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 9-12-2019، لیژنه‌ى ڕۆشنبیرى و کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و وه‌رزش و لاوان له‌ په‌رله‌مانى کوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیى سه‌لمه‌ فاتح سه‌رۆکى لیژنه‌و ئاماده‌بوونى بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و ڕاوێژکارانى لیژنه‌که‌ کۆبووه‌وه‌.

سه‌ره‌تاى کۆبوونه‌وه‌که‌ سه‌رۆکى لیژنه‌ کورته‌باسێکى ده‌رباره‌ى هه‌نگاوه‌کانى به‌دواداچوونى لیژنه‌ى ڕۆشنبیرى کرد بۆ بابه‌تى بوونى سلێمانى به‌پایته‌ختى ڕۆشنبیرى و ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد که‌ به‌شێکى به‌دواداچوونه‌کان و کۆکردنه‌وه‌ى زانیارییه‌کان ته‌واوبووه‌و له‌کاتى وه‌رگرتنه‌وه‌ى وه‌ڵامى دیوانى چاودێریى دارایى ئه‌وا کاره‌کانى لیژنه‌که‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

ته‌وه‌رێکى ترى کۆبونه‌وه‌که‌ تایبه‌ت بوو به‌ گفتوگۆکردن له‌سه‌ر دیاریکردن و گرنگیى هه‌بوونى تابلۆى سیمبولى نه‌ته‌وه‌یى کوردو بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌ ڕاوبۆچوونى خۆیان خسته‌ڕوو .

دواتر کۆبوونه‌وه‌که‌ سه‌رجه‌م ئه‌و نوسراو و یاداشت و سکاڵا و داواکارییانه‌ى ئاراسته‌ى لیژنه‌که‌و ئه‌ندامانى کرابوون له‌لایه‌ن سه‌رۆکى لیژنه‌ خوێندرانه‌وه‌و گفتوگۆیان له‌سه‌ر کرا له‌وانه‌ داواکاریى کردنه‌وه‌ى مۆزه‌خانه‌یه‌ک له‌ ناحیه‌ى سیده‌کان بۆ پاراستن و گرنگیدان به‌کلتوور و فه‌رهه‌نگى ده‌ڤه‌رى برادۆست که‌ خاوه‌نى مێژوویه‌کى کۆنى فه‌رهه‌نگى و کلتوورییه‌، دواى گفتوگۆى ئه‌ندامان ئه‌و نووسراوانه‌ى پێویستییان به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ هه‌بوو وه‌ڵامدرانه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستى به‌دواداچوون و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌و داواکارییه‌کان ئاراسته‌ى لایه‌نى په‌یوه‌ندیدارکران.

له‌کۆتایى کۆبوونه‌وه‌که‌دا بڕیارى دروستکردنى لیژنه‌یه‌کى لاوه‌کى درا به‌مه‌به‌ستى به‌دواداچوون بۆ پرسى ھه‌موارى یاساى ڕێکخراوه‌ ناحکومییه‌کانى ھه‌رێمى کوردستان و که‌موکوڕییه‌کانى ئه‌م یاسایه‌ بۆئه‌وه‌ى له‌داھاتوودا کارى له‌سه‌ر بکرێت.

 


زۆرترین خوێندراو