ده‌سته‌ى ده‌ستپاکى هه‌رێم: گه‌نده‌ڵى خه‌مڵێندراو ٤٢٣ ملیار و ٢٩٠ ملیۆن دیناره‌

09.12.2019
جەماوەر نیوز
ده‌سته‌ى ده‌ستپاکى هه‌رێمى کوردستان مه‌راسیمێکى به‌بۆنه‌ى رۆژى جیهانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵی سازکرد، له‌مه‌راسیمه‌که‌دا سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان، وتارێکى پێشکه‌ش کردو تیایدا ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد که‌ گه‌نده‌ڵى له‌ جیهاندا دیارده‌یه‌کى ترسناکه‌ و پێویسته‌ به‌ هه‌موولایه‌ک رووبه‌ڕووى ببنه‌وه‌ و پابه‌ندبوونى په‌رله‌مانى کوردستانیشى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و هه‌وڵه‌کانى چاکسازیى حکوومه‌تى هه‌رێمى دووپاتکرده‌وه‌.

ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆکى ده‌سته‌ى ده‌ستپاکى هه‌رێمى کوردستان، له‌ کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانییدا تیشکى خسته‌سه‌ر ئاماره‌کانى تایبه‌ت به‌ دۆسییه‌کانى گه‌نده‌ڵى و رایگه‌یاند که‌ گه‌نده‌ڵى له‌ جیهاندا ساڵانه‌ سه‌دان ملیار دۆلار زیان به‌ ئابووریى وڵاتان ده‌گه‌یه‌نێت و له‌و وڵاتانه‌ى که‌ تازه‌پێگه‌یشتوون زیانه‌کان به‌هۆى لاوازى ده‌زگاکانى حوکمڕانى و بوونى جۆره‌ها ململانێ، هاوکات لاوازیى هۆشیاریى سیاسى و کولتوورى دیموکراسى له‌ وڵاتانى دیکه‌ زیاتره‌.

ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر له‌باره‌ى ئاماره‌کانى دۆسیه‌ى گه‌نده‌ڵى له‌ هه‌رێمى کوردستان ووتی: "له‌ ساڵى ٢٠١٤ تا ئێستا، هه‌زار و ٢٧ دۆسیه‌ى گه‌نده‌ڵى تۆمارکراون که‌ تیایاندا ٣٠٤ دۆسیه‌ له‌ژێر لێکۆڵینه‌وه‌دایه‌، ٢٩٩ دۆسیه‌ داخراوه‌، ١٠٣ دۆسیه‌ ره‌وانه‌کراوه‌ به‌پێى تایبه‌تمه‌ندى جۆر و شوێن، ٢٨١ دۆسیه‌ش ره‌وانه‌ى دادگاى تایبه‌تمه‌ند کراوه‌".

سه‌رۆکى ده‌سته‌ى ده‌ستپاکى هه‌رێم له‌باره‌ى بڕى پاره‌ى خه‌مڵێنراوى گه‌ڕاوه‌ له‌ فه‌رمانگه‌ى لێکۆڵینه‌وه‌کان گوتی: "گه‌نده‌ڵى خه‌مڵێندراو ٤٢٣ ملیار و ٢٩٠ ملیۆن دیناره‌، بڕى پاره‌ى ده‌ستبه‌سه‌رداگیراو دوو ملیار و ٧٧٠ ملیۆن دیناره‌، بڕى پاره‌ى گه‌ڕێندراوه‌یش بریتییه‌ له‌ ١٧ ملیار و ٧٩٠ ملیۆن دینار".

٣١ى تشرینى یه‌که‌مى ساڵى ٢٠٠٣ رێکخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان نۆى مانگى تشرینى دووه‌مى هه‌موو ساڵێکى وه‌ک رۆژى جیهانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى ناساندووه‌ و ساڵانه‌ له‌م رۆژه‌دا له‌ سه‌رتاسه‌رى جیهان رێوڕه‌سمى تایبه‌ت به‌ڕێوه‌ده‌چێت.


زۆرترین خوێندراو