پارێزگاری هه‌ولێر دوا مۆڵه‌ت به‌ مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان ده‌دات

27.01.2020
جەماوەر نیوز
پارێزگاری هەولێر دوا مۆڵەت بەوانە دەدات کە بەردەوامن لەسەر زێدەڕۆیی لەسەر کارەبا و دەڵێت، لەو شوێنانەوە دەست بە بڕینی کارەبا دەکەین کە پێیان دەگوترێت دەستڕۆیشتوو.
ئەمڕۆ دووشەممە 27ی كانونی دووه‌م فرسه‌ت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ڕایگه‌یاند. 
 پرۆسەی بەستنی پێوەری کارەبا بۆ ئەو یەکە نیشتەجێبوونانەی کە پێشتر رێگەیان پێ نەدەدرا و زێدەڕۆ بوون بەردەوام دەبێت.
وتیشی بڕیارمانداوە لە رۆژی 2-2-2020ـەوە پرۆسەی بڕینی کارەبای زێدەڕۆ لە هەموو شوێن و قەزاو ناحیەکان دەستپێبکەین، بۆ ئەو مەبەستەش لە هەموو قەزایەکانیش لیژنەمان بە سەرپەرشتی قایمقامی ئەو قەزایە و ئەندامەیەتی پۆلیس و پۆلیسی کارەبا و فەرمانگەی کارەبا پێکهێناوە. 
پارێزگای هەولێر داوا لە هاووڵاتیان لەسەرجەم قەزاو ناحیەکان و سەرجەم هۆتێل و کۆمپانیا و شوێنە بازرگانییەکان و رێستۆرانتەکان دەکات، تاوەکو 2ی2 ئەگەر بە شێوەیەکی زێدەڕۆ کارەبایان راکێشاوە، "کارەباکەیان ببڕن، ئەگەر نا کارەبایەکەیان دەبڕین و پێبژاردنیان بۆ دەکەین و رێکاری یاساییان لەبەرامبەر دەگرینەبەر".
فرسەت سۆفی، دەڵێ: "ئەو پرۆسەیە هیچ کەسێکی لێ بەدەر ناکرێت، لە هەموو گەڕەکەکان و شوێنە بازرگانییەکان دەستپێدەکرێت، وەکو هەنگاوی یەکەمیش لەو شوێنانە دەستپێدەکەین، کە لەنێو کۆمەڵگە پێیان دەگوترێت دەستڕۆیشتوو".
فرسەت سۆفی، دەشڵێ: "ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەمان دەستگیرکرددون ئەوانەی دەستکاری کارەبا دەکەن، یان مۆری پێوەری کارەبا دەفرۆشن، یانیش کارەبایان لەژێر پێوەرەوە بۆ ماڵان راکێشاوە. ئەوانە ئێستا لە زیندانن و رەوانەی دادگا کراون".
سەبارەت بە موەلیدە ئەهلییەکان و ئەو مۆڵەتەی پێیان دراوە بۆ بێدەنگکردنی موەلیدەکەیان، فرسەت سۆفی، گوتی: " 1ی 5 دوا مۆڵەتە بۆ هەموو ئەو خاوەن موەلیدانەی کە موەلیدەکانیان نەکردووەتە بێدەنگ (کاتم)، بەپێچەوانەوە دەرگامان کردووەتەوە و خەڵکێکی یەکجار زۆریش ناوی نووسیوە بۆ ئەوەی موەلیدەی کاتم دابنێت ئەگەر هاتوو کەسێک پێیەوە پابەند نەبوو".

زۆرترین خوێندراو