وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان: مینحەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراون بەردەوام دەبێت

01.02.2020
جەماوەر نیوز
عەبدوڵڵا حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە گفتوگۆیەکی تایبەتی لەگەڵ (باس)دا، چەندین پرسی گرنگ بە یاسای چاکسازی و ماف و ئیمتیازی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی دەخاتە ڕوو. ئەو دڵنیایی بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەدات، مووچە و مینحەکانیان نابڕدرێت.
سەرەتا ئاماژەی بەوە دا، دڵنیایی دەدەن کەوا بەهۆی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، مینحەی کەسوکاری شەهیدان نابڕدرێت، وتی: "لە هیچ بڕگە و ماددەیەکی یاسای چاکسازیدا باسی بڕینی مینحە و مووچەی کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی نەکراوە، بەڵکوو جێبەجێکردنی دادپەروەری و پاککردنەوەی لیستەکان لە کەسانی ناشایستە دووپات کراوەتەوە".
وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان وتیشی "دڵنیایی دەدەینە کەسوکاری شەهیدان، خودی سەرۆکی حکوومەت و کابینەکە، گرنگیدانی زیاتر بە کەسوکاری شەهیدان و خانەوادەکانیان و بەردەوامبوون لەسەر خزمەتگوزارییەکان بۆ کەسوکاری شەهیدان دووپات دەکەنەوە، چونکە ئەو دەستکەوتانە بەری رەنجی شەهیدانە و منەتیش نییە ئەگەر خزمەت بکرێن و کارئاسانییان بۆ بکرێت، بەڵکوو ئەوە ئەرکە و دەبێت بۆیان بکرێت".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی، ئەگەر کەسوکاری شەهیدێک یان ئەنفالکراوێک موچەی تری لە حکومەت هەبێت، مینحەکەی دەبڕدرێت، وتی: "مینحەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان هیچ پەیوەندیی بە موچەی ترەوە نییە، موچە و مینحەکەیان بەردەوام دەبێت و بە دوو مووچە ئەژمار ناکرێت، وەکوو حکومەت و وەزارەتی کاروباری شەهیدان، دڵنیایی ئەوە دەدەینە کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی، مینحە و مووچەکانیان هەروەکوو خۆی دەبێت و دەستکاری ناکرێت".
وەزیری کاروباری شەهیدان جەختی لەوە کردەوە، دوای رێکارە یاساییەکانی دوای پەسندکردنی یاسای چاکسازی، ئەوان دەست دەکەن بە پێداچوونەوە و رێکخستنەوەی لیستی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی، دەشڵێت: "دوو بڕگە لە یاساکە پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە، یەکیان لەسەر لیستی شەهیدانە، یەکێکیشیان لەسەر لیستی زیندانییانی سیاسییە، ئێمە لیژنەی پسپۆڕ پێکدەهێنین بۆ ئەوەی کەسانی ناشایستە لە لیستەکان دەربهێنن و دادپەروەری بەدی بهێنین".
بەپێی یاسای ماف و ئیمتیازی زیندانییانی سیاسی، هەر زیندانییەکی سیاسی بۆی هەیە 10 ساڵ مووچە و ئیمتیاز وەربگرێت، ئەو مافە بۆ ئەو زیندانییانە خەریکە تەواو دەبێت، عەبدوڵڵا حاجی مەحمود ئەوەی خستە ڕوو: "راستە یاسا بەم جۆرەی دیاری کردووە، ئەگەر کەسێکی زیندانی مینحەی هەبێـت و موچەشی لە حکومەت هەبێت، دەبێت یەکیان هەڵبژێرێت، ئەگەر تەنیا مینحەی هەبێت ئەوا مینحەکەی بەردەوام دەبێت و نابڕدرێت".
سەبارەت بەو قسە و دەنگۆیانەی دەگوترێت (جاش کوژراو) لە لیستی مووچەی شەهیداندا هەیە، ئەو گوتی:" لەسەر ئەو دەنگۆیانە ئێمە لیژنەی تایبەتمەند دروست دەکەین، بۆ پێداچوونە بە لیستی شەهیدان، بۆ ئەوەی کەسی ناشایستە دەربهێندرێت، لە داهاتووشدا کاردەکەین، کە مینحەی کەسوکاری شەهیدان یەکسان بکەین، چونکە شەهید هەر شەهیدە و نابێت پلەبەندی و جیاوازی لەنێوان شەهیدەکاندا بکرێت".
ئاشکراشی کرد، نزیکەی 100 هەزار کەس مینحەی شەهید و ئەنفالکراو و زیندانی سیاسی، لەسەر میلاکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان وەردەگرێت.
لە سەرێکی ترەوە ئەوەشی راگەیاند، لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە گفتوگۆکانیان بەردەوام دەبن، بۆ ئەوەی مینحە و مووچەی شەهیدان بخرێتە سەر بودجەی عێراق، گوتیشی: "لە کابینەکانی پێشوو و لەو کابینەیەشدا هەوڵەکان بەردەوام بوونە، بۆ ئەوەی ماف و شایستە داراییەکانی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی بخرێتنە سەر بەغدا، بەڵام حکومەتی عێراق بە شێوازی جۆراوجۆر خۆی لە مینحە و ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی دەدزێتەوە، پێویست بوو لەو بودجە سیادییانەی لە عێراق داندراون، ئەو مافە و قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی گەلی کوردستان دیاری بکرایە، بەڵام بەداخەوە بە بیانووی جۆراوجۆر خۆیان لێی دەدزنەوە، بەڵام هەوڵەکانی ئێمە بەردەوامن، ئەگەر عێراق عێراقێکی فیدراڵی و دیموکراسی بێت، نابێت ئەو جیاکارییە بکرێت، چۆن لە داهاتی گشتیی عێراق، هاوکاری دەدرێتە شەهیدان و زیندانییان، پێویستە گەلی کوردستانیش ئەو مافەی پێ بدرێت".
سەبارەت بەو خزمەتگوزارییانەی، کە پێشکەش بە کوڕ و کچی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی دەکرێت، وەکوو کرێی خوێندن و چەند خزمەتگوزارییەکی دیکە، گوتی: "خزمەتگوزارییەکان بۆ کوڕ و کچی شەهیدان لە خوێندن لە زانکۆ بۆ ماستەر و دکتۆرا لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن، هاوکات لە لایەنی تەندروستییش، تاوەکوو ئێستاش حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ وارسی شەهیدان بەردەوامە، لە یاسای چاکسازییشدا لە بڕگەیەکدا جەخت لەسەر ئەو خزمەتگوزارییانە کراوەتەوە".
هاوکات ئەو وەزیرەی کابینەی نۆیەم باسی لە یەک تیمی لەنێو کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا کرد و گوتی: "ئەو کابینەیە زۆر تۆکمە و بەهێزە و یەک تیمی لە کارکردندا هەیە، سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی حکوومەت و وەزیرەکان، هەموومان پێکەوە کار دەکەین بۆ چاکسازی و نەهێشتنی جیاوازی و هێنانەدیی دادپەروەری، سەرۆکی حوومەت و کابینەکە سوورن لەسەر چاکسازی، لەدوای پڕۆژە یاسای چاکسازی، چاکسازیی تریش دەکرێت، چونکە چاکسازی پڕۆسەیەکی درێژخایەنە و کاری تریش بە رێگاوەیە

زۆرترین خوێندراو