باوكی محمه‌د بۆ چاره‌سه‌ری منداڵه‌كه‌ی داوای هاوكاری له‌ حكومه‌ت ده‌كات

15.06.2020
جەماوەر نیوز

تەنیا پێنج ساڵ تەمەنیەتی، بەڵام هێندەی ساڵەکانی تەمەنی نەشتەرگەریی بۆ کراوە، 32 رۆژە نان و ئاویشی نەخواردووە، وشکبووە و لە جووڵە کەوتووە، تەنیا چاوە شینەکانی دەگێڕێ، تاکە شتێک دڵی خۆش بکات، یارییەکانی نێو مۆبایلەکەی باوکییەتی، بەڵام ئێستا پەنجە لەرزۆکەکانی توانای یاریکردنیشیان نەماوە. ئەوە ژیانی محەممەدە.
محەممەد ئازاد، تەمەنی پێنج ساڵ و دوو مانگە، لە 12-02-2015 لەدایکبووە. لە منداڵییەوە لەگەڵ نەخۆشییەک ئاشنابووە، کە ئێستا ئیدی لە جووڵەی خستووە و پزیشک بە باوکیان گوتووە "چی دیکەمان پێناکرێ، تەنیا بێ دڵی مەکەن". باوکیشی لە قسەی پزیشکەکان تێگەیشتووە، بۆیە نامەیەکی بۆ کوڕەکەی نووسی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی، هەمووان دەنووسن: نامەیەکی ناخهەژێن لە باوکەوە بۆ کوڕەکەی.

نامەکەی باوکی محەممەد:
حەیفە جگە لە خەمی فیراقی ئازیزان، بە شتێکی دیکە بگوترێت خەم، لەدوای خەمی جەرگسووتان، هەموو خەمێک درۆیە. خەمی شارێک بخەنە دڵم، بەڵام خەمی ئەوەم لە دڵ لادەن، کە پزیشک دوێنێ پێیگووتم ئیدی سەبارەت بە (محەممەد)ی کوڕت کار لە کار ترازاوە و ئەوەندەی ماوە بێ دڵی مەکەن. ئای خودایە پێنج مانگ برسێتی و پێنج مانگ ئازار و پێنج نەشتەرگەری و ئەو هەموو ئومێد و هیوایە، ئێستا بە بەرچاوی من و دایکی رۆژ بەڕۆژ وشکدەبێتەوە، خەریکە چاوە شین و گەشە جوانەکانی ناتوانێ هەڵبێنێ. نازانم چی دەنووسم، بەڵام دەزانم نووسینەوەی ئەو خەمەی دڵی من لە فەیسبووک جێی نابێتەوە، هەر ئەو دایک و باوکانە لێم تێدەگەن کە هەمان خەمیان لەدڵدایە. (اللهم لا سهل الا ماجعلتە سهلا وانت تجعل الحزن اذا شیٔت سهلا.) هاوڕێیان تکایە دوعای خێری بۆ بکەن.

بۆچی پێنج نەشتەرگەریی بۆ محەممەد؟

ئازاد باوکی محەممەدە، لەدوای بڵاوکردنەوەی نامەکەی به‌ ڕووداوی ڕاگه‌یاند "بەخوا نامەکەم هەر بۆ دەرکردنی خەم نووسی، هەرچەند خەمێکە و لەکۆڵم نابێتەوە".
محەممەد هەر لە لەدایکبوونییەوە کێشەی ئاوسانی سکی هەبووە، باوکی چەند پزیشکێکی پێکردووە، بەڵام وەک خۆی دەڵێ "هەموو پزیشکەکان دەیانگوت گەورە ببێ باش دەبێ". ماڵباتی محەممەد بە ئومێدی گەورەبوونی و تێپەڕاندنی ئەو دۆخە لە چاوەڕوانیدا دەبن، تاوەکو نیوەڕۆی 27-12-2019، لەو رۆژەوە نەخۆشییەکی محەممەد ئاقارێکی دیکە وەردەگرێ، لەو رۆژەدا محەممەد دەڕشێتەوە و خوێن لەگەڵ رشانەوەکەی دێت، کە دەیبەنە نەخۆشخانەو دوای پشکنین، پزیشکان بە باوکی دەڵێن نەخۆشییەکەی "مێگاکۆڵۆنە"، واتە کۆڵۆنی ئاوساوەو  پێشیان گوتوون "هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی مەترسیدار".
محەممەد چارەسەری ئەو رەوشە وەردەگرێت، بەڵام هێشتا نەخۆشییەکە بە رووخسارییەوە دیاردەبێ، باوکی دەڵێ رۆژانی دواتر رووخساری ئاوسا و بەرەو خراپتر رۆیشت، دەیباتەوە نەخۆشخانە و دیسانەوە پاش پشکنین، پزیشک پێیان دەڵێ "دەبێ بەشێکی کۆڵۆنی ببڕدرێت". باوکی محەممەد رازی دەبێ، بەڵام گوتی "نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو نەبوو".

ئازاد ئیدی ناتوانێ بەوشێوەیە کوڕەکەی لە دۆخێکی خراپی تەندروستیدا ببینێت، بیردەکاتەوە محەممەد بباتە تورکیا، لە 23-1-2020 دەگەنە تورکیا و داخیلی نەخۆشخانە دەبن. پزیشکە تورکەکانیش بڕیاری نەشتەرگەرییەکی دیکە بۆ محەممەد دەدەن و 7 رۆژ دەمێننەوە. باوکی محەممەد دەڵێ "دوای ئەو نەشتەرگەرییەش کوڕەکەم هەر وەکو خۆی بوو، زۆر مانەوەشمان پارەی لێبڕیم، چونکە جگە لە پارەی تاقیگە و نەشتەرگەریی و خەرجییەکانی دیکە، شەوی 1200 دۆلارم بۆ مانەوەی نەخۆشخانە دەدا، کاتێک نەخۆشخانەکە زانییان پارەم لێبڕاوە، ئینجا پێیانگوتم ئێمە پزیشکی پسپۆڕی ئەو نەخۆشییەمان نییە".

محەممەد هەر بەو ئازارەوە دێتەوە هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە لە هەولێر دەبرێتەوە نەخۆشخانە، بڕیاری نەشتەرگەرییەکی دیکەی بۆ دەدرێت، چونکە ریخۆڵەکانی کەوتوونەتە سەر یەکدی. باوکی دەڵێ "ئەم نەشتەرگەرییەیان باش بوو، محەممەد کەوتەوە نانخواردن، چونکە لە 27-12ی ساڵی رابردوو تاوەکو دوو مانگی دوای ساڵی 2020 محەممەد هیچی نەخواردبوو". 
ئەو تەندروست باشییەی محەممەد زۆر ناخایێنێ، لە 5-5-2020 جارێکی دیکە ریخۆڵە و گەدەی لەکاردەکەونەوە و هیچی بۆ ناخورێت، بڕیاری نەشتەرگەرییەکی دیکەی بۆ دەدرێت، کە ئەوە چوارەم نەشتەرگەرییە بۆی و لە نەخۆشخانەی راپەڕین بۆی دەکرێت، کەچی لەوەشدا محەممەد چانسی نابێ، "تەقەڵەکانی هەڵدەوەشێنەوە"، بۆ چارەسەرکردنی تەقەڵەکان ئینجا نەشتەرگەریی پێنجەمی بۆ دەکرێت. لەدوای تەواوبوونی ئەو نەشتەرگەرییە، کە 32 رۆژ لەمەوبەر کراوە، تاوەکو ئەمڕۆ محەممەد نان و ئاوی نەخواردووە و تەنیا بە ژیناو (موغەزی) دەژی.
ژیانی پێشتری محەممەد لە زاری باوکییەوە

محەممەد پێش ئەوەی نەخۆشبکەوێت، بە وەسفی باوکی بێت: منداڵێکی رۆحسووک، گوێرایەڵ، زیرەک بووە. باوکی نەیتوانی هەموو باشییەکانی محەممەد بڵێ و گریا، هەر بەدەم گریانەوە گوتی "هاوڕێم بوو، تێکەڵاویی من و محەممەد، زیاترە لە پەیوەندیی کوڕ و باوک". بەڵام ئێستا محەممەد نە وەک جاران یاریی دەکات، نە قسەی خۆش و هاوڕێیەتی باوکی پێدەکرێ، تەنانەت توانای جووڵەشی نەماوە و دایک و باوکی لە خەودا وەریدەگێڕن. باوکی دەڵێ "تاکە شتێک ئێستا دڵی محەممەد خۆش بکات یارییە ئەلیکترۆنییەکانن، بەڵام دەبێ خۆمان مۆبایلەکەی بۆ رابگرین و ئەو بە پەنجە لەرزۆکەکانی تەنیا دەتوانێت یارییەکان بگۆڕێت". محەممەد لەماوەی 27-12-2019 تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 10 کیلۆگرام کێشی لەدەستداوە، پێشتر 19 کیلۆگرام بووە و ئێستا بووەتە 9 کیلۆ و 800 گرام، باوکی دەڵێ "تەنیا ئێسک و پێستی ماوە".

محەممەد خوشکێک و سێ برای دیکەی هەن، "کاتێک ئەوان یاریی دەکەن، ئەم تەنیا بە چاوە شین و گەشەکانی لە دوورەوە تەماشایان دەکات". باوکی وادەڵێ.

چارەسەری محەممەد لەکوێیە؟
خەرجیی محەممەد تاوەکو ئێستا بەگوتەی باوکی 70 هەزار دۆلار بووە، باوکی خانوویەک شک دەبات و ئامادەیە ئەوەشی بۆ بفرۆشێت، بەڵام لەبەرئەوەی پزیشکان لە هەرێمی کوردستان و تورکیا بێهیوایان کردووە و ئەو قسەیەی بیرناچێتەوە کە پێیانگوتووە "تەنیا بێ دڵی مەکە"، سۆراخی نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا و هیندستانی کردووە و پشکنینەکانی بۆ ناردوون. نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا پێیانگوتووە "ناتوانین لێرەوە بڕیاربدەین، بەڵام بەپێی پشکنینەکان بێ و محەممەد خۆی بێتە نەخۆشخانە لە ئەڵمانیا دەتوانین چارەسەرێکی بۆ بکەین، کە تەنیا گیان لەدەستنەدات، نەک وەک منداڵێکی ئاسایی بژی". 
ئێستا باوکی محەممەد داوادەکات، حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکاریی بکەن بۆئەوەی کوڕەکەی بباتە ئەڵمانیا، ئاسانکاریی هاتووچۆی بۆبکرێت، چونکە دەڵێ "تاکە ئومێدە ماومە، من و دایکی ناتوانین کوڕەکەمان بە بەرچاومانەوە وشكبێتەوە و بمرێت".

 

 


زۆرترین خوێندراو