نازم شاکر بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا

11.09.2020
جەماوەر نیوز

ئه‌مشه‌و نازم شاکر، یاریزانی هه‌ڵبژارده‌وی پێشووی عێراق له‌ شاری هه‌ولێر بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا.

نازم شاکر دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی شاری تایبەت لە هەولێر چارەسەری وەردەگرت، بەڵام ئه‌مشه‌و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا.

له‌سه‌ر وه‌سێتی نازم شاكر ته‌رمه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ شاری به‌غداد، سبه‌ی له‌ شاری هه‌ولێر به‌مه‌راسیمێك ته‌رمه‌كه‌ی به‌ڕێده‌خرێت بۆ زێدی خۆی.

نازم شاكر دوو جاربووه‌ به‌ ڕاهێنه‌ری یانه‌ی هه‌ولێر  هەروەها راهێنەری یانەکانی سەلام، کەرخ، دهۆک، نەفت، جەوییە، مەسافی و ئارارات بووە.

نازم شاکر، وەک راهێنەرێکی پیشەگەری عێراق لەگەڵ یانەکانی خولەکانی ئیمارات و ئوردن کاری کردووە، لە 2010 راهێنەری هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق بووە.
نازم شاکر، لەدایکبووی 1958ی بەغدایە، لە 1975 دەستیکردووە بە یارییکردن، وەک یاریزان لە یانەکانی عومال، جەوییە، لە هەڵبژاردەی لاوانی عێراقیش یارییکردووە، یەکێک بووە لە ئەستێرەکانی هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق لە مۆندیالی 1986ی مەکسیک، لە 1988 بەهۆی پێکان بەیەکجاری وازی لە یاریکردن هێنا. 

زۆرترین خوێندراو