ھەفتەی داھاتوو كۆبوونەوەی حكومەت و پەرلەمان ئەنجامدەدرێت

28.09.2020
جەماوەر نیوز
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد، كۆبوونەوەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و پەرلەمان چەند خاڵێك لەخۆ دەگرێت، یەكێك لەو خاڵانە خستەڕووی ھەنگاوەكانی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازییە لە مووچە و دەرماڵەكان.
ھێمن ھەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وتی "نووسراوی سەرۆكایەتی حكومەتی ھەرێمی كوردستان گەیشتووەتە پەرلەمان، لەسەر داوای سەرۆكی حكومەت بەپێی مادەی 66 لە بڕگەی دووەم، داوای كردووە كۆبوونەوەیەكی تایبەتی پەرلەمانی كوردستان بكرێت".
وتیشی: "مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و جێگرەكەی و وەزیرە پەیوەندیدارەكان بەشداری لە كۆبوونەوەكە دەكەن و خاڵەكانی كۆبوونەوەكە بریتین لە: خستنەڕووی ھەنگاوەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستانە بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵەكان، كە لە 1/7/2020 كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە. خاڵێكی دیكە پەیوەستە بە دۆخی دارایی ھەرێمی كوردستان و بابەتی مووچە. خاڵێكی دیكە تایبەتە بە دۆخی ناوچە كوردستانییەكان، ھەروەھا باس لە گفتوگۆكان لەگەڵ حكومەتی عێراق دەكرێت لەسەر پرسی بودجە و خاڵەكانی پەیوەست بە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا، ھەر لە كۆبوونەوەكەدا باسی كۆرۆنا و لێكەوتەكانی دەكرێت".
ھێمن ھەورامی، راشیگەیاند: "ئەمڕۆ كۆبوونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانمان كرد، ھەفتەی داھاتوو كۆبوونەوەی نێوان حكومەت و پەرلەمان ئەنجامدەدرێت".

زۆرترین خوێندراو