سەرۆکی کیرگیزستان ده‌ستی له‌ كاركێشایه‌وه‌

15.10.2020
جەماوەر نیوز
سۆرۆنبای ژینیکۆڤ، سەرۆکی کیرگیزستان، دەستی لەسەرۆکایەتی وڵات کێشایەوە و وتی دەمەوێت رێگری لە رووبەڕووبوونەوەی نێوان پیاوانی ئاسایش و خۆپێشاندەران بگرم.
لە دوا هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی کیرگیزستانی هەڵکەوتوو لە ناوەڕاستی ئاسیا، لایەنگرانی سەرۆکی وڵات، زۆرینەی دەنگەکانیان بەدەستهێنا، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن، ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی رەتکردەوە و دواتر خۆپێشاندەران رژانە سەر شەقامەکانی وڵاتەکە و داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی وڵاتیان کرد. خۆپێشاندانەکان چەندین قوربانیی لێکەوتەوە.
دەستەی سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنەکانی وڵات، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی رۆژی 4ی ئۆکتۆبەری رەتکردەوە، بەڵام خۆپێشاندەران هێرشیانکردە سەر دامەزراوە گەورەکانی وڵات، وەک پەرلەمان و باڵەخانەی دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی و سەرۆکی پێشووی وڵات، کە لە بەندیخانەیەکی ئەو دەزگایەدا، بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرابوو، ئازادکرا.
کیرگیزستان، لە چەند هەفتەی رابردوودا رووداوی دراماتیکی و تووندی بەخۆوە بینی، حکومەتی ئەو وڵاتە لە ژێر فشاری خۆپێشاندەرانی شەقامدا دەستیلەکارکێشایەوە و ئارامنەبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان، سەریکێشا بۆ دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی وڵاتیش.
چوارشەممەی رابردوو، ئۆپۆزیسیۆنی وڵات سادر زابارۆڤ، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی بەسەرۆکوەزیرانی نوێی وڵات هەڵبژارد، دواتر سۆرۆنبای وەک ئەوەی نووسینگەکەی بڵاویکردەوە، واژۆی لەسەر دەستنیشانکردنی زابارۆڤ، بەسەرۆکی نوێی حکومەتی وڵات کرد.
زابارۆڤ یەکێکبوو لەو سەرکردانەی ئۆپۆزیسیۆن، کە پێشتر لە بەندیخانەکانی وڵاتدا دەستگیرکرابوو، لە خۆپێشاندانەکانی چەند رۆژی رابردوودا، لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە ئازادکرا.
سەرۆکی دەستلەکارکێشاوە گوتی، نامەوێ ببمە هۆکاری پێکدادان و قوربانیی کەوتنەوەی زیاتری نێوان خۆپێشاندەران و پۆلیس، دەستلەکارەکەم دەکێشمەوە.
پێناچی کێشەکانی وڵات وا بەئاسانی چارەسەر ببن، ئەو هێزانەی ئۆپۆزیسیۆن کە دەستیان بەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەتدا گرتووە، ناکۆکییان لەنێواندا هەیە و ئەوەش بووەتە هۆکاری دروستبوونی بۆشایی لەدەسەڵات و پێکنەهاتنی حکومەتی کاتی.
هەینی پێشوو، دوو ئەندامی دیار لەسەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆنی وڵات، گەیشتنە رێککەوتن بۆ یەکخستنی هێزەکانیان لەسەر شەقام، ئەوان پشتگیری ئەلمازبەگ ئاتامپایێڤ، سەرۆکی پێشووی وڵاتیان بەدەستهێنا بۆ رزگارکردنی کیرگیزستان لەو تەنگژەیەی تێیکەوتووە، بەڵام لایەنگرانی ئەو دوو سەرکردەیە لەسەر شەقام لە دژی یەک وەستانەوە و رێککەوتنەکەیان رەتکردەوە، ئەوە پێشبینی دۆخێکی خراپتری لە وڵاتدا هێناوەتە ئاراوە.
ئۆپۆزیسیۆنی کیرگیزستان، بەسەر 11 لایەنی ناکۆکدا دابەشبووە، کە لەپشتییانەوە بەرژەوەندی عەشایەری و هۆزگەری هەیە. ئەو وڵاتە پێشتر شۆڕشی میلی دژی سەرۆکەکانی بەخۆوەبینیووە و دوو لە سەرۆکانی وڵات لە ساڵی 2005دا، بەهۆی فشاری شەقام و شۆڕشەوە، لە سەرۆکایەتی وڵات دەرکراون.
کیرگیزستان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ رووسیادا هەبوو، مۆسکۆ بنکەیەکی گەورەی سەربازیی لەو وڵاتەدا هەیە و وڵاتەکە دراوسێی چینە و دۆخی سیاسی، کاریگەریی لەسەر بەرژەوەندییەکانی رووسیا و چین لە ئاسیای ناوەڕاست دروستدەکات.
دەسەڵاتی پێشووی وڵات بەسەرۆکایەتی ژینیکۆڤ، لەلایەن رووسیاوە پشتگیریدەکرا. حکومەتی رووسیا دۆخی ئێستای ئەو وڵاتە، بە 'بێسەروبەر' ناودەبات.

زۆرترین خوێندراو