ئازەربایجان و ئەرمینیا ئاگربه‌ستی دووه‌میان ڕاگه‌یاند

18.10.2020
جەماوەر نیوز
رێککەوتنی ئاگربەستی کاتیی مرۆیی لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لە یه‌كه‌م كاژێری به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ چووە بواری جێبەجێکردنەوە. 
بەپێی ئەو راگه‌یێندراوه‌ی لە وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە، بڕیاری دووه‌مین ئاگربەستی کاتی بەپێی جارنامه‌ی مۆسکۆ لە به‌رواری 10ی تشرینی یەکەم و بە پشتبەستن بە جاڕنامه‌ی 5ی تشرینی یەکەمی ھاوسەرۆکانی گرووپی رێکخستنی ھاریکاری ئەمنی ئەوروپا-مینسک و جاڕنامه‌ی 1ی تشرینی یەکەمی سەرۆکی وڵاتان لە گرووپی رێکخستنی ھاریکاری ئەمنی ئەوروپا-مینسک، له‌ کاژێر 00:00ـەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

دوای راگه‌یاندنی ئاگربه‌سته‌كه‌، جه‌یهون بایرامۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئازه‌ربایجان له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ مه‌ولوود چاوشئۆغڵو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، زانیاری پێویستی لەبارەی بەستنی ئاگربەستی کاتی مرۆیی لە ناوچەکەدا پێدا. 
ئەرمینیا و ئازەربایجان لە گفتوگۆکانیان لە مۆسکۆ لە ١٠ی تشرینی یەکەم کاژێری 12:00ـی نیوەڕۆوە یه‌كه‌م ئاگربەستی کاتی لە قەرەباخ بەمەبەستی گۆڕینەوەی دیل و تەرمەکان راگەیاندبوو. 
به‌ر له‌ تێپه‌ڕبوونی 24 كاژێر له‌ ئاگربه‌سته‌كه‌، هه‌ردوولایه‌ن یه‌كدیان تۆمه‌تباركرد به‌هێرشكردنه‌ سه‌ر ئه‌وی دیكه‌یان و له‌ ئه‌نجامدا هه‌مان رۆژ ده‌یان كه‌سی سڤیل كوژران و برینداربوون. 
پێکدادانەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر هەرێمی قەرەباخ گەیشتووەتە ئاستێک کە ئەمریکا دۆخەکە بە "بەرمیلە بارووت" ناودەبات و ئێرانیش هۆشداری دەداتە ئەو دوو وڵاتە ئەمەش دوای ئەوەی جارێکی دیکە مووشەکەکانی نێوان هەردوو وڵات لەنێو خاکی ئێراندا کەوتنەخوارەوە.
شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لە 27ی ئەیلولەوە دەستیپێکردووە، سەرەڕای ئەوەی ئاگربەستێک بە نێوەندگیریی رووسیا لەنێوانیاندا راگەیێندرا، بەڵام دوای چەند کاژێرێک لە راگەیاندنی پێشێلکرا.
پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، کێشەی بۆ وڵاتانی دراوسێ دروستکردووە، بەتایبەت ئێران، کە ئەوە دووەمجارە هۆشداری دەداتە هەردوو وڵات، بەوەی لە هێرشەکانیاندا خاکی ئێران نەکەنە ئامانج.
به‌ره‌به‌یانی رۆژی شه‌ممه‌، ئازه‌ربایجان له‌ رێگه‌ی مووشه‌كی بالیستی دوورمه‌ودا، هێرشیكرده‌ سه‌ر دوو شاری ئازه‌ربایجان كه‌ له‌ ئه‌نجامدا 13 سڤیل گیانیان له‌ده‌ستدا و 59 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون. 

زۆرترین خوێندراو