پله‌ باڵاكان سامانه‌كانیان ئاشكرا نه‌كه‌ن موچه‌كانیان ده‌بڕدرێت

24.10.2020
جەماوەر نیوز
دەستەی دەستپاکیی عیراق رایگەیاند خەرجکردنی مووچەی پەرلەمانتار و بەرپرسە حکومییەکان رادەگرێت، کە قەبارەی موڵک و سامانیان ئاشکرا نەکردووە.
رۆژنامەی سەباح-ی نیمچەفەرمیی عێراق لە راپۆرتێکدا ئەمڕۆ (شەممە، 24-10-2020) رایگەیاند، لەسەر داوای دەستەی دەستپاکی مووچەی ئەو پەرلەمانتار و بەرپرسە ئەمنییانە خەرج ناکرێت، کە سامانیان ئاشکرا نەکردووە. ئاشکراشی کرد رێژەی 94٪ـی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پابەند بوون بە ئاشکراکردنی سامانەکانیان.
هەریەک لە: سەرۆکایەتیی کۆمار، سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیرەکان و جێگرەکانیان، ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەوانەی لە پلەی ئەواندان، هەروەها سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای داد، دادوەرەکان، داواکاری گشتی، سەرۆک و ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی بەپێی یاسای دەستەی دەستپاکی، دەبێت سامانەکانیان ئاشکرا بکەن.
موعتەز عەباسی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆپارێزی لە دەستەکە بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە "هەرسێ سەرۆکایەتییەکە و هەموو وەزیرەکان جگە لە وەزیرانی دارایی و پەیوەندییەکانیان سامانیان ئاشکرا کردووە".
ئاشکراکردنی سامانی ئەو بەرپرسانە لەکاتێکدایە، یاسای دەستەی دەستپاکی ساڵی رابردوو هەموارکرایەوە و خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. عەباسی هەروەها گوتی "لیستی ناوی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و بەرپرسانی دیکە و وەزیرەکانیشمان ناردووە بۆ لایەنی پەیوەندیدار، بۆ ئەوەی مووچەکانیان رابگیرێت تاوەکو ئەو کاتەی زانیارییەکان بە دەستەی دەستپاکی دەدەن".
"ئەگەر ئەو بەرپرسانە بەردەوام بن لە ئاشکرانەکردنی زانیاری لەبارەی سامانەکانیان، ئەوا دەستەکە رێوشوێنی تووندتریان لەدژ دەگرێتەبەر"، بەگوتەی بەڕێوەبەرەکە.
ئامانجی دەستەی دەستپاکی لە زانینی قەبارەی سامانی بەرپرسان، چاودێریکردنە، تاوەکو رێگە لە گەندەڵی بگرێت و چاودێری بکات لەئەگەری بوونی داهاتی نایاسایی. دەستەکە هەر زیادبوونێکی سامان بەڕێژەی 20٪ لە ساڵێکدا لە سامانی بەرپرسەکە خۆی، هاوژینەکەی یان منداڵەکانی بە داهاتی نایاسایی هەژمار دەکات، ئەگەر سەرچاوەی زیادبوونی سامانەکە دیار نەبێت.

زۆرترین خوێندراو