تا كۆتایی ئەمساڵ مووچەی فەرمانبەران دابیندەكرێت

26.10.2020
جەماوەر نیوز
بڕیاردەری لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە رێگەی یاسای وەرگرتنی قەرزەوە، تا كۆتایی ئەمساڵ، مووچەی فەرمانبەران دابیندەكرێت و لەپێناو دابەشكردنی مووچەی مانگی 10، پەرلەمانی عێراق لە چەند ڕۆژی داهاتوودا یاسایی كورتهێنانی دارایی پەسەند دەكات.
ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راگەیاند: "حكومەت ئەو پڕۆژەیاسایەی پێشكەش بە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كردووە بە ناوی پرۆژەیاسای كورتهێنانی دارایی و ئێمەش وەكو لێژنەی دارایی تێگەیشتمان هەیە كە پێویستە مووچەی فەرمانبەران دوانەكەوێت و لە كاتی خۆیدا دابەشبكرێت".
ڕوونیشی کردەوە، بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق بتوانێ مووچەی مانگەكانی داهاتووی فەرمانبەران دابین بكات، پێویستی بە 20 تریلیۆن دینارە. باسیشی لەوە كرد كە بەهۆی زەروورەتی دەستپێكردنی دابەشكردنی مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەران، ”ئێستا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاساكە کراوە، لە ماوەی نۆ ڕۆژی داهاتوودا پەرلەمان یاسای كورتهێنانی دارایی پەسەند دەكات كە بە نزیكەی 41 تریلیۆن خەمڵێندراوە".
ئاماژەی بەوەش كرد، پەرلەمان بە باشی لە پێدوایستییەكانی فەرمانبەران و خانەنشینان تێدەگات كە دەبێت شایستە داراییەكانیان دەستەبەر بكرێت، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین بەردەوامبوونی حكومەت لەسەر قەرزكردن بە مەبەستی پڕكردنەوەی پێداویستییە داراییەكان، بە تایبەتیش مووچە، كاریگەریی خراپی بۆ سەر نەوەكانی داهاتوو دەبێت".

زۆرترین خوێندراو