ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وه‌ڵامی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ ده‌داته‌وه‌

25.11.2020
جەماوەر نیوز
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە وەڵامی ئەمنستی ئینتەرناشناڵدا: دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم ئامادەن بۆ بەدواداچوونی ورد لە هەر تۆمەتێک کە بە بەڵگەوە ئاراستەیان بکرێت
ڕۆژی سی شه‌ممه‌ 24ی تشرینی دووه‌می 2020 رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ راپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە بە ناوی (عێراق: هەزاران راگوێزراوی عێراقی تۆمەتبار بە بوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش، لە نێو حەلقەیەکی بەتاڵدا بە دەست پێشێلکارییەوە دەناڵێنن)، تێیدا چەند تۆمەتێکی بێ بنەما و دوور لە راستگۆیی خستۆتە پاڵ دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لەو بارەوە د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم رایگەیاند: بەپێی میکانیزمی هەماهەنگی نێوانمان بەر لە بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکەیان بە ماوەیەک رێکخراوی ناوبراو چەند  پرسیار و تێبینییان پێڕاگەیاندبووین، ئێمەش وەڵامی ئەو پرسیارانەمان دایەوە، بەڵام لە دوای بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکە رێکخراوی ناوبراو بە هیچ شێوەیەک ئاماژەیان بە وەڵامەکانی ئێمە نەکردووە.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها وتی: راپۆرتەکەدا لە زۆر ڕووەوە بێ بنەما و بەڵگەیە، چونکە پشتی بە گوتەی چەند کەسێکی نادیار بەستووە بێ ئەوەی ئاماژە بە شوێنەکە و کاتی ئەنجامدانی پێشێلکارییەکان بکات کە بەرامبەریان ئەنجامدراوە، بۆ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم بتوانن بەدواداچوونی بۆ بکەن. ئاشکراشە نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر روویان لە هەرێمی کوردستان کردبوو و بەشی زۆریان هاتنیان هاوکات بوو لەگەڵ هێرشەکانی داعش و دەزگا ئیدارییەکان چەند رێوشوێنێکی ئەمنیان گرتبووە بەر بۆ رێکخستنی هاتنی ئاوارەکان و نیشتەجێکردنیان.
لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە بۆ دەستگیرکردنی ئاوارەکان پشت بە زانیارییەکانی (مخبر سري) بەستراوە، لەم بارەوە زێباری وتی: جاری وا هەبووە لە رۆژێکدا  (٣0٠٠) کەس هاتوونەتە خاڵەکانی تەماس، هەندێک لە ئاوارەکان زانیاری نادرووستیان بە دەزگا ئەمنییەکان داوە بۆ نموونە ناوی شوێنی راستەقینەی خۆیان نەداوە یان هەندێک کەس گومانلێکراو بوون نەک داواکراو. لەم حاڵەتانەدا پشت بە زانیاری هەواڵدەری نهێنی (مخبر سری) بەستراوە وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی زانیاری دوای ئەوەی لە زانیارییەکان دڵنیا دەبنەوە، بەڵام کەس بە پشت بەستن بە زانیاری نادرووست دەستگیر نەکراوە .
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان زیاتر وتی: بەپێی یاسای تیرۆر دادوەر فەرمانی دەستگیر کردن بۆ گومانلێکراوان دەردەکات بۆیە کەس بەبێ فەرمان دەستگیر نەکراوە.
لە کۆتاییدا د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم وتی: پێشتریش بە رێکخراوی ناوبراومان راگەیاندووە پێویستە لە کاتی بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکانیان ورد بن و پشت بە زانیاری درووست ببەستن، چونکە لە دوای هێرشەکانی داعش زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو ئاوارە روویان لە هەرێمی کوردستان کرد و لە نزیکەی (٤٠) کەمپ نیشتەجێکران، هەروەها ئەگەر سەرپێچییەک لەلایەن فەرمانبەرێکەوە  لەو رووەوە ئەنجامدرابێت ئەوا حاڵەتێکی تاکە کەسی بووە و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان ئامادەن بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ورد لە هەر کەیسێک کە ئاراستەیان بکرێت بە بەڵگە و رێوشوێنی فەرمییەوە.

زۆرترین خوێندراو