چەند ڕاستییەک دەربارەی چەوری خوێن و چارەسەریه‌كانی

13.01.2021
جەماوەر نیوز
دکتۆر عارف گۆران . پسپۆر و ڕاوێژکاری ھەناو لەندەن
1-مرۆڤ کە لە دایک دەبێت چەوری لە خانەکانی لەشی ھەیە، چەوری بەشێکی گرنگە بۆ ئەوەی لەش بتوانێت كاره‌كانی خۆی به‌باشی جێبەجێ بکات. چەوری زۆر گرنگە بۆ زۆربەی ھۆرمۆنەکانی لەش و کۆمەلێک ڤیتامین هه‌یه‌ لە نێو چەوری دەتوێنەوەو لەشی مرۆڤ سوودی لێوەرده‌گرێت، ھەروەھا چەوری یارمەتی جگەر دەدا بۆ ئه‌وه‌ی ھەندێک ترشەلۆک دروست بكات، کە رۆلێکی گرنگ له‌ كاره‌كانی جه‌سته‌ ده‌بینن. له‌پاڵ ئه‌و خاڵه‌ ئه‌رێنیانه‌، بەرزی چەوری خوێن یەکێکە لە ھۆکارە ھەرە گرنگەکانی نەخۆشیەکانی دل و خوێنبەرەکان.
2-ھۆکاری بۆماوەیی رۆڵێکی گەورەی له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی چه‌وری ھەیە. لە ٧٥٪‏ ی حالەتەکانی بەرزی چەوری خوێن پەیوەستیە بە ھۆکاری بۆماوەیی ، ھەرچەندە باسی زۆر جۆر له‌ رژێمی خۆراک دەکرێت بۆ دابەزینی رێژەی چەوری خوێن، به‌ڵام لە راستیدا کەمتر لە ٢٥٪‏ حاڵەتەکانی بەرزی چەوری پەیوەندی بە خورادن ھەیە. بۆیه‌ كه‌سانی لاوازو ئه‌وانه‌ی رژێمێكی رێك و پێكی خواردنیش په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن، زۆرجار دوچاری به‌رزی چەوری خوێن ده‌بن.
3-چەوری خوێن لە چەند بەشێک پێکدێت، كه‌ دەتوانین بۆ ئەم چەند جۆرەی خوارەی خوارەوە دابەش بکەین : -
أ-چەوری خراپ (LDL) ، ئه‌م جۆره‌ ھۆکاری سەرەکیە بۆ تەسکبوونەی خۆێن بەرەکانی له‌ش به‌گشتی و تووشبون بە جەلتەی دل و مێشک. ئەم جۆرەی چەوری چەنده‌ی کەمتر بێت ، باشترە و ئەگەرەکانی تووشبون بە جەلتەی دل کەمتر دەکاتەوه‌.
ب-چەوری باش (HDL)، ئه‌م جۆره‌یان زۆر پێویست و گرنگە بۆ لەش ، دەرکەوتووە باشترین ڕێگا بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی ئەو جۆرە لە چەوری وەرزش کردنە وە ھەروەھا خواردنی ماسی سالمۆن و ئەڤۆکادۆ سوودی ھەیە بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی ئەو جۆرەی چەوری.
ج-چەوری ژێر پیستە (Triglyceride) ، ئەم جۆره‌شیان زیان بەخشە، بەلام بە رێژەیەکی کەمتر لە جۆری (LDL). بۆ ئەوەی رێژەی درووستی ئەو چەوریە بزانیت باشتر وایە له‌ خورینی پشکنینی خوێن بکرێت ، ئەم جۆرەی چەوری جگە لە زیانەکانی بۆ خوێنبەرەکانی لەش ئەگەر بە رێژەیەکی زۆر زیاد بێت بۆی ھەیە ببێتە ھەورکردنی پەنكریاس.
4-بەرزی چەوری خوێن ھیچ نیشانەیەک درووست ناکات ، هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌ی خەلک هۆكاری سەر سوڕان و گێژی و کۆمەلێک نیشانەی تر دەبەستنەوە بە بەرزی رێژەی چەوری لە خوێن ، بەڵام لە راستیدا ئەو نیشانانە ھیج پەیوەندیەکیان بە بەرزی چەوری خوێنه‌وه‌ نیە .
5-ئەگەری هه‌یه‌ کە کەسانی گەنجیش دوچاری کێشەی بەرزی چەوری خوێن بن . جۆرێک لە بەرزی چەوری بۆماوەیی (Familial Hypercholetrolemia) نیشانه‌كانی لە تەمەنی گەنجیەوە ده‌رده‌كه‌وێت و رێژەی چەوری ئه‌و كه‌سانه‌ زۆر بەرز ده‌بێت ، بۆیە ئەو خێزانانەی کەسێکی گەنجیان بە ھۆی جەلتەی دل کۆچی دوایی ده‌كات، یان تووشی نەخۆشی دڵ ده‌بێت، پێویستە پشکنیکی خوێن بۆ هه‌موو ئەندامه‌كانی تری خێزانەکەیان بکه‌ن.
6-بەکارھێنانی دەرمان بۆ چارەسەری کێشەی بەرزی چەوری خوێن بەشێکی گرنگی چارەسەریە بۆ ھەموو ئەو نەخۆشانەی کە نەخۆشی دلیان ھەیە یان شەبەکەیان بۆ دانراوە ، بە ھەمان شێوە ئەوانەی تووشی جەلتەی مێشک بووینە .
بەشی ھەرە زۆری تووشبوانی نەخۆشی شەکرە، بە تایبەتی جۆری دووه‌می شەکرە، پێویستیان بە دەرمان ھەیە بۆ کۆنترۆل کردنی بەرزی چەوری خوێن . کۆمەلێک حالەتی تر ھەیه‌ پێویستە دکتۆر رێژەی مەترسی بۆ تووشبون بە نەخۆشیەکانی دل دیاری بکات و بریار بدات لە ئەگەری پێویستی بۆ به‌كارهێنانی دەرمان بۆ چارەسەركردنی بەرزی چەوری خوێن.
7-بەرزی چەوری خوێن حالەتێکی زۆر بڵاوە، لە ھەندێک وولات لە ھەر سێ کەس یەکێکیان رێژەی کۆلیستڕۆلی بەرزە ، بۆیە ھەندێک لە ناوەندە زانستیەکان بە باشی دەزانن، کەوا کەسانی سەرووی تەمەنی بیست سالی ھەر پێنج سال جارێک پشکنینی خوێنیان بۆ بكرێت بۆئه‌وه‌ی به‌وردی چاودێری رێژەی چەوری خوێنیان بكه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی لێکۆلینەوەکان واده‌رده‌خه‌ن، کە خەلکانێکێ زۆر رێژەی چەوری خوێنیان بەرزەو ئاگادارنین . ده‌ستنیشانكردنی رێژه‌ی چه‌وری ئەو خەلکانەو چاره‌سەرکردنیان ھۆکارێکی گرنگه‌ بۆ کەمبوونەوەی نەخۆشیەکانی دل و خوێنبەرەکان .
8-بەرزی ڕێژەی چەوری خوێن تەنھا لە رێگای پشکنینی خوێن دیاری دەکرێت ، لە ھەندێک حالەتی زۆر کەم بۆی ھەیە ھەندێک گۆڕانکاری و نیشانە لە پێستی مرۆڤ درووست بکات ،کە بەرزی چەوری خوێن لای نه‌خۆش نیشان بدات.
9-لە رابردوو دەرمانی کاریگەر نەبوو بۆ چارەسەری بەرزی چەوری خوێن ، سی دەیە بەر لە ئێستا دەرمانێکی زۆر کاریگەر دۆزرایەوە کە بە ستاتین (Statins) دەناسرێت ، دەرکەوت، کە ئه‌و ده‌رمانه‌ کاریگەری زۆره‌و رێژەی چەوری بە رێژەیەکی زۆر بەرچاو کەمدەکاتەوە و ئەو کەسانەی بەکاریدەھێنن بە رێژەیەکی زۆر بەرچاو له‌ جەلتەی دڵ و مێشک دووریان ده‌خاته‌وه‌.
10-ھەموو جۆرەکانی ستاتین لە کوردستان ھەیە و ئەوانەی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بەکاردەھێنرێت بریتین لە سیمڤاستاتین ، ئەتۆرڤاستاتین و رۆزوڤاستاتین، مەرج نیە نەخۆش جۆری گران و براندی ئەو دەرمانانە بەکاربھێنێت چونکە ئه‌و ده‌رمانانه‌ی به‌ هه‌رزانیش ده‌ست ده‌كه‌ون ھەمان کاریگەریان ھەیە، ته‌نیا هێنده‌ هه‌یه‌ دەبێت ئەو دەرمانە بە شێوەیەکی بەردەوام بەکاربھێنرێت ، چونكه‌ ھەر کاتێک نەخۆش ئەو دەرمانە ڕابگرێت دوای چەند رۆژێکی کەم هه‌مدیس چەوریه‌كه‌ی بەرز دەبێتەوە ، بۆیە لە زۆربەی حالەتەکان نەخۆش دەبێت ئەو چارەسەریە بە درێژایی ژیانی وەربگرێت.
11- لێکۆلینەوەکان ئه‌وه‌ دەردەخەن، کە ستاتین له‌ زۆربه‌ی ده‌رمانه‌كانی تر سەلامەتتره‌ ، بەلام پزیشکی پسپۆر دەبێت بریار بدات کەی ئەو دەرمانە و بەچی برێک بەکارده‌ھێنرێت ، نابێت ئه‌وه‌ فه‌رامۆش بكرێت، كه‌ پێش بەکارھێنانی ئەو دەرمانە دەبێت پشکنینی خوێنی جگەر بۆ نەخۆش بکریت . ژمارەیەکی زۆر کەم لەو کەسانەی ئەو دەرمانە وەردەگرن ئەگەری ئەوە ھەیە تووشی ھەوکردنی ماسوولکەکان ببن ، بۆیە ئەو کەسانەی ستاتین وەردەگرن ئەگەر هه‌ستیان بە ئازاری ماسوولکەکانیان كرد ، پێویسته‌ ئاگاداری دکتۆره‌كه‌یان بکەنەوە . له‌ هه‌موو حاله‌ته‌كاندا ئەو دەرمانە نابێت بۆ ژنانی دووگیان بەکاربھێنرێت.
12-لە کاتێکدا دەرمانی ستاتین كاریگه‌ری زۆره‌ بۆ کەمکردنەوەی جۆری چەوری خراپ (LDL) ، بەلام هه‌مان ئەو کاریگەریەی نیه‌ بۆ چەوری ژێرپێسته‌(Triglycerides) ، بۆیە ئەو کەسانەی چەوری ژێر پیستەیان زۆر بەرزە ، باشتر وایه‌ دەرمانی فایبرێت (Fibrates) بەکاربھێنن، هاوكات ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین، كه‌ بەکارھێنانی ستاتین و فایبرێت له‌یه‌ك كاتدا ئەگەری ھەوکردنی ماسولکەکان زۆر زیاتر دەکات ، بۆیە ده‌بێت ئەم نەخۆشانە لە لایەن دکتۆری تایبه‌تمه‌نده‌وه‌ به‌وردی چاودێری بکرێن.

زۆرترین خوێندراو