ئازاری پاژنەی پێ بۆ ڕوودەدات؟چۆن چارەسەری دەکەین؟

30.03.2021
جەماوەر نیوز

د. سەروەر سالار چوچانی، پزیشکی پسپۆڕی ئێسک و جومگە و ڕۆماتیزم و فەقەرات
ئازاری پاژنەی پێ لە ئازارە بڵاوەکانە و لەناو خەڵکیدا بە ئێسکی زیادەی بنی پێ ناسراوە.
گرنگە ئەوانەی ئەم ئازارەیان هەیە سەردانی پسپۆڕی ڕۆماتیزم بکەن، چونکە هەندێکجار ئاماژەیە بۆ هەبوونی هەندێک جۆری ڕۆماتیزم، وەکوو ڕۆماتیزمی حەوز و فەقەرات!
هۆکارەکانی:
1- هەندێکجار نیشانەیەکی تووشبوونە بە ڕۆماتیزمی پشت و حەوز (وەکوو نەخۆشیی ئەی ئێس و هاوپۆلەکانی)
2- نائاساییبوونی کەوانەی پێ (هەم پێی فلات و هەم کەوانەی زۆر بەرز)
3- کێش زۆری و قەڵەوی
4- پیادەڕەویی زۆر، یان ڕاکردنی زۆر و هەر چالاکییەک کە فشارێکی زۆر بخاتە سەر بنی پێ
5- پێڵاوی بن تەنک و بن ڕەق
6- زیاتر لە تەمەنی ٤٠ بۆ ٦٠ ساڵی ڕوودەدات، بە تایبەت ئەگەر هۆکارەکە ڕۆماتیزم نەبێت
ئازارەکە بەمجۆرەیە:
کە بەیانی لە خەو هەڵدەستێ و پێ دادەنێ، ئازارێکی تیژ لە پاژنەدا دروستدەبێت، لەگەڵ ڕێکردن و بەردەوامیی چالاکیدا بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، بەڵام کە پشوویەک دەدات و دووبارە هەڵدەستێتەوە، دیسان ئازارە زۆرەکەی بۆ دێتەوە
دەستنیشانکردن:
سەرەتا پزیشکی ڕۆماتیزم بڕیاردەدات کە ئایا ئەمە بەشێکە لە ڕۆماتیزمێکی گشتیی جەستە، یاخود تەنیا ماندوویی بەستەری بنی پێ و هەوکردنیەتی
دەستنیشانکردنەکە بە پرسیارکردن لە نەخۆش دەستپێدەکات، پاشان پشکنین بەدەست، دواتر بڕیاردەدرێت ئایا ئەشیعەی بۆ بگیرێت یان نا، پشکنینی دیکەی ڕۆماتیزمی بۆ بکرێت یان نا؟
بۆچی ڕوودەدات
شانەیەکی جیڕ و قایم هەیە لە بنی پێدا کە پاژنە و سنگی پێ و کەوانەی پێ ڕادەگرێت پێکەوە، لە ئەنجامی ڕۆماتیزم تووشی هەوکردن و سووربوونەوە دەبێت، یان لە ئەنجامی کێشی زۆر و ماندووبوونی زۆر تووشی ستۆک بوون و وردە درز و پاشان هەوکردن دەبێت، هەندێکجار شوێنی هەوکردنەکە کلسی لەسەر دەنیشێ و لە ئەشیعەدا وەکوو بنە بزمار یان نووکێکی تیژ دەردەکەوێت و ئەوەیە پێی دەڵێن ئێسکی زیادە.
کاتی خۆی وایانزانیوە ئەو ئێسکەیە ئازارەکە دروستدەکات، بەڵام لە راستیدا هەوکردنەکە ئازار دروستدەکات، تەنانەت ژمارەیەکی زۆری خەڵک ئەو ئێسکە زیادەیەیان هەیە و هیچ هەست بە ئازار ناکەن چونکە بەستەرەکە لەوکاتەدا هەوی نەکردووە
چۆن چارەسەری دەکەین؟
1- ئەگەر بەشێک بوو لە ڕۆماتیزمێکی فراوانتر، ئەوە لە چوارچێوەی ئەودا چارەسەر دەکرێت
2- ئەگەر گرفتەکە لۆکاڵی بوو، واتە ڕۆماتیزم نەبوو، ئەوە چارەسەرەکان بەمجۆرەن:
- ڕێنماییکردنی کەسەکە بە دابەزاندنی کێشی زیادە، ئەگەر قەڵەو بوو
- وەرزشەکانی کشاندنی بەستەری بنی پێ (سترێچ کردنیان)
- دانانی سەهۆڵ لەسەر شوێنی هەوکردنەکە
- مامەڵەی دروست لەگەڵ گرفتی کەوانەی پێ، بە دیاریکردنی ناوکەفی تایبەت بۆ کەسەکە
- دانانی بنپاژنەی ئەوتۆ بۆ ناوپێڵاو کە زەبر هەڵبمژێ و بڵاوی بکاتەوە و چڕی نەکاتەوە لەسەر بەستەری بنی پێ
- چارەسەری فیزیایی، وەکوو شۆک وەیڤ، مایکرۆوەیڤ و تیشکی سۆنەری چارەسەریی
- دەرمانی دژە هەوکردنی ناستیرۆیدی
- دەرزی ستیرۆید بۆ بنی پێ
- هەندێک حاڵەتی دەگمەن، پێویستیان بە نەشتەرگری دەبێت


زۆرترین خوێندراو