ئه‌مشه‌و بارسێلۆنا و بیلباو له‌ یاری كۆتایی ڕووبه‌ڕووی یه‌كده‌بنه‌وه‌

17.04.2021
جەماوەر نیوز
ئەمشەو یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا لەنێوان هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ئاتلێتیک بیلباو دەکرێت، یانەی بارسێلۆنا دوای 96 ساڵ چاوی لە بردنەوەی یەکەم نازناوە.
یارییەکە کاتژمێر 10:30 ئه‌مشه‌و به‌ كاتی هه‌ولێر لەسەر یاریگەی لاکارتوخا لە شاری سێڤییا بەڕێوەدەچێت، ئەو یاریگەیەی کە سەرەتای ئەمساڵ یانەی بارسێلۆنا تێیدا بەرامبەر هەمان ڕکابەری ئەمشەوی نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا لەدەستدا و بە 2-3 دۆڕابوو.
بارسێلۆنا ماوەی 96 ساڵە، هەر یارییەکی کۆتایی لەسەر یاریگەیەکی شاری سێڤییا  کردبێت نازناوەکەی لەدەستداوە، ئەمشەو دەیەوێت ئەو گرێ مێژووییە بکاتەوە و جارێکی دیکە نازناوەکە لە هەرێمی ئەندەلۆسەوە بگەڕێنێتەوە هەرێمی کەتەلۆنیا، لەکاتێکدا دوایین بردنەوەی لەو شارەدا لە 1925 بووە بەرامبەر یانەی ئاریناس دی جیتکوس بوو بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر.
بارسێلۆنا لە ساڵی 2019ـەوە لە 8 پاڵەوانێتیدا دۆڕاوە، ئەمشەو هیچ بیانوویەک نییە بۆ دۆڕان، چونکە دۆڕان لەم یارییەدا بارسا زیاتر لە وەرزێکی سفری نزیکدەکاتەوە.
هەرچی تایبەتە بە یانەی ئاتلێتیک بیلباو، یانەکە لە ماوەی مانگ و نیوی رابردوودا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، پێکهاتەی گارسیا تورال، دەیانەوێت سیناریۆی جامی سوپەری ئیسپانیا دووبارەبکەنەوە و کۆتایی بەو ئەنجامە خراپانا بهێنێت.
بارسێلۆنا و ئاتلێتیک بیلباو لە ماوەی 13 ساڵی ڕابردوودا ئەمە جاری چوارەمە لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا ڕووبەڕووی یەکدەبنەوە، پێشتر لە هەر سێ یاریی ڕابردوودا بارسا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لە 2009-2008 بە 4-1، لە وەرزی 2011-2012 بە 3-0 و 2014-2015 بە 3-1 لە یانەکەی بردەوە.
ئەو کاتەی هەردوو یانە بۆ یەکەمجار لە یاریی کۆتاییدا ڕووبەڕووی یەکبوونەوە، بارسێلۆنا 24 نازناوی جامی شای ئیسپانیای هەبوو، ئاتلێتیک بیلباو 23 نازناوی هەبوو، لە دوایین 17 نازناوی جامی شادا، بارسێلۆنا 14 نازناوی بردووەتەوە و ئێستا یانەکە بە 30 نازناو خاوەنی زۆرترین نازناوی جامی شای ئیسپانیایە.
بارسێلۆنا 41 یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیای ئەنجامداوە 30 نازناوی بەدەستهێناوە، ئاتلێتیک بیلباو 38 یاریی کۆتایی لە پاڵەوانێتییەکەدا ئەنجامداوە و 23 نازناوی بەدەستهێناوە.

زۆرترین خوێندراو