وته‌بێژی تاڵیبان: نامانه‌وێت دەسەڵات لە ئەفغانستان قۆرخ بکەین

23.07.2021
جەماوەر نیوز
بزووتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، نایانەوێت دەسەڵات لە ئەفغانستان قۆرخ بکەن، لەبەر ئەوەی وەک ئەوان دەڵێن ئەوانەی کە لە رابردوودا ئەو کارەیان کردووە شکستیان هێناوە.
سوهەیل شاهین، وتەبێژی تاڵیبان کە هاوکارت ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری بزووتنەوەکەیە لە گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستان لە دەوحەی قەتەر رایگەیاند "دەمەوێت روونی بکەمەوە کە ئێمە باوەڕمان بە قۆرخکردنی دەسەڵات نییە و هەر حکومەتێكیش لە ئەفغانستان کە لە رابردوودا ویستوویەتی دەسەڵات قۆرخبکات شکستیهێناوە. تاڵیبان نایەوێت ئەو هاوکێشە شکستخواردووە دووبارە بکاتەوە".
سوهەیل شاهین گوتیشی، حکومەتی ئەفغانستان ئاشتی ناوێت، بەڵکو لەلایەک دەیەوێت ئاگربەست هەبێت و لەلایەکی دیکەش دەیەوێت دەسەڵاتەکەی بمێنێتەوە و ئەوەش جێگەی قبووڵکردن نییە. وتەبێژی تاڵیبان دەڵێت، ئەوان دەیانەوێت حکومەتێکی دیکە پێکبهێندرێت و شوێنی ئەم حکومەتەی ئێستا بگرێتەوە. 
حکومەتی ئەفغانستان و بزووتنەوەی تاڵیبان چەند گەڕێکیان لە گفتوگۆی سیاسی لە دەوحەی قەتەر ئەنجامداوە و بە وتەی چەند بەرپرسێکی هەردوولا گفتوگۆکان تاوەکو ئێستا ئەرێنین.

زۆرترین خوێندراو